پرسی فرەژنی لە ئێستادا بووەتە یەکێک لە گەرمترین باسە بەردەوامەکانی ناو خەڵک، ڕۆڵی مێدیاکانیش لە زەقکردنەوەیدا زۆر کاریگەر بووە، بە تەرزێک بووەتە ناونیشانێکی ئامادە بۆ زۆرێک لە پڕۆگرام و دیالۆگ و بەدواداچوونە ڕۆژنامەوانییەکان، بۆیە دەبینین ئاستی جیاوازی تێڕوانینەکان لەسەر ئەو بابەتە زۆر فراوانە و بە ئایدۆلۆجیای جیاجیا گرێدراوە، لێرەدا گرینگی ڕوانینی ڕوونی ئایینی ئیسلام لەسەر پرسەکە خۆی دەسەپێنێت، چونکە لە بنچینەدا پرسەکە لە دەقە ئایینییەکان سەرچاوەی گرتووە.
لە ڕاستیدا ناشاردرێتەوە کە هەر بابەتێک لە چوارچێوەی تایبەتمەندێتی خۆیەوە دەرهێنرا و کرایە بابەتێکی گشتی، کە هەموو کەس بۆی هەبێت بۆچوون و ڕای خۆی لەسەر بڵێت و بە ئارەزووی خۆی ڕاڤەی بۆ بکات، دەبێتە بابەتێکی ئاڵۆز، دواجار ئاڵۆزییەکە سەردەکێشێت بۆ دروستکردنی ئاستەنگ لە بەردەم گەیاندنی ڕای ڕاست لەسەری بۆ ڕایگشتی خەڵک، سەرەنجام بابەتەکە دەشێوێندرێ و بە ناتەواوی دەستاودەستی پێدەکرێ و دەگوازرێتەوە بۆ بەر دیدەی خەڵک.
لەو سۆنگەیەوە ویستم شتێک لە دید و تێڕوانینی ئایینی ئیسلام لەسەر بابەتی فرەژنی بنووسم، کە بۆ خوێنەران و موسڵمان ڕوون ببێتەوە ئایینی ئیسلام فرەژنی بۆ پیاوان بە حەڵاڵ داناوە، بەڵام بە ڕەهایی نا، بەڵکو بە پێشمەرجی لۆژیکی و لە کاتی بوونی هۆكارە پێویستەکان، كە بیسەلمێنێن قازانجی كۆمەڵگای مرۆیی تێدایە و کەسایەتی و کەڕامەتی ئافرەتانی تێدا پارێزراوە.
هەروەک لێرەدا بە گرینگی دەبینین، كە ئاماژە بە لایەنێک لە نهێنی و ئامانج و مەرجەكانی فرەژنی بدەین لە ئیسلامدا، بەو هیوایەی ببێتە بەرچاوڕوونییەک بۆ هەموو ئەو كەسانەش، كە تا ئێستا ئەو بابەتەیان وەک خۆی بۆ ڕوون نەبووبێتەوە و تامەزرۆن ئاشنای حەقیقەتەکەی بن.
سەرەتاش لەوەوە دەستپێدەكەین، كە پێویستە ئەو كەسەی دەیەوێت زیاتر لە ژنێک بهێنێت، دەبێت دوو مەرجی سەرەکی تێدا بێت تا بتوانێت ژنی دووەم یان سێیەم یان چوارەم بهێنێت.
مەرجەکانی حەڵاڵكردنی فرەژنی:
١- دەبێت لە ڕووی داراییەوە بەهێز بێت، بەوەی توانای دابینكردنی بژێوی ژیانی هەموو ژنەكانی هەبێت. ٢- دەبێت لە دابینكردنی هەموو پێداویستییە جیاوازەكانی ژیانی هاوسەرێتی لەگەڵ هاوسەرەکانی دادپەروەر بێت و بە یەکسانی مامەڵەیان لەگەڵ بکات.
نهێنییەکانی حەڵاڵكردنی فرەژنی:
١- بەهۆی ئەوەی ژمارەی ئافرەتان لە كۆمەڵگادا زیاترە بە بەراورد بە پیاوان، فرەژنی بە دروست و حەڵاڵ دانراوە، چونكە ئەگەر فرەژنی نەبووایە و هەر پیاوێک مافی یەک ژنی هەبووایە، ئەوا ژمارەی ئافرەتانی بێهاوسەر زۆر دەبوو، ئەوەشیان بە زیانی گەورە بۆ سەر كۆمەڵگا تەواو دەبوو.
٢- یەكێكی دیكە لە حیكمەتەكانی فرەژنی، زیادبوونی تاكەكانی ئۆممەتی ئیسلامە، ئەوەش تەنیا بە ڕێگەی هاوسەرگیری دێتەدی، بە تایبەت بە هاوسەرگیریكردن لەگەڵ زیاتر لە ئافرەتێک، دیارە ئامانجیش لە زیادبوونی ژمارەی تاكەكان، گەشەسەندنی وڵاتان و گەشەكردن و زیاتربوونی دەستی كاركەرە، هەروەها زیادبوونی ژمارەی موسڵمانانیش.
٣- بەتاڵكردنەوەی ئارەزووەكان بە ڕێگەیەكی حەڵاڵ، چونكە هەندێک پیاو هەن، كە ئارەزووی جووتبوونیان بەهێزە، كە لە حاڵەتی ئەوەی تەنیا یەک ئافرەتیان هەبێت، لەوانەیە تووشی كاری خراپە و حەڕام ببن، بۆیە مارەكردنی ئافرەتێكی دیكەیان بۆ بە حەڵاڵ دانراوە.
٤- تووشبوونی هەندێک لە ژنان بە نەزۆكی و نەخۆشی، یان توانایان نییە لەسەر تێركردنی پێویستییە سێكسییەكانی پیاوەكانیان، بۆیە باشتر وایە و لە دادگەرییەوەیە، كە ئەو جۆرە ئافرەتانە بە ڕەزامەندیی تەواوە ڕێگە بە پیاوەكانیان بدەن هاوسەرگیری لەگەڵ هاوسەرێكی دیكە بكات.
٥- كەمكردنەوەی ژمارەی ئەو ئافرەتانەی كە شوویان نەكردووە، بە تایبەت ئەو ئافرەتانەی پیاوەكانیان مردوون، هەروەها دابینكردنی بژێوی ژیانی بێوەژنان و تەڵاقدراوان و ئەو ئافرەتە بێنەوایانەش کە پێویستیان بە كەسێک هەیە بژێوی ژیانیان بۆ دابین بكات، هەموو ئەوانەش لە ڕێگەی فرەژنییەوە دێنەدی.
ئەوەی باسمانکرد لایەنێکی گرنگە لە بابەتی فرەژنی لە ئیسلام، کە دەهێنێت زیاتری لەسەر بنووسرێت و هەموو وردەکارییەکانی ڕوونبکرێتەوە، بەوهیوایەی هەر یەکێک لە ئاست و شوێنی خۆی هەوڵبدات ڕۆشنایی زۆرتری بخاتە سەر و مرۆڤایەتی لێ سوودمەند بکات. |