تەرحێک بۆ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، بە کەڵک وەرگرتن لە مۆدێلی حکومەتیی نەرویج

بە ناوی خالیقی گەل و هۆزان

نامەی کراوە بۆ:
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان
پارلەمانی کوردستان – عێڕاق
ئەحزابی سیاسی و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان

صلاح الدین وهاب پور
salahv@gmail.com
١ ی سیپتامبری ٢٠١٥

 

تەرحێک بۆ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، بە کەڵک وەرگرتن لە مۆدێلی حکومەتیی نەرویج

 

لە دوای نیقاشێکی چەند مانگەی ئەحزاب لە سەر مەسەلەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، بەم جۆرە پێشنیاری خۆم بۆ دەرچوون لەو قەیرانە دەخەمە بەر ڕای گشتیی خەڵک و لایەنە سیاسی‌یەکان.


ئەمڕۆ دوای مێژوویەک حەولدان بۆ سەربەخۆیی و چارەگە سەدەیەک مومارەسەی دێموکراتی لە هەرێمی کوردستان دا، ئەو بەشە بۆتە ساحێبی دامەزراوەی بەرینی دەستەڵاتداریی وەک پارلەمان، سەرۆکایەتیی هەرێم، کابینەی وەزیران، هێزی چەکدار و گەلێک ئەنستیتۆ و بنیاتی دیکەی نەتەوەیی. پلۆڕالیسم گەشەی کردووە، تەعەددودی حیزبی، دینی، قەومی و کلتووری حورمەتی لێ گیراوە و ئەوە بۆتە فەخری حکومەتی هەرێم لە عالەم دا. شەڕی نێوخۆیی جاران جێی خۆی داوە بە شەکانەوەی ئاڵای ڕەنگاوڕەنگی ئەحزاب کە لە ئینتیخاباتەکان دا بەشداریی دەکەن و دەورە لە دوای دەورە دەبنە بەشێک لە هیرەمی دەستەڵات یان وەک ئۆپۆزیسیۆن دەبنە بەشێک لە سیستەمی سیاسی. کورد لە عەرزی خۆی نەفتی هەڵدێنجێ، سەودا لە گەڵ دەوڵەتان دەکا و ئەو بەرەکەتە کوردستانی پێ غەنی بووە.


ئەوەی لەو نێوە دا گرینگیی پێ نەدراوە، لایەنی سوبات و ئیستیقرارە. دەوام و دەزگای بیرۆکراتی کە بتوانێ وەک ستوون فەقەراتی حکوومەت لە سۆنگەی ئینتیقالی حوکم دا بە بێلایەنی بمێنێتەوە لە دایک نەبووە یان زۆر لاوازە. ئامرازەکانی حوکمداری لە گەڵ حیزب دێ و لە گەڵ حیزب دەڕوا. بۆیە بە لاچوونی حیزبێک لە دەستەڵات بۆشایی لە کاروبار دا دروست دەبێ. ئەو نوقسانی‌یە دەبێتە سەبەبی تێکچوونی ئیستیقرار و خەتەری ئەوەی هەیە حکومەت یان خاکی وڵات بە قازانجی هەیمەنەی حیزبەکان لەت بکا.


لە شۆڕشەکانی پیشوو دا کەسایەتی‌یە کاریزماتیکەکان سوباتیان تا ڕادەیەک ڕادەگرت. پیاوانی خاوەن نفووزی ڕووحی، شێخێکی مەزن یان مەلایەکی موحتەڕەم لە گەڵ ئیدارەی جووڵانەوە یان دامەزراندنی حکومەتی پادشایی یان جمهوری لە کوردستان دا، وەک شەخسی خۆشیان ئوتوریتەیەکی مەعنەوی‌یان لە کۆمەڵ دا هەبوو کە دەستەبەری دەوام و بەقای وەزعەکەی دەکرد.


لە گەڵ سەرهەڵدانی جیلێکی دیکە لە کلتوور و سەقافەت، بە تەئسیر وەرگرتن لە بیری کۆمۆنیستیی سەردەم، نەتەوە و بیری نەتەوایەتی لە ئەولەوییەت دا نەما. سیققە و متمانە و ئینتیما بۆ ڕێبەر نەما، گیان فیدایی بۆ ڕێبەری نەتەوە جێی خۆی دا بە بیری ئینقیلاب و ژێر و ژوور کردنی هەرچی هەبووە و هەیە. سوبات جێی خۆی دا بە دوودڵی و فەلسەفەی هەموو شتێک بوو بە نیسبی و ڕێژەیی. ڕێبەرایەتیی کوردان بوو بە دوو قوتب، نەتەوەش بەسەر ئەو قوتبانە دا دابەش بوو.


ئەمڕۆ دوای دەورەیەکی درەوشاوە لە تەجرەبە کردنی یەک ئیدارەیی، لە پێوەندیی لە گەڵ ئینتیقالی قودڕەت دا، ئەحزاب کەوتوونەتە نیقاشێکی قووڵی نەزەری و سیاسی. ئەسلی ئەو سەفینەیە کە هەموو سواری بوون و تێیدا دانیشتوون لە بیر نەماوە کە لە مەترسیی غەرق بوون دایە. سوبات لە بەرامبەر گۆڕان دا لە ململانێ دایە. گۆڕان بە نیەتی ئیسڵاح مایەی حەیاتی حکومەتە، ئەمما ترسی ئەوە هەیە گۆڕانکاری خۆی ببێتە ئامانج و بە پشت بەستن بە ئایدیۆلۆجی‌یە مارکسی‌یەکەی زوو، بە بەرزکردنەوەی دروشمی نان ومەعیشەت بینای وەزعی مەوجوود هەڵتەکێنێ. پەرۆشیی ئەوە هەیە لە ژێر ناوی دەستاودەستکردنی دیموکراتیانەی دەستەڵات دا ستراتیژیی بینای نەتەوە ئیهمال بکرێ و یەکدەنگی‌یەکە لە خەڵک بزر بێ.


لە نەبوونی بنەمایەک بۆ یەکبوون دا، ئەوەی ناویان ناوە گەمەی دێموکڕاتی مۆتەکەی شەڕی داخیلی و دووبەرەکیی ئیداری و لەوەش خرابتر پچڕ پچڕ کرانی خاکی وڵات دێنێتە بەر چاوی هاووڵاتیان. حەولی دامەزراندنی وڵاتێکی جودا بۆ یەزیدی‌یەکان لە ساڵی ئەمساڵ دا و وەدەنگ نەهاتنی ئەحزاب ئەوەی بە ڕوونی دەردەخا. دیارە مەسئولانی ناوچەکە بە وەختی خۆی ئەو خوتتەیەیان پووچەڵ کردەوە.


ئەوەی وەزعەکەی ئاڵۆزتر دەکا پارامێتری نفووزی دەوڵەتانی ئیقلیمی‌یە کە ناوچەکەیان بە کوردستانیشەوە بەسەر بەرەی دژ بە یەک دا دابەش کردووە. ئەحزابی خۆماڵی بە دڵخواز یان بە ناچار بۆ لای هەر کام لەو بەرانە ڕادەکێشرێن، کە ئەوە تائسیر دەخاتە سەر هارمۆنیی سیاسەتی کوردی.


لە سیستەمی حیزبایەتیی ئێستا دا چەند لایەنێک لە ململانەی دایم دژ بە یەکتر دان. تەبیعی‌یە ئەوانە مەنعی کۆبوونەوەی دەستەڵات لە دەستی یەکتری دا دەکەن حەتتا ئەگەر بە تێکچوونی ئیستیقراریش تەواو بێ. لە سیستەمی ئەمڕۆ دا سەرۆکی هەرێم نوێنەری یەک لە حیزبەکانە. ڕەنگە بۆ وەزعی تایبەتیی هەرێم ئەوە ئیشکالێک بێ لە سیستەم دا، چونکە ئەحزابی بەرامبەر هان دەدا بۆ لاواز کردنی دەستەڵاتەکانی. سەرۆک چەندی دەستکەوتیش بۆ گەل وەدەست بێنێ ئەحزابی دیکە ئەو دەستکەوتانە بە زەرەری پێگەی خۆیان لێکدەدەنەوە و چەند تووشی نەکسە و شکان بێ بە سوودی پێگەکەیانی دەبینن و بۆ دەنگ هێنانەوە لە هەڵبژاردنی دواڕۆژ دا کەڵکی لێ وەردەگرن. حیزبەکان زۆر جاران بانێک و دوو هەوان، لە پێوەندیی لە گەڵ باکوور و ڕۆژاوای کوردستان دا تەئیدی سەرۆکایەتی و هێژمونی تاقە حیزبی دەکەن و لە هەرێم دا دژی سیستەمی سەرۆکایەتی دەوەستنەوە حەتتا ئەگەر وەزع پێی تێک چێ. هەمان سیستەمیان بۆ دەوام و بەقای نێو حیزبەکەی خۆیان پێ چاکە، ئەمما لە غەمی دەوام و بەقای هەرێمەکە دا نین کە پێویستیی بە سوباتێکی نیسبی هەیە و سەرۆکێکی دەوێ ماوەی کافیی لە بەردەست بێ بۆ ستراتیجیی نیشتمانی.


ئایا بۆ دەرچوون لەو ئەزمەیە:
– دەکرێ ئەجەلێک دیاری بکرێ کە لەو ماوەیە دا قەوارەی حکوومەتیی غەیرە حیزبی کامل بکرێ بە جۆرێک کە ئیدارەکان تێکەڵ کاتەوە؟
– ئەگەر ئەوە ناکرێ، ڕێگا دەدرێ ڕێبەرێکی خاوەن نفووزی دینی وەک ئەوانەی سەدەی ڕابردوو تەولی سیاسەت بن و ببنە چەترێک بۆ هەمووان؟
– ئێستا کە ڕێبەرایەتیی کاریزماتیکی مەعنەوی مۆدی نەماوە و ئینزاری پێ دەکەن تخوونی سیاسەت نەکەوێ، ئایا سیستەمی تاقە حیزبی لە باشوور باوی هەیە هەتا سانترالیزمێکی بە قەوەت فەڕز بکا و پێش بە لەت بوونی خاک بگرێ؟
– ئێستا کە ئەو دەرگایانە قەپاتن، ئایا لە مەیدانی مونافەسەی ئەو چەند حیزبە گەورەیە دا ئاسۆی یەکێتی نەتەوەیی بەدی دەکرێ؟


بە هەبوونی ڕووحیاتی دووبەرەکی و قینەوە، زاڵبوونی حیزبایەتی ڕێگە نادا لە هەرێم دا قەوارەی سەربەخۆی بیرۆکراتی دابمەزرێندرێ و لەشکری نەتەوەیی ڕێک بخرێ. لە لایەکی دیکەوە پیاوانی کاریزماتیکی ڕووحییش نەماون هەتا ببنە مەرکەزێک بۆ یەکبوونی نەتەوە. نە ئوتووریتەیەکی عەقڵانیی مۆدێرن وەک ئەوەی ماکس وێبێر ئیشارەی پێ دەکا و نە مەرجەعێکی مەعنەوی وەک ئەوەی لە ئەدیان دا دەیانبینین (شێخ محمود، قاضی محمد، مەلا مصطفی) دە فریای ئەو بێ‌سوباتی‌یە دێن. ئاشکرایە کەسیش مل بە سیستەمی تاقە حیزبی نادا، لانی کەم لە تیۆری دا.

 

بە سەرنج دان بەو حالەتە شازە، وا باشە سەبارەت بە قایم کردنی بناغەکانی دەوڵەت بیر لە مۆدێلێکی نوێ لە سیستەمی حوکمڕانی بکرێتەوە. مۆدێلێک بدۆزریتەوە کە هەم نفووزی مەعنەوی لە دڵی خەڵک دا ببێ، هەم ئوتوریتەی مۆدێرنی عەقڵانی بە هێز بکا، هەم ضامنی ناوەندیەتی بێ و ئاسۆی یەکپارچەیی خاک و یەکێتی نەتەوەیی ڕوون بکاتەوە، هەم تەعەددودی حیزبی و دێموکڕاسی گەشە پێ بدا.


کەڵک وەرگرتن لە تەجرەبەی ژیان لە وڵاتی دێموکڕاتیی نەرویج و دیراسەی سیستەمی سیاسیی ئەو وڵاتە، نووسەری ئەم دێڕانە دێنێتە سەر ئەو قەناعەتە ئەم ئیدەیە بۆ تەکبیر و ڕای گشتی بهێنێتە گۆڕێ:
دامەزراندنی سیستەمی پارلەمانیی مەلیکی بە شێوەی نەرویج لەو بەشە لە کوردستان دا


لە کوردستان مەقامێک پێویستە کە لە کێشە کێشی حیزبان دا یەکپارچەیی خاک و سوباتی نیزام ڕابگرێ. ئەو دامەزراوەیە مەفڕووزە لە قانوونی ئەساسی دا جێی بۆ داندرێ و بە جۆرێک بێ کە لە بەر هەڕەشەی ڕووخاندن و گۆڕین دا نەبێ. دەبێ فەلسەفەی تۆماس هابز، دامەزرێنەری بیری لیبڕاڵی ئەوروپیی سەدەی حەڤدە، تاقی کەینەوە کە دەڵێ هاووڵاتییان لە ضیمنی عەقدێکی کۆمەڵایەتی دا، لە تاو کارەساتێک کە ئەو ناوی دەنێ "شەڕی هەمووان دژی هەمووان"، پەنا بۆ دانانی مەلیکێک دەبەن یەعنی کەسێک دادەنێن کە لە سێبەری دا ئینسانەکان یەکسان بن، بحەسێنەوە و لێک دڵنیا بن.


مەلیک لە چوارچێوەی ژیانی دێموکڕاتی و پارلەمانی دا دەتوانێ ڕۆڵێکی گرینگ لە ئیستیقراری نەتەوە دا ببینێ و سوودی گەورەی بۆ کۆمەڵ هەبێ. هەروەها مەلیک لە وڵاتی پڕ ئاژاوە دا بۆ ڕاگرتنی مەرکەزییەت پاڵپشتێکی ئەمینە.


با بۆ کامل کردنی بینای نەتەوە لە مۆدێلی سیاسیی نەرویج کەڵک وەرگرین. لە وڵاتێکی وەک نەرویج دا وەختێک نەتەوە دەکەوێتە حاڵەتی قەیران و هەڵدێرەوە، مەلیک لە گەڵ ئەوە دا کە مەقامی تەشریفاتیی هەیە دەتوانێ دەست بە کار بێ، حوکمی یەکلاکەرەوە بدا و وڵات لە هەڵدێر نەجات بدا، بۆ وێنە لە قەیرانی پێک نەهاتن دا حکومەت دابنێ. دیارە تەشریفاتی بوونی مەقامی مەلیک لەو وڵاتە دا ڕەمزێک بۆ بێ دەستەڵات بوونی نیە و دەستەڵاتی پادشاش بە واتای پاشە کشە بە پڕۆسەی دێموکڕاتی نیە.


لە دێموکڕاتیی نەرویج دا، مەقامی مەلیک پێشی بە هیچکام لەو دەستکەوتە بە نرخانەی وەک یەکسانیی تاکەکان، سەروەریی یاسا، و سەرچاوە بوونی گەل بۆ دەستەڵات نەگرتووە. نوێنەرانی خەڵک لە دانان و ئیسڵاحی قانوون دا هەر دەم دەستیان ئاوەڵەیە. سیستەمی ئەمڕۆ نەتیجەی گەشەکردنێکی مێژوویی‌یە کە لە ١٨١٤ بە دانانی قانوونی ئەساسی‌ لە سەر بناغەی سەروەریی خەڵک، لە دانیمارک جودا بوونەتەوە، مەلیکیان هەڵبژاردووە و پارلەمان کراوەتە مەرکەزی دانانی قانوون. عەجایب ئەوەیە کە نەرویجی‌یەکان لە وڵاتی دانیمارک ڕا کەسێکیان هێناوە و کردوویانەتە پادشای خۆیان.

 

لێرە دا ئیشارە بە چەند ئەرکێکی مەلیک لە وڵاتی نەرویج دەکەم:
- لە نیزامی مەلیکی دا ڕۆڵی مەلیک بۆ بەرزکردنەوەی هۆڤیەتی نەتەوە زۆر گرینگە. لە نەرویج مەلیک نوێنەرایەتیی وڵاتەکەی دەکا لە سەردانی وڵاتان و وەرگرتنی میوانی هەندەران. هەموو سەفیری وڵاتان کە دێن بۆ نوێنەرایەتی کردنی وڵاتەکەیان لە لایەن مەلیکەوە لە مەراسیمێکی تایبەتی دا وەردەگیرێن.
- مەلیک ڕۆڵێکی گرینگی هەیە لە ئاڵو گۆڕی هەیئەتی ماوەبەسەرچووی وەزیران بۆ هاتنە سەر کاری کابینەی تازە.
- بە گوێرەی قانوونی ئەساسی سەری هەر پاییزەی لە ساڵێ دا، مەلیک لە مەراسیمێکی تایبەتی دا پارلەمان دەکاتەوە.
- هەموو ڕۆژانی جومعە سەعات ١١ مەلیک لە قاعەی وەزیران لە کۆشکی خۆی کۆبوونەوە لە گەڵ دەستەی وەزیران دەکا.
- مەلیک گەورەترین شەخسی فەرماندەی وڵاتە. ئەو دەرەجەی جێنێڕاڵی لە جەیش دا و لە دیفاعی جەووی دا هەیە و دەرەجەی ئادمیڕاڵ ی لە دیفاعی بەحری دا هەیە.
- سەرۆکایەتیی کلیسای پرۆتێستانیی نەرویج لە ئەستۆی مەلیک بووە، لە ٢٠١٢ دا قانوونی ئەساسیی وڵات لە پارلەمان دەستی تێوەردرا و ئەو ئەرکە وەلاچوو.
- لە ئیشەکەی دا لە کۆشکی خۆی، مەلیک ڕۆژانە گەلێک دانیشتن و گوێ لێ ڕاگرتن بۆ سەرەک وەزیران ونوێنەرانی لەشکر و وەزیری دەرەوە دەکا و لە سەفەر بۆ گۆشە و کەناری وڵات دا گەلێک ئینستیتۆی ڕەسمی و ئەهلی بە سەر دەکاتەوە، مەدالیای تەشجیع ئەو دەیبەخشێتەوە و زۆر شتی دیکە لە ئەستۆی مەلیکی وڵاتە ( زانیاری لەسەر ئەو ئەرکانە لە ماڵپەڕی کۆشکی مەلیکیی نەرویج وەرگیراون).
لە گەڵ ئەوانەش دا ئەمڕۆ دەستەڵاتی تەنفیزی لە دەست دەوڵەت بە مانای کابینەی وەزیران دایە. هەیئەتی وەزیران بە کردەوە بڕیاران دەدا، مەلیکیش بە شێوەی فەرمی و تەشریفاتی لە گەڵ هەیئەتەکەیە. ئەوە هەیئەتی دەوڵەتە کە بەرپرسیارە لە ئاخرەوە.

 

ڕۆڵی بارزانی
ئەوەی سەرۆک بارزانی لە ئەم ساڵ و ساڵی پار دا بۆ فەرماندەیی هێزەکان لە بەرامبەر دوژمن دا کردوویەتی، ئەوەی وەک نوێنەرایەتیی نەتەوەیەک بە پاراستنی هۆڤیەت و پێناسەی کوردانەوە بە دنیای نیشان داوە، ئەوەی لە گەڵ بەرپرسانی وڵات هەستاوە و دانیشتووە و ڕای لێ وەرگرتوون و کۆ بۆتەوە، ئەوەندەی لە ئاجیندای سەربەخۆیی دا کاری کردووە، ناڕەوایە ئەگەر هەموو ئیشەکانی ناوبراو بهێندرێتەوە سەر کەمبوونی ئاو و کارەبا و معاش. ڕۆڵی سیمبۆلیکی مسعود بارزانی نابێ لە پێناو دروشمی ژیانی ڕۆژانە و معاش و شتی وا دا دابەزێندرێ. دەبێ لێگەڕێن با ئەو سەرۆکە کاری خۆی تەواو بکا. وەک بەڕێز حسین یەزدانپەنا گوتی: لێگەڕێن با بارزانی رەسالەتی مێژوویی خۆی تەواو بکا (حسین یەزدانپەنا، ٢٠١٥، فەیس بووک). شوغڵی ئیدارە و گوزەرانی ژیان با بسپێردرێ بە دەستەی وەزیران کە لە هەر دەورەیە دا هەڵدەبژێردرێ جا لە هەرحیزبێکەوە بێ، با بارزانی لەو کاتەی مێژوو دا کارە گەورەکە ڕاپەڕێنێ. با ئەو ڕۆڵی سیمبۆلی نەتەوە ببینێ و لە ئیشی بینای دەوڵەتی سەربەخۆ دابێ. بەڵکوو بکرێ ئەرکان و کۆڵەکەکانی سەربەخۆی حکوومەتی بە بێ بەستراوەیی بە ئەحزاب دابندرێن، هێزی چەکداری حکومەتیی غەیرە حیزبی و دەزگای بیرۆکراتیی نیشتمانی بینا بکرێن. هەتا ئەحزاب لە پچڕ پچڕی دەستەڵات و ئیمتیازات دابن، بینای نیشتیمانی تەواو نابێ و گەندەڵی مەجالی پەرەگرتنی دەبێ. مەرجەعێک بتوانێ ئەو کارانە لەو زرووفە دا بۆ مێژوو بکا، وا باشە لە کێشەی بەینی ئەحزاب دا بێلایەن بێ.


رێفراندۆم
میکانیسمێکی چەتوون بۆ دانانی مەلیک ئەوەیە کە لە نێو خەڵک دا سەرۆک هەڵبژێردرێ. هەر کەس بۆ سەرۆک هەڵبژێردرا، ئەو تاقە شەخسە بخرێتە بەر رێفراندۆمی مەلیکی.
میکانیسمێکی سادە ئەوەیە کە بە بێ بڕینی قۆناغی هەڵبژاردنی سەرۆک، ئەگەر لایەنەکان تەوافوق بکەن وا باشە کەسێک بۆ مەقامی مەلیکی کوردستان دیاری بکەن و لە خەڵک بپرسرێ ئایا ڕاضی دەبن ئەو کەسە ببێتە مەلیک؟ پرسیاری ریفراندۆم ئەوە بێ :
ئایا پێت باشە ............... ببێتە مەلیکی کوردستان؟
بەڵێ
نەخێر

 

لە میکانیسمە سادەکە دا لە گەڵ یەکلاکردنەوەی پرسی سەرۆکایەتی و زیادتر بوونی دەنگی " بەڵێ" بە شەرتێک تەرحی سوئال بەو شێوەیەی سەرەوە بێ، ئیستیقلالی کوردستان هەر ئەو ڕۆژە ڕاگەیێندراوە و بۆتە ئەمری واقیع. وڵاتێکی مەلیکی بەم جۆرە لە دایک بووە و بۆ ئیعلانی سەربەخۆ بوون ریفراندۆمی دیکە لازم نابێ. ئەو هەنگاوە هەمووی لە ڕۆژێک دا هەڵدەگیرێ بە سەرفی هەمان بودجە و ئیمکانات و وەخت و تاقەت.


لە سێبەری مەلیک دا کۆتایی بە هەیمەنەی حیزب دێ و دەوڵەت سەروەریی خۆی وەدەست دێنێ. مەسرەفی کۆشکی مەلیک سادەترە لەو مەسرەفەی کە بۆ دەستە و دایرەی حیزبەکان لە کوردستان دەکرێ. مەسەلەی مالیە و پارە شەففاف‌تر دەبێ. پارلەمان چاکتر وەزیران بانگ دەکا بۆ لێپرسینەوە و سەحبی سیققە یان دانی متمانە.


یەکپارچەیی لە قەوارەی حکوومەت دا، لە دەزگای بیرۆکراتی، لە هێزی چەکدار و لە بناغەکانی دەوڵەتی نەتەوەیی دا لە ژێر ئەمری مەلیکێک کە سەر بە چ لانێک نەبێ، هاسان و خێرا پێک دەهێندرێ.


لە گەڵ ڕێفۆرمی سیستەمی حکوومەتی لە سەرۆکایەتی ڕا بۆ مەلیکی، ئەحزاب مەیدانێکی فرەوانتریان بۆ گەمەی دێموکڕاسی وەگیر دەکەوێ، هەر پێنج حیزبەکەی کە ئێستا لە حکومەت دان و باقی لایەنەکان، دەبنە خاوەنی زەمینەیەکی یەکسان بۆ ڕقەبەریی دێموکڕاتیک. هەموو حیزبەکان پێکەوە و بە قەدەر یەک لە پادشای وڵات نزیک دەبن. بۆ هاووڵاتیش ئەوە ڕاستە، بە پێچەوانەی سیستەمی ئەمڕۆ کە سەرۆکی وڵات لە ئەندامی حیزبەکەی خۆی نزیکترە تا لە ئی ئۆپۆزیسیۆن، هەموو کەس بەقەد یەک خۆی پێ نزیک دەبێ لە گەورەی وڵات. ئەوە یەک ڕووحی و یەکدڵی پێک دێنێ و ئینتیما بۆ نیشتمان زیاد دەکا.

 

صلاح‌الدین وهاب‌پور
تەلەبەی دوکتورا (د. پ. ە) لە زانستی سیاسی، بابەتی لێکۆڵینەوە: دەوڵەت و نەتەوە لە کوردستان
ماجستەر لە زانستی سیاسی، خاونی ریسالە لە سەر پێوەندیی کەنیسە و حکومەت لە نەرویج