پرسى سه‌ربه‌خۆیى و به‌ده‌وله‌تبوون بۆ كورد له ‌ڕوانگه‌ى كتێبێكى سه‌رۆكى یه‌كێتى زانایانى ئیسلامى كوردستان

له ‌ئێستا زیاتر له ‌هه‌موو كاتێكى تر پرسى مافى چاره‌ى خۆنوسین وسه‌ربه‌خۆیى بۆكورد  بۆته‌ مژارێكى گه‌رمى ناوه‌نده‌ سیاسی وڕۆشنبیریه‌كان. له‌گه‌رمه‌ى هه‌ڵایسانى قه‌یران وگه‌رفته‌كانى وه‌ك سه‌رئێشه‌ى شه‌ڕى داعش ونه‌بوونى بوجه‌ ومووچه‌دا. ئه‌م باسه‌ پانتاییه‌كى باشى گرتوه‌ له‌نێو كۆنفراس ولێكۆلینه‌وه‌ و دید وتێگه‌یشتنى شرۆڤه‌كاران وسیاسه‌توانان. ئه‌مه‌شیان به‌ڵگه‌یه‌ له‌سه‌ر هه‌بوونى داخوازیه‌كى زۆرى كوردستانیان بۆسه‌ربه‌خۆیى ومافى چاره‌ى خۆنوسین. ته‌نانه‌ت رێژه‌یه‌كى باشى وتاربێژان له‌ ڕۆژى هه‌ینى دوعا ونزاكانیان بۆ ئه‌م پرسه‌ ته‌رخانكردوه‌ و ئاماده‌بوانیش به‌په‌رۆش و جۆش و خرۆشه‌وه‌ ئامینى بۆ ده‌كه‌ن.

بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌م باسه‌ ڕه‌هه‌ندێكى شه‌رعى و فیقهیش وه‌ربگرێت. نووسه‌ر و ڕۆشنبیرانى ئیسلامى و زانایانى گه‌له‌كه‌مان به‌شێكى باشى نوسین و شاكاره‌كانیان بۆ ئه‌م باسه‌ خستۆته‌ ڕوو. له‌وانه‌ش كتێبه‌ به‌پێزه‌كه‌ى جه‌نابى سه‌رۆكى یه‌كێتى زانایانى ئاینى ئیسلامى كوردستان ڕێزدار دكتۆر (عه‌بدوڵا مه‌لا سه‌عید مه‌لا وه‌یسى)یه‌ (حق تقریر مصیر شعب كوردستان بین المصالح والمفاسد دراسه‌ فقهیه‌ مقاصدیه‌). كه‌ به‌یه‌كێ‌ له‌ناوازه‌ترین نوسینه‌كان داده‌نرێت له‌م بواره‌دا. بۆزیاتر ئاشناكردنى خوێنه‌ران له‌چه‌ند خاڵێك دا گرنگى كتێبه‌كه‌ وپرسى مافى چاره‌ى خۆنوسین ده‌خه‌ینه‌ ڕوو:

یه‌كه‌میان: له‌م كتێبه‌دا به ‌شێوازێكى زانستى و ئه‌كادیمیى وكورت وپوخت ئه‌م باسه‌ خراوه‌ته‌ ڕوو. كه‌ ده‌كرێ‌ بكرێته‌ سه‌رچاوه‌یه‌كى باشى زانستى بۆڕاستكردنه‌وه‌ى ئه‌و دید وتێگه‌یشتنه‌ نامه‌نتیقى وهه‌ڵانه‌ى به‌شێك له‌نوسه‌ر وڕۆشنبیرانه‌ى لاى خۆمان كه‌لایان وایه‌ ئیسلام وكه‌له‌پورى ئاینى هیچى له‌هه‌گبه‌دا نیه‌ بۆمه‌سه‌له‌ى سه‌ربه‌خۆبوونى گه‌لى كوردستان. له‌پاڵ ئه‌مه‌شدا ده‌كرێ‌ بكرێته‌ هۆكارێك بۆڕاستكردنه‌وه‌ى ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ سه‌قه‌ته‌ى به‌شێك له‌نووسه‌ر وزانایانى موسوڵمانى غه‌یرى كورد كه‌لایان وایه‌ بابه‌تى سه‌ربه‌خۆبوونى كورد یه‌كێتى ئوممه‌تى ئیسلامى له‌ناوده‌بات ودژ ئه‌وه‌ستێت له‌گه‌ڵ پرنسیپه‌كانى په‌یام وبه‌رنامه‌ى ئیسلام. گرنگى ئه‌م كتێبه‌ش له‌وه‌دایه‌ كه‌به‌شێك له‌زانایانى نه‌ته‌وه‌یى عه‌ره‌ب پێشه‌كى وتێبینى خۆیانیان له‌سه‌ر نوسیوه‌ وخراوه‌ته‌ سه‌ره‌تاى لێكۆلینه‌وه‌كه‌ وه‌ك (د. سه‌میر موراد شوابكه‌) به‌رێوه‌به‌رو دامه‌زرێنه‌رى مه‌ركه‌زى ئیمام شافعى له‌ووڵاتى ئوردن.

دووه‌م: چونكه‌ ئه‌م بابه‌ته‌ باس وخواسێكى سه‌رده‌میانه‌یه‌ پێویست بوو زانایان وشه‌رعزانانى لاى خۆمان ئه‌م بابه‌ته‌ شه‌ن وكه‌وكه‌ن تا به‌چاكى ڕوى ڕاستى باسه‌كه‌ بخرێته‌ ڕوو. دید وتێگه‌یشتنى ئیسلامیش له‌م باسه‌ گرنگه‌دا ببێته‌ پاڵنه‌رێكى باش بۆتاكه‌ تاكه‌ى گه‌له‌كه‌مان كه‌ زیاتر له‌90% موسوڵمانه‌ وزه‌روره‌تى سه‌ربه‌خۆیى وبه‌ده‌وڵه‌تبوون ببێته‌ ڕاستیه‌كى حاشا هه‌ڵنه‌گرومتمانه‌پێكراو.  كتێبخانه‌ى كوردى وئیسلامیش گه‌ره‌كیه‌تى له‌م باسه‌دا كتێب ولێكۆلینه‌وه‌ بوونى هه‌بێت..

سێهه‌م: گرنگه‌ له‌وه‌ش تێبگه‌ین كه‌ ئاینى ئیسلام وه‌ك كۆتا په‌یامى خوا بۆته‌واوى مرۆڤایه‌تى به‌ده‌ر له‌ بنه‌ما وبنچینه‌ عه‌قائیدى وئه‌خلاقی وعیباده‌تیه‌كان. باس وبابه‌تى ئیداره‌وحوكم دارى وڕاوێژوسیاسه‌تكردن وبه‌رێوه‌بردنى كایه‌كانى ژیانى خستۆته‌ خانه‌ى گۆڕاوه‌كان وجێى هێشتوه‌ بۆمرۆڤ تا له‌چوارچێوه‌ى  بنه‌ماگشتیه‌كانى ئیسلام وپێى به‌ژه‌وه‌ندى وعه‌قڵ وژیرى خۆى ئالیه‌ت وپێویستیه‌كانى وچۆنیه‌تى پراكتیككردنى بۆ واقیعى ژیان جێ‌ به‌جێى بكات..

چواره‌م: مامۆستا توانیویه‌تى به‌شێوه‌یه‌كى زانستى پێناسه‌ى (حق تقریر المصیر) مافى چاره‌ى خۆنوسین پێناسه‌ بكا. كه‌ كورتیه‌كه‌ى بریتیه‌ له‌ومافه‌ خواپێداوه‌ى مرۆڤ وه‌ك بونه‌وه‌رێكى خاوه‌ن عه‌قڵ وژیرى ورێز لێنراو له‌لایه‌ن خواى گه‌وره‌وه‌. ئه‌و مافه‌ى بۆبه‌ڕه‌وا زانراوه‌ كه‌به‌پێى به‌رژه‌ونه‌دى وپێویستى ژیانى وئه‌وقۆناغ وسات وسه‌رده‌مانه‌ى خۆى تێدا ده‌دۆزێته‌وه‌. چاره‌نوسى خۆى له‌ڕوى ده‌وڵه‌تدارى وبه‌رێوه‌بردنه‌وه‌ بۆخۆى دیارى بكات وتامى ئازادى وسه‌ربه‌خۆى خۆى بچێژێت وپارێزگارى له‌بوون وناسنامه‌ى خۆى وگه‌له‌كه‌ى بكات. مێژوى گه‌له‌كه‌ى وخاك وئاو وكه‌لتوروداب ونه‌ریتى تایبه‌تى خۆى به‌پیرۆز بزانێت وپارێزگاریان لێ‌ بكات. ئه‌مه‌شیان دژ ناوه‌ستێته‌وه‌ له‌گه‌ڵ ده‌ق وتێكسته‌ ئاینى وئاسمانیه‌كان. دادگه‌رى وفه‌رمانه‌خواییه‌كانیش پشتگیرى ئه‌م ماف وداخوازیانه‌ ده‌كه‌ن.

پێنجه‌م: بۆبه‌هێزكردنى ڕه‌وایى بڕیاردانى گه‌له‌كه‌مان بۆمافى سه‌ربه‌خۆبوون وچاره‌نوسى خۆى مامۆستا چه‌ندین به‌ڵگه‌ى به‌هێز وسه‌لمێنراوى خستونه‌ته‌ ڕوو له‌قورئان وسوننه‌ت ومێژو كه‌له‌پورى ئیسلامى. له‌م كورته‌ باسه‌ هه‌ندێكیان ده‌خه‌ینه‌ ڕوو:

1.         كه‌ ته‌ماشاى سه‌رگوزشته‌ وبه‌سه‌رهاتى پێغه‌مبه‌روگه‌له‌كه‌نیان ده‌كه‌یت له‌قورئانى پیرۆزدا. ئه‌وه‌مان بۆڕوون ده‌بێته‌وه‌. خواى گه‌وره‌ بۆیه‌ په‌یام وپێغه‌مبه‌رانى بۆگه‌لانى سته‌ملێكراو ناردوه‌. تا ڕزگاریان بێت له‌سته‌م وزوڵم وزۆرى وببنه‌خاوه‌نى كیان وبوونى سه‌ربه‌خۆی خۆیان وچێژ له‌ئازادى وسه‌روه‌رى خۆیان وخاك و ووڵاتیان ببینن. ئه‌م مافه‌ش بۆهه‌موو گه‌ل ومیلله‌تێك به‌ڕه‌وا زانراوه‌. خواى گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێت: له‌باسى گه‌لى به‌نى ئیسرائیلى : (وَنُرِيدُ أَنْ نَمُنَّ عَلَى الَّذِينَ اسْتُضْعِفُوا فِي الْأَرْضِ وَنَجْعَلَهُمْ أَئِمَّةً وَنَجْعَلَهُمُ الْوَارِثِينَ) قه‌صص/5 – 6.

2.         هه‌ر وه‌ك له‌پێشه‌كیش ئاماژه‌مان پێیدا. ئیسلام په‌یام وبه‌رنامه‌یه‌كى گشتگیرو هه‌مه‌لایه‌ن وجیهانیه‌ په‌یوه‌ست نیه‌ به‌گروپ ومیلله‌ت ونه‌ته‌وه‌یه‌كى دیارى كراو. به‌ڵكو ڕێزى ناوه‌ له‌هه‌موو دید وبیرو بۆچوون وتێگه‌یشتن وزوبان ونه‌ته‌وه‌كان وبه‌یه‌ك چاو سه‌یرى هه‌مویان ده‌كات وهاتوه‌ بۆپاراستنى به‌رژه‌وه‌ندى هه‌موان بێ‌ جیاوازى. ئه‌شێ‌ له‌بوارى ئاینى وپه‌رستشه‌وه‌ خاوه‌نى یه‌ك ئایین وبیروباوه‌ر بین لێ‌ خاوه‌ن كیان وده‌وله‌تى سه‌ربه‌خۆ وئازادى جیاواز بین. ئه‌مه‌شیان ماف و(جعل)ێكى خواییه‌ كه‌س بۆى نیه‌ ئه‌م مافه‌ له‌هیچ گه‌ل ونه‌ته‌وه‌یه‌ك زه‌وت بكات. خواى گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێت: (يَاأَيُّهَا النَّاسُ إِنَّا خَلَقْنَاكُمْ مِنْ ذَكَرٍ وَأُنْثَى وَجَعَلْنَاكُمْ شُعُوبًا وَقَبَائِلَ لِتَعَارَفُوا إِنَّ أَكْرَمَكُمْ عِنْدَ اللَّهِ أَتْقَاكُمْ إِنَّ اللَّهَ عَلِيمٌ خَبِيرٌ) حوجورات -13.

3.         ئیسلام داوا ناكات گه‌ل ومیلله‌تان له‌كاتى پابه‌ند بوون به‌به‌رنامه‌ وپره‌نسیپه‌كانى ئاین كه‌لتور وناسنامه‌ى نه‌ته‌وه‌یى خۆیان وه‌لا نێن. یا بتوێنرێته‌وه‌ له‌نێو كه‌لتور وناسنامه‌ى گه‌لێكى تر. له‌پاڵ ئه‌مه‌شیان ئازادى وداد ویه‌كسانى بنچینه‌یه‌كى سه‌ركى ئیسلامه‌ بۆمرۆڤه‌كان. بۆیه‌ مرۆڤ وگه‌ل ومیلله‌تان ئازادن كه‌خۆیان بڕیار له‌سه‌ر چاره‌نوس وبۆنى خۆیان بده‌ن وناكرێ‌ له‌مافه‌دا هیچ جۆره‌ سته‌م وزۆریه‌كیان لێ‌ بكرێت. خواى گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێت: (وَمَا رَبُّكَ بِظَلَّامٍ لِلْعَبِيدِ) فوصله‌ت-46.

4.         گه‌ر ئیسلام بۆئه‌وه‌ هاتبێت كه‌ به‌رژه‌وه‌ندى مرۆڤه‌كان بپارێزێت وزیان وخراپه‌یان لێ‌ دووربخاته‌وه‌. ئه‌وه‌ گه‌لى كورد ماف وبه‌رژه‌وه‌ندى له‌وه‌دایه‌ كه‌ سه‌ربه‌خۆ بێت و ڕزگارى بێت له‌وهه‌موو سته‌م وبێ‌ مافیه‌ى له‌چه‌ندین ساڵى ڕابردوو له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌ جیاجاكانى عیراق وده‌وروبه‌رى لێى ده‌كرێت. ته‌نانه‌ت له‌كوردستانى ڕۆژئاوا بێ‌ به‌شكراون له‌ ناسنامه‌ وڕه‌گه‌زنامه‌ى فه‌رمى. بۆلابردنى ئه‌م سته‌مه‌ وقه‌ره‌بوكردنه‌وه‌ى ئه‌م بێ‌ به‌شیه‌ش تاكه‌ ڕێگا سه‌ربه‌خۆبونى كوردستان ومافى چاره‌ى خۆنوسینه‌. خودى ئیسلامیش به‌پێى ئایه‌ته‌كانى قورئانى پیرۆز یه‌كێ‌ له‌ئامانجه‌كانى لابردنى زه‌حمه‌تیه‌كان وڕه‌وایه‌تى هه‌بوونى ده‌وڵه‌تێكى ئازاد بۆگه‌ل ومیلله‌ته‌. خواى گه‌وره‌ له‌بارى هاتنى پێغمه‌مبه‌ر (محمد) درودى خواى له‌سه‌ربێت ده‌فه‌رموێت :( وَيَضَعُ عَنْهُمْ إِصْرَهُمْ وَالْأَغْلَالَ الَّتِي كَانَتْ عَلَيْهِمْ).

5.         ده‌شێ‌ خاوه‌نى ده‌وڵه‌تى سه‌ربه‌خۆیى خۆمان بین وپارێزگاریش له‌ناسنامه‌ى ئاینیمان بكه‌ین وپه‌یوه‌ندی به‌هێزیشمان ببێت له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌ ومیلله‌تانى ترى موسوڵمان. مێژووى زیڕینى موسوڵمانانیش ئه‌وه‌ى سه‌لماندوه‌ كه‌ ده‌كرێ‌ له‌نێو جیهانى ئیسلامى دا گه‌ل وگروپ ونه‌ته‌وه‌یه‌ك له‌پێناو پاراستنى به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانیان وبه‌ره‌ودان به‌كلتور وداب ونه‌ریتى تایبه‌ت به‌خۆیان وڕێكخستنه‌وه‌ى ژیانى سیاسى وئیداریان له‌پاڵ ده‌وڵه‌ت وكیانى ئیسلامى ده‌وڵه‌تێكى تر ڕاگه‌یێنن. هه‌روه‌ك چۆن ئیمامى حوسه‌ین بۆ ڕزگاربون وپاراستنى شوێنكه‌وتوانى ویستى ده‌وڵه‌ت وئیداریه‌كى سه‌ربه‌خۆ له‌كوفه‌ وه‌گه‌ڕخا. له‌پێش ئه‌میش دا (موعاویه‌ى كوڕى ئه‌بو سوفیان) وڵات وكیانێكى سه‌ربه‌خۆى له‌پاڵ خه‌ڵافه‌ت له‌شام وه‌گه‌رخست كه‌دواتر خۆى كرد به‌خه‌لیفه‌ وخه‌لافه‌تیشى گواسته‌وه‌ شام. چه‌ندین زانایانى پێشین وشه‌رعزانان ئه‌وه‌یان به‌په‌سه‌ند زانیوه‌ كه‌ له‌نێو جیهانى ئیسلامى به‌یعه‌ت بدرێت به‌سه‌رۆك وسه‌كرده‌و ئه‌میر له‌دوو شوێن وجوگرفیاى دیارى كراودا بۆدوو كیان وئیمامى دیارى كراو. وه‌ك ئیمامى جویه‌نى وئه‌بو ئیسحاق وئیبن حه‌زم (ڕه‌زاى خوایان لێ‌ بێت) كه‌ له‌م كتێبه‌دا ئاماژه‌ به‌فه‌تواكانیان دراوه‌.

 

له‌كۆتایى دا: خوازیان گه‌له‌كه‌مان به‌ئاوات وئومێد وداخوازیه‌كانی بگات وببێ به‌ده‌وڵه‌تێكى خاوه‌ن ده‌ستور ویاسا وتاكه‌كان هه‌ست به‌بون ورێزى خۆیان بكه‌ن وئێمه‌ش وه‌ك گه‌لانى تر خاوه‌ن ئالا وژماره‌ وده‌وڵه‌تى سه‌ربه‌خۆى خۆمان بین  ...