پەیامی هاوسۆزی و دڵسۆزی لەگەڵ مامۆستایانی ئایینی

مامۆستایانی ئایینی میراتگری پێغەمبەر (صلی الله علیە وسلم) هەڵگری پەیامی ئیمان و ئارامین، هۆكاری خۆڕاگری و بەرخودانن، كەسانێكن كە هەردەم لەگەڵ خەم و ئازارەكانی میللەتی خۆیانن، پارێزەری خاك و خەڵك و نیشتمانن، دەروازەی بەخشینی گڕو تین و هێزن بە پێشمەرگە وبەرگریكارانی دین وژین . لەبەر ئەوە پێویستە مەكانەت و رێزیان پارێزراوبێت.

هەڵكوتانە سەر مزگەوت و نوێژخوێنانان و بەزاندنی سنور و حورمەتی ماڵ و مزگەوت و زانایان زەنگێكی مەترسیدارە لە وڵاتەكەمان و قوڵكردنەوەی كێشە و قەیرانەكانە، وە چارەسەركردنی هەڵەكانە بە هەڵەی گەورەتر. لێرەوە بە توندی ئیدانەی ئەو كارە نەشیاو وقێزەونانە دەكەین كە لەم ڕۆژانەی رابردودا ئەنجامدرا  دەرهەق بە مامۆستایانی ئایینی لە هەولێر، گریمان ئەگەر مامۆستایان هەر كێشە و گرفتێكیشیان هەبوبێت دەبوایە لە رێگای وەزارەتی ئەوقاف و یەكێتی زانایان بە شێوەی گفتوگۆ و بە میكانیزمی یاسایی و ئیداری چارەسەربكرایە نەك بەم شێوە نائاسایی ونایاسایی وناشرینە كە بەداخەوە رویدا نەدەبوا رویدابا. 

وە داوا لە بەر پرسانی ئیداری و حیزبی و ئاساییش دەكەین كە بە زووترین كات لێكۆلینەوە لەم روداوانە بكەن وئەنجامدەرانیشی رووبەروی دادگا بكەنەوە و داوای لێبوردنیش لە مامۆستایانی ستەملێكراو بكەن ، چونكە ئە مرۆ پێویستیمان بە سارێژ كردنەوەی برینەكانە نەك زیادكردن وقوڵكردنەوەیان. 

دیارە ئەوەی سەبارەت بە مامۆستایانی ئایینی داوا دەكرێت بە هەمان شێوەش بۆ چالاكوانان و رۆشنبیران و راگەیاندكاران و رۆژنامەنوسانیش بە پێویست دەزانین ئەگەر بمانەوێ كۆمەڵگایەكی تەندروست و ئازاد مرۆڤدۆست بونیاد بنێین كە بنەماكانی  ئیمان و دادپەروەری و مافەكانی مرۆڤ تێیدا بەرقەرار بێت. بە ئومێدی بەخۆداچونەوەو چارەسەری ریشەیی كێشەو قەیرانەكان و دوبارە نەبونەوەی كردار و رەفتاری نەشیاو و نامرۆڤانە. 

 
مامۆستایی ئایینی