ئایا یه‌كێتی جیهانی زانایانی مسوڵمان تیرۆریسته‌؟

 جێگه‌ی خۆیه‌تی هه‌موو كه‌سێك ره‌خنه‌ی تووندی له‌ یه‌كێتی جیهانی زانایانی مسوڵمان هه‌بێت، به‌وپێیه‌ی ناوێكی گه‌وره‌ی هه‌یه‌و له‌ رووی راگه‌یاندنیشه‌وه‌ گرنگییه‌كی زۆری پێده‌درا، هه‌روه‌ها زانایانی ئایینی ئیسلامیش له‌سه‌ر ئاستی دونیا ئومێدی زۆریان پێ هه‌بوو، به‌ڵام ئه‌وان نه‌ك له‌و ئاسته‌ نه‌بوون، بگره‌ له‌و ساڵانه‌ نه‌یانتوانی به‌ كه‌مترین ئه‌ندازه‌ش له‌ژێر هه‌ژموونی توركیاو قه‌ته‌ر رزگاریان بێت، هه‌موو لێدوان و روونكردنه‌وه‌و به‌یاننامه‌كانیان هه‌ڵقوڵاوی سیاسه‌تی توركیاو قه‌ته‌ر بوون، بۆ نموونه‌ له‌ كاتی كوده‌تاكه‌ی توركیا، ئه‌و رێكخراوه‌ به‌ ته‌واوی ده‌سته‌ی ئه‌مینداریانه‌وه‌ چوونه‌ توركیاو ده‌یان به‌یاننامه‌و پۆستیان له‌سه‌ر نووسین، ئێستاش كه‌ گه‌مارۆ خراوه‌ته‌ سه‌ر قه‌ته‌ر رۆژانه‌ روونكردنه‌وه‌و لێدوانی پشتیوانی قه‌ته‌ر ده‌رده‌بڕن، ئه‌وه‌ی به‌دواداچوونی تویته‌ری دكتۆر قه‌ره‌زاوی و قه‌ره‌داخی بكات، ده‌بینی رۆژ نییه‌ زیاتر له‌ چه‌ند بابه‌تێك بڵاونه‌كه‌نه‌وه‌، كاتێكیش شه‌ڕی سوریا ده‌ستی پێكرد به‌ هه‌مان شێوه‌ چه‌ندان فه‌تواو بابه‌ت و لێداون و كۆنفرانسی پشتیوانیان بۆ به‌ستین، ئه‌و كاته‌ش كه‌ حكومه‌تی عێراق شه‌ڕی دژی عه‌ره‌به‌ سوننه‌كانی عێراق هه‌ڵگیرساند سه‌دان بابه‌ت و لێدانیان بۆ پشتیوانی سوننه عه‌ره‌به‌كان و دژی حكومه‌تی عێراق بڵاوكرده‌وه‌، به‌ڵام كاتێك توركیا شه‌وو رۆژی كردبووه‌ یه‌ك دژی هه‌رێمی كوردستان و پشتیوانی ته‌واوی خۆی بۆ كاره‌كانی حكومه‌تی عێراق ده‌ربڕی، هه‌روه‌ها حكومه‌تی عێراق هه‌موو رێكارێكی ئه‌منی و ئابووری تووندی دژی كوردی سوننه‌ی عێراق گرته‌ به‌ر، ئێران راسته‌وخۆ ته‌ده‌خولی كرد، كه‌چی ئه‌م رێكخراوه‌ی یه‌كێتی جیهانی زانایانی مسوڵمان تا ئێستا به‌ ته‌نیا بابه‌تێك و لێدوانێكیش پشتیوانی خۆیان بۆ كوردی سوننه‌ی عێراق ده‌رنه‌بڕیوه‌ دژی ئیتیفاقی سێ وڵاتی دراوسێ، ته‌نیا یه‌ك نووسینی دكتۆر قه‌ره‌داخی بوو ده‌رباره‌ی حه‌رامكردنی شه‌ڕی دژی كورد، ئه‌ویش به‌ زمانی كوردی و، هێندی موتابه‌عه‌م كرد له‌ به‌شی عه‌ره‌بی بڵاوی نه‌كرده‌وه‌. بۆیه‌ جێگه‌ی خۆیه‌تی ره‌خنه‌ی تووندیان لێبگیرێت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی نه‌یانتوانیوه‌ كه‌مترین هه‌نگاوی مسوڵمانانه‌ بهاوێژن له‌ كارێك پێچه‌وانه‌ی سیاسه‌تی توركیاو قه‌ته‌ر بێت، له‌وه‌ش هه‌رگه‌ڕێ نه‌یانتوانیوه‌ تا ئێستا كه‌مترین ئامۆژگاری توركیا بكه‌ن له‌ رێكاره‌كانی دژی كوردو ره‌شبگیری خه‌ڵكی مه‌ده‌نی.

 

 به‌ڵام له‌ دیوی دووه‌م دانانی ئه‌م رێكخراوه‌ له‌ لیستی تیرۆر ته‌واو جێگه‌ی سه‌رسوڕمانه‌، چونكه‌ ئه‌و كه‌سه‌ دیارانه‌ی له‌و رێكخراوه‌ كۆبوونه‌ته‌وه‌، وێڕای ئه‌وه‌ی له‌وانه‌یه‌ هه‌ندێكجار فه‌توای جیاوازو تووندیان هه‌ندێكجار وه‌كو كاردانه‌وه‌ هه‌بووبێت، به‌ڵام ئه‌وانه‌ پێشه‌نگی وه‌سه‌تیه‌ت و نه‌رمڕۆیی بوون له‌ ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوین، تا به‌بیرم دێت ناویان له‌ كتێبه‌كه‌ی شێخ قه‌ره‌زاوی نابوو (الحلال والحلال فی الإسلام)، بۆیه‌ تا ئه‌و ساته‌ ئاسان نییه‌ كه‌سانی وه‌ك: (قه‌ره‌زاوی و قه‌ره‌داخی و غه‌نووشی و سه‌لمان عۆده‌و محمد سه‌لیم عه‌واو فه‌همی هوێدی و عصام الدین البشیرو عمر عبد الكافی...) به‌ تیرۆریست ناوببات، ده‌كرا كه‌سانێك به‌ تووندڕه‌و ناوببه‌ن، یان قسه‌ له‌سه‌ر هه‌ندێك هه‌ڵوێست و فه‌توا بكه‌ن، به‌ڵام ناوبردنیان به‌م شێوه‌ گشتییه‌ ناچێته‌ ئه‌قڵی هیچ كه‌سێك، بگره‌ هه‌ندێك له‌وانه‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی باشی بڵاوبوونه‌وه‌ی فیكری میانڕه‌وی بوونه‌.