دەرفەتێك قەت دووبارە نابێتەوە

ده‌رفه‌تێك قه‌ت دووباره‌ نابێته‌وه‌

وه‌رگێڕانی: جه‌عفه‌ر گوانی
دوێنێ ئێواره‌ به‌ شه‌که‌ت و ماندووبوونه‌وه‌ گه‌یشتمه‌وه‌ ماڵه‌وه‌، هاوژینه‌‌که‌م پێیگووتم: ئه‌وه‌ بۆ جلو به‌رگت ناگۆڕی، که‌مێك پشوو بده‌ تا خواردنه‌که‌ ده‌گات. یه‌کسه‌ر چوومه‌ ژووره‌که‌مه‌وه‌و خۆم گۆڕی و له‌سه‌ر قه‌ره‌وێڵه‌که‌م (سریر) درێژ بووم، که‌وتمه‌ خه‌وێکی قووڵه‌وه‌، تا بانگبێژ بانگی نوێژی دا چاوم نه‌کردنه‌وه‌، 
جا له‌ ژووره‌که‌مه‌وه‌ به‌ره‌و چێشتخانه‌که‌ رۆیشتم، ده‌بینم خێزانه‌که‌م ماندوو بووه‌ له‌ ئاماده‌کردنی خواردنه‌که‌، له‌سه‌ر سفره‌که‌ دانیشتم و لێمپرسی: ئه‌مڕۆ چیت بۆ ئاماده‌ کردووین ئه‌ی خۆشه‌ویستی دڵه‌که‌م؟. به‌ڵام وه‌ڵامی نه‌دامه‌وه‌، دووه‌م و سێیه‌م جار پرسیارم کرده‌وه‌ به‌ هه‌مان شێوه‌ وه‌ڵامی نه‌دامه‌وه‌. زیاتر سه‌رسوڕما له‌وه‌ی تووڕه‌ بم، ئاخر‌ له‌ ته‌مه‌نی بیست ساڵی هاوسه‌رگیریمان ئه‌وه‌ یه‌که‌مجاره‌ بانگی دایکی ئه‌حمه‌د بکه‌م و هیچ گرنگیم پێ نه‌دات... ئاوڕێکم دایه‌وه‌ وا ئه‌حمه‌دی کوڕم دێته‌ چێشتخانه‌که‌، داوام لێکرد په‌رداخه‌ ئاوێکم له‌ به‌فرگره‌که‌ بۆ بێنێت، وه‌ڵامه‌که‌ی ئه‌ویش هاوشێوه‌ی وه‌ڵامی دایکی بوو، زیاتر سه‌رم له‌ ئه‌حمه‌د سووڕما، ئاخر ئه‌و گه‌نجه‌ نه‌رم و نیانه‌ی نموونه‌ی ئه‌ده‌ب و ره‌وشتبه‌رزی بوو.
.....
ویستم له‌ چێشتخانه‌که‌ بچمه‌ ده‌ره‌وه‌، ئه‌وه‌ هاوسه‌ره‌که‌م ده‌ڵێته‌ ئه‌حمه‌د: بڕۆ باوکت له‌ خه‌و هه‌ڵستێنه‌ با فراڤینه‌که‌‌ بخوات، ئا لێره‌دا ته‌واو واقم وڕما، یه‌کسه‌ر ئه‌حمه‌د رووی کرده‌ ژووره‌که‌م تا به‌ ئاگام بێنێته‌وه‌،، پڕ به‌ ده‌نگی خۆم هاوارم لێکرد: من لێره‌م، لێ هاوڕی لێ نه‌دامه‌وه‌و به‌ په‌له‌په‌ل رۆیشت و منی له‌و سه‌رسامییه‌ هێشته‌وه‌. 
دوای خوله‌کێك یان زیاتر ئه‌حمه‌د گه‌ڕایه‌وه‌ ترس و بیم روخساری گرتبوو، دایکی پرسی: باوکت له‌ خه‌و هه‌ڵستاند؟ که‌مێك زمانی تێك ئاڵاو گووتی: چەند جارو که‌ڕه‌تێك ویستم به‌ ئاگای بێنمه‌وه‌ به‌ڵام وه‌ڵامی نه‌بوو!. له‌وه‌ پتر سه‌رم سووڕما، ئه‌وه‌ کوڕه‌که‌م چی ده‌ڵێت!!. جا هاوژینه‌که‌م به‌ په‌په‌ل چووه‌ ژووره‌که‌و منداڵه‌کانی به‌ ترسه‌وه‌ به‌دواوه‌ بوون، که‌وتمه‌ دوویان ده‌بینم وا هه‌وڵ ده‌دات پیاوێکی تر له‌سه‌ر سه‌ریره‌که‌م به‌ ئاگا بێنێته‌وه‌، که‌ ته‌واو وه‌کو منه‌و، هه‌مان جلوبه‌رگی له‌به‌ره‌و، به‌ هه‌مان شێوازی من خه‌وتووه‌. ئینجا که‌ له‌ به‌خه‌به‌رهێنانه‌وه‌ی بێ ئومێد بوو، چاوه‌کانی ده‌ستیان به‌ فرمێسك رشتن کرد، منداڵه‌کانیشم ده‌ستیان کرده‌ شین و گرین، بانگی ئه‌و پیاوه‌یان ده‌کرد که‌ له‌سه‌ر جێگاکه‌م نووستووه‌و خۆیان به‌ جلو به‌رگییه‌وه‌ گرتبوو به‌ ئومێدی ئه‌وه‌ی وه‌ڵام بداته‌وه‌، منیش بڕوام به‌و ره‌وشه‌ نه‌ده‌کرد که‌ له‌ ده‌ورم روو ده‌دات.
(ئای خودایه‌... ئه‌وه‌ چییه‌ روو ده‌دات؟!، کێیه‌ ئه‌و پیاوه‌ی کۆپی منه‌؟!، بۆ که‌س گوێی لێم نییه‌؟!، بۆ که‌س نامبینێت؟)!.
...
ئه‌حمه‌د که‌مێك دوای ئه‌وه‌ی به‌خێرایی رۆییشت، گه‌ڕایه‌وه‌ دایك و باوك و خوشک و برایه‌کانی منی له‌گه‌ڵ دابوون و، هه‌مووان له‌ پڕمه‌ی گریاینیان دا،، دایکم ده‌ستی خستبووه‌ گه‌ردنی ئه‌و پیاوه‌ی له‌ شوێنی من بوو، به‌ کوڵ بۆی ده‌گریا، جا چوومه‌ لای، ده‌مه‌ویست ده‌ستی بگرم و قسه‌ی له‌گه‌ڵدا بکه‌م و تێی بگه‌یه‌نم که‌ من هێشتا له‌ رۆخ ئه‌وم، به‌ڵام بۆم نه‌کرا ئه‌و کاره‌ بکه‌م که‌ حه‌زم ده‌کرد، رووم وه‌رگێڕایه‌ لای باوکم تا له‌ باوه‌شی بگرم، هاوسه‌رو خوشک و براکانم تا ده‌نگی خۆمیان پێ بگه‌یه‌نم، به‌ڵام که‌لکی نه‌بوو.
...
براکانم رۆیشتن تا ته‌رمه‌که‌م ئاماده‌ بکه‌ن، باوکم به‌سه‌ر کورسییه‌که‌وه‌ که‌وته‌ کڵپه‌ی گرین، منیش ته‌واو بێ هۆش و تاقه‌ت بووم له‌ ترسی ئه‌و کابووسه‌ جاڕسکه‌ره‌ی هه‌وڵم ده‌دا لێی به‌خه‌به‌ر بێمه‌وه‌.
...
مردیشۆره‌که‌ هات و به‌ هاریکاری کوڕه‌کانم ده‌ستی کرد به‌ شووشتنی ئه‌و لاشه‌یه‌ی که‌وتبووه‌ سه‌ر پێخه‌فه‌که‌م، به‌ کفنێك پێچایه‌وه‌و خستییه‌ ناو داره‌بازەکە.
ئیدی هاوڕێیان و خۆشه‌ویستان روویان کرده‌ ماڵه‌که‌مان و، هه‌مووان ده‌ستییان ده‌خسته‌ باوه‌شی باوکه‌ رووخاوه‌که‌مه‌وه‌و سه‌ره‌خۆشیان له‌ خوشک و براو منداڵه‌کانم ده‌کردو، بۆ من دوعای میهره‌بانی و، بۆ خانه‌واده‌که‌شم صه‌برو ئارامیان ده‌خواست.
...
پاش ئه‌وه‌ داره‌بازه‌که‌یان به‌ره‌و مزگه‌وت هه‌ڵگرت تا نوێژی له‌سه‌ر بکه‌ن، ئیدی جگه‌ له‌ ئافره‌ته‌کان که‌س له‌ ماڵه‌وه‌ نه‌مان، ئینجا به‌ خێراییه‌وه‌ بە دوای داره‌بازه‌که‌ رۆیشتم که‌ به‌ره‌و مزگه‌وتییان ده‌برد، له‌وێ دراوسێ و هاوڕێ و براده‌ران کۆببوونه‌وه‌و له‌ دوای ئیمامی مزگه‌وته‌وه‌ ریزیان به‌ستبوو تا نوێژم له‌سه‌ر بکه‌ن.
ئا له‌ ناو ئه‌م قه‌ڵه‌باڵغییه‌ زۆره‌دا ده‌بینم به‌ ئاسانی ده‌توانم ریزه‌کان بببڕم به‌بێ ئه‌وه‌ی ده‌ست له‌ هیچ که‌سێك بده‌م، ئیمامه‌که‌ (الله أکبر)ی یه‌که‌می نوێژی لێدا، منیش له‌ ناویانه‌وه‌ هاوار ده‌که‌م: (هۆ خزم و جیرانه‌کانم ئه‌وه‌ نوێژ له‌سه‌ر‌ کێ ده‌که‌ن، من له‌گه‌ڵ ئێوه‌دام به‌ڵام هه‌ستم پێ ناکه‌ن، بانگتان ده‌که‌م به‌ڵام گوێتان لێم نییه‌، له‌ نێوتانم لێ نامبینن؟)!.
جا که‌ لێیان بێ ئومێد بووم، وازم لێ هێنان نوێژه‌که‌یان بکه‌ن، رووم کرده‌ سندووقه‌که‌و، په‌رده‌که‌ی سه‌ریم لابرد ته‌ماشای خه‌وتووه‌که‌ی ناویم کرد، هه‌رکه‌ سه‌ریم کرده‌وه‌ یه‌کسه‌ر چاوه‌کانی کردنه‌وه‌و ته‌ماشایه‌کی منی کردو گووتی: ئێستا نۆره‌ی من کۆتایی هات، من ده‌چمه‌وه‌ فه‌نا به‌ڵام تۆ ده‌مێنیته‌وه‌، دوای ئه‌وه‌ گووتی: زیاتر له‌ چل ساڵه‌ له‌گه‌ڵ تۆدام، ئێستاش چارەنوو‌سی من بۆ خاكه‌و چارەنووسی تۆش بۆ حیساب و لێپێچینه‌وه‌یه‌، هیچ هه‌ستێکم به‌ خۆم نه‌کرد، ده‌بینم له‌ ناو داره‌بازه‌که‌ که‌وتوومه‌و، ده‌سه‌ڵاتم به‌سه‌ر هیچ شتێکه‌وه‌ نه‌ماوه‌، ئه‌ندامه‌کانم به‌پیر داواکانم نه‌ده‌هاتن، هیچم نه‌ده‌بینی، توانای جوڵه‌م نه‌بوو، هه‌وڵم ده‌دا قسه‌ بکه‌م نه‌م ده‌توانی، ته‌نها ئه‌وه‌نده‌یه‌ گوێم له‌ ته‌کبیره‌کانی ئیمامه‌که‌یه‌، پاشان مینگه‌ مینگی ئه‌وانه‌ی لاشه‌که‌یان ئه‌سپارده‌ ده‌کرد، دواتر ده‌نگی ئه‌و خۆڵه‌ی ده‌ڕژایه‌ سه‌رم، دواتریش بیستم ده‌نگی نه‌عله‌کان هێدی هێدی وه‌دوور ده‌که‌ونه‌وه‌، ئه‌و کاتی زانیم ئه‌وه‌ کۆتاییه‌، له‌وانه‌یه‌ سه‌ره‌تا بێت، سه‌ره‌تای کۆتاییه‌که‌ بێت، ئا به‌م شێوه‌یه‌و به‌و هه‌موو ساده‌یی و به‌بێ هیچ پێشه‌کییه‌ك، (هێشتا زۆر مه‌وعیدم مابوون، هێشتا کاری زۆرم ماوه‌، هێشتا قه‌رزی زۆرم له‌سه‌رن نه‌مداونه‌ته‌وه‌و که‌سیشم بۆ دانه‌وه‌یان رانه‌سپاردووه‌)، کوا‌ نه‌قاله‌که‌م له‌ کوێیه‌؟ده‌مه‌وێت که‌سانێك راسپێرم بۆ کاری چاکه‌ که‌ هه‌میشه‌ دوام خستوونه‌، گه‌ره‌کمه‌ نا له‌ خراپه‌یه‌ك بکه‌م که‌ هه‌میشه‌ داته‌ به‌رچاوم، 
هێدی هێدی خه‌ریك بوو ده‌خنکام، پاشان گوێم له‌ ده‌نگی چه‌ند پێیه‌ك بوو به‌ره‌و رووم ده‌هاتن، ئه‌ی هاوار به‌ حاڵم ئه‌وه‌ حیساب و لێپێچینه‌وه‌ ده‌ستپێده‌کات، ئه‌وه‌ هه‌وه‌ که‌ له‌ دونیا پێیان ده‌گووتم، له‌وانه‌یه‌ ئه‌وه‌ ده‌نگی پێیه‌کانی مونکه‌رو نه‌کیر دوو فریشته‌ی ناو گۆڕ بێت به‌ره‌و لامه‌وه‌ دێن، ئیدی به‌ ته‌نها له‌ ناو گۆڕه‌که‌م هاوارم ده‌کرد: (خوایه‌ بمگێڕه‌وه‌، خوایه‌ بمگێڕه‌وه‌، خوایه‌ بمگێڕه‌وه‌، به‌ ئومێدی ئه‌وه‌ی کاری چاكه‌ بکه‌م له‌وه‌ی به‌جێم هێشتووه!!). لێ هیچ ده‌نگو سه‌دایه‌ك بۆ تکاو پاڕانه‌وه‌کانم نییه، ته‌نها ئه‌وه‌ نه‌بێت ده‌ڵێن: (نه‌خێر، نه‌خێر، نه‌خێر). 
ئیدی هه‌ر به‌م شێوه‌یه‌ بووم تا ده‌نگێکی هێمن هاته‌ بنگوێمو چریکاندی: (باوکه‌، باوکه‌، فراوین ئاماده‌یه‌ باوکه)‌، جا چاوه‌کانم کردنه‌وه‌ ده‌بینم کچه‌ بچکۆڵه‌که‌م، جه‌رگی بابه‌ی، (نوور) وه‌ك هه‌میشه‌ به‌ روومدا پێ ده‌که‌نێت و ده‌ڵێت: (ده‌ی بابه‌ ماچێك خۆ خواردن سارد نابێته‌وه‌).به‌ گه‌رمییه‌وه‌ له‌ باوه‌شم گرت و ناوچه‌وانم ماچ کرد، پاشان لێی گه‌ڕام بڕوات، ئینجا ماوه‌یه‌ك له‌سه‌ر جێگاکه‌م دانیشتم، هه‌ستم به‌ ماندووبوونێکی گران ده‌کرد، ئه‌ندامه‌کانی لاشه‌م ده‌له‌رزین، ئاره‌ق له‌ لاشه‌م ده‌چۆڕا، رووم کرده‌ نه‌فسه‌‌که‌م و گووتم: (ئه‌ی نه‌فسه‌که‌م وا گه‌ڕایه‌وه‌، بۆم ده‌رخه‌ ئاخۆ کامه‌ چاکه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌یت پێش ئه‌وه‌ی رۆژێك بێته‌ پێشت داوای گه‌ڕانه‌وه‌ ده‌که‌یت به‌ڵام رێگه‌ت پێنادرێت، په‌له‌ بکه‌ له‌ چاکه‌و کرده‌وه‌ی باش، هیچ که‌سێك نازانێت که‌ی ده‌مرێت و له‌ کوێ ده‌مرێت).