هه‌ڵوه‌سته‌یه‌ك ناردنی پاره‌ی به‌ده‌ل حه‌ج!

هه‌موو ساڵێك كه‌ وه‌رزی حه‌ج دادێت، خه‌ڵكێكی زۆر پاره‌ ده‌نێرێته‌ حه‌ج تا له‌وێ به‌ده‌ل حه‌جیان بۆ بكه‌ن، ئه‌وانیش كه‌ دێنه‌وه‌ شه‌هاده‌یه‌ك له‌گه‌ڵ خۆیان دێننه‌وه‌، كه‌ فڵان كه‌سه‌ به‌ده‌ل حه‌جی بۆ فڵان كه‌س كردووه‌، به‌ بڕوای من ئه‌و كاره‌ زێده‌ڕۆیی تێدا ده‌كرێت، دڵنیام حه‌مله‌داره‌كانیش ناچارن ئه‌گه‌رنا حه‌ز له‌و كاره‌ ناكه‌ن، چونكه‌ ئه‌ركێكی گه‌وره‌ی قیامه‌تیان ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر.

 

ناڕوونی له‌ به‌ده‌ل حه‌ج

كۆمه‌ڵێك ناڕوونی هه‌یه‌ تا ئێستا بۆ من روون نه‌بوونه‌ته‌وه‌، 1. ساڵانه‌ هیچ قافله‌یه‌ك نییه‌ دوو ئه‌وه‌نده‌ی خۆیان به‌ده‌ل حه‌جی نه‌به‌ن، ئه‌مه‌ش مانای وایه‌ ده‌بێ رێژه‌ی حاجیان چه‌ند قات ببیته‌وه‌، ئه‌گه‌ر به‌ ره‌سمی 3 ملیۆن حاجی ناویان تۆمار كرابێت، ئه‌وا به‌لانی كه‌م ده‌بێ 9 ملیۆن كه‌س له‌ عه‌ره‌فه‌و مه‌ناسیكی حه‌ج بێت، ئه‌مه‌ش مه‌جاڵه‌. 2. ده‌ڵێن قوتابیان ئه‌و كاره‌ ده‌كه‌ن، كه‌چی ژماره‌ی قوتابیه‌ بێگانه‌كان له‌ چه‌ند هه‌زارێك تێناپه‌ڕێت. 3. له‌ نووسینگه‌كانی ناو مه‌ككه‌ ده‌توانی به‌ كه‌متر له‌ 300 دۆلار به‌ده‌ل حه‌ج بكه‌ی، كه‌چی هه‌ندێكیان داوای 10 وه‌ره‌قه‌ زیاتر ده‌كه‌ن.4. ئه‌و قۆلبڕینه‌ی له‌ بازاڕی مه‌ككه‌ هه‌یه‌ له‌ كه‌م شوێن هه‌یه‌، بۆ نموونه‌ ئه‌و ساڵه‌ی سه‌فه‌ری حه‌جمان كرد، براده‌رێك كامێڕایه‌كی كڕی، دواتر له‌ شوێنێكی تر هه‌مان كامێڕا چوار قات هه‌رزانتر بوو. بۆیه‌ هیچ زه‌مانه‌تێك نییه‌ ئه‌م كارانه‌ش به‌ مافیایی نه‌كرێن.

 

به‌ده‌ر حه‌ج بۆ كێ؟

له‌ فیقهی ئیسلامی به‌ده‌ل حه‌ج بۆ سێ كه‌سانه‌، (كه‌سێك له‌ نه‌خۆشییه‌ك دابێت چاك بوونه‌وه‌ی نه‌بێت. په‌ككه‌وته‌یه‌كی بێ تاقه‌ت. مردوو). دوو كه‌سی یه‌كه‌م ئه‌گه‌ر ماڵیان هه‌بوو، ده‌توانن ناوی خۆیان بنووسن، جا ئه‌گه‌ر ناویان ده‌رچوو، وه‌كو به‌ده‌ل حه‌ج ده‌توانن نه‌فه‌رێك بنێرن، به‌ڵام له‌سه‌ریان واجب نییه‌ لێره‌وه‌ پاره‌ی ره‌وانه‌ی سعودیه‌ بكه‌ن، چونكه‌ ئه‌گه‌ر ماڵیان نه‌بوو، یان ناویان ده‌رنه‌چوو له‌سه‌ریان واجب نییه‌. ئه‌گه‌ر مردووه‌كه‌ش كاتی خۆی ده‌وڵه‌مه‌ند بووه‌و كێشه‌ی رێگاشی نه‌بووه‌و ده‌یتوانی سه‌فه‌ری حه‌ج بكات، هه‌ر به‌ ئیهمالی نه‌یكردووه‌، ئه‌وه‌ حه‌جی له‌سه‌ر واجبه‌، خزمه‌كانی ناوی ده‌نووسن و یه‌كێكی له‌ بری ده‌نێرن. یان ئه‌گه‌ر له‌سه‌ریشی واجب نه‌بووبێت، ئه‌وا خزمه‌كانی ده‌توانن بده‌ل حه‌جی بۆ بكه‌ن و لێره‌وه‌ نه‌فه‌ری بۆ بنێرن.

 

به‌ڵام سه‌باره‌ت به‌وه‌ی لێره‌ یه‌ك كۆشه‌ پاره‌ ته‌سلیمی كه‌سیێك بكرێت و دواتریش شه‌هاده‌ی حه‌جی بۆ بێته‌وه‌، ئه‌وه‌ پێویستی به‌ دڵنیایی هه‌یه‌و ته‌نیا به‌ یه‌ك رێگه‌ش ئه‌و دڵنیاییه‌ دێته‌جێ: (پێویسته‌ ئه‌و نه‌فه‌ره‌ی به‌ده‌ل حه‌جی ده‌كات، له‌ هه‌موو واجبه‌كان له‌گه‌ڵه‌ خۆیان دابێت)، نه‌ك پاره‌كه‌ ته‌سلیمی كه‌سێك بكرێت، جا نه‌فه‌ره‌كه‌ جاره‌كی له‌ عه‌ره‌فه‌ خۆیان پیشان بدات و ته‌واو، كێ زه‌مانه‌تی ئه‌وه‌ ده‌كات، كه‌ پاشی پێنج ده‌قیقه‌ی تریش خۆی پیشانی نه‌فه‌رێكی دیكه‌ش نادات.

جا بۆ ئه‌وه‌ی پاره‌یه‌كی زۆری ئه‌و خه‌ڵكه‌ له‌و رێگایه‌ بێ خه‌به‌ر نه‌ڕوات، هیوادارم خه‌ڵكه‌كه‌ به‌ خورتی ئه‌و حه‌جه‌ له‌سه‌ره‌خۆیان فه‌رز نه‌كه‌ن، ده‌یان خێری تر به‌تایبه‌تی له‌و زروفه‌ لێره‌ هه‌یه‌ ده‌توانن بیكه‌ن، یان عومره‌ی لۆ خۆ پێ بكه‌ن، یان ناوی خۆیان له‌ حه‌جی به‌ده‌ل تۆمار بكه‌ن، ئه‌گه‌ر پاره‌ش ده‌نێرن، با ئه‌و زه‌مانه‌ته‌ هه‌بێت، به‌م جۆره‌ هه‌مووان له‌ژێر باره‌كه‌ ده‌رده‌چن.