ئەو کاتەی رێکەوت دەبێتە گێلی و نەفامی

جەعفەر گوانی

رێکەوت بریتییە لە (حەرەکەو جووڵەیەکی بێ ئامانج)، کەواتە ئەگەر جوڵەکەیەك چەند جارێك بە یەك شێوە دووبارە بوویەوە ئەوە رێکەوت نییە، بەڵکو ئەوە وەستایەکی کارامەی لە پشتە، بۆ نموونە ئەگەر چوویە فرۆکەخانەیەك یان مۆڵێك، لە کاتی چوونە ژوورەوەت دەرگا کارەباییەکە بە خۆی بوویەوە، لە دوای تۆش داخرا، تەماشاکە ئەگەر تەنها یەکجار بەم شێوە روویدا، بزانە ئەوە رێکەوتە، بەڵام ئەگەر بەردەوام لەگەڵ نزیکبوونەوەی مرۆڤ دەبوویەوەو لەگەڵ دوورکەوتنەوەی دادەخرا، بزانە ئەوە رێکەوت نییە، بەڵکو ئەوە وەستایەکی شارەزاو کارامە بەم شێوەیە دروستی کردووە، حاشا لە رووتان (گێلی و گەمژەییە) ئەوەی وا تێبگات بە رێکەوت وای لێدێت و رۆڵی وەستایەکان وەلاوە بنێت، حاڵی دونیاش بە هەمان شێوەیە، ئەگەر وەرزو کات و رێکخستنەکانی تەنها یەکجار روو بدەن، دەزانین ئەوە رێکەوتە، بەڵام ئەگەر خۆرو مانگ و گەردوون بە تێکڕایی و بەفرو باران و گیاو میوەکانی بە سیستەمێکی رێکخراو دووبارە دەبنەوە، ئەوە بە دڵنیاییەوە ئەوەی باوەڕی بە خالیقێکی عەلیم و خەبیر نەبێت لە پشتییەوە جگە لە نەزانی و نەفامی و گێلی هیچی تر نییە. بۆیە هەمیشە ئەوانەی زاناترن ئیمانیان بە خالیق پتەوترە.

تێبینی: بۆ ئەم بابەتە سوودم لە کتێبەکەی خوا لێخۆشبوو دکتۆر محمەد سعید رەمەزان بوطی (شرح الحکم العطائیة) وەرگرتووە.