فرمێسكه‌ تیمساحیه‌كانی قودس

 هیچم له‌وه‌ پێناخۆشتر نییه‌ كه‌ فرمێسكی تیمساحی بڕێژین، ئاخر ئه‌وه‌ نزیكه‌ی نیو سه‌ده‌یه‌ قودس پایته‌ختی كرده‌یی ئیسرائیله‌، ئه‌مریكاو ئه‌وروپا راستیان كرد له‌گه‌ڵ په‌یامی خۆیان، دیقه‌ت بده‌ ئه‌وانی تر پشتیوانی یه‌كن، به‌ڵام ئه‌وه‌ مسوڵمانان یه‌كتر ده‌كوژن، تاڵان ده‌كه‌ن، ئاواره‌ ده‌كه‌ن، ناسنامه‌ی یه‌كتر ده‌سڕنه‌وه‌، باشترین بازرگانی له‌گه‌ڵ ئیسرائیل ده‌به‌ستن، دوای سه‌ڵاحه‌دینی ئه‌یوبی هیچ سه‌ركرده‌یه‌كی مسوڵمان به‌ڕاستی پشتیوانی فه‌ڵه‌ستین نه‌بووه‌، مه‌گه‌ر له‌ په‌نای به‌رژه‌وه‌ندی خۆی نه‌بێت، كه‌چی ئێستا رۆڵه‌كانی سه‌ڵاحه‌دین ئابڵۆقه‌ده‌درێن و برسی ده‌كرێن و ده‌كوژرێن له‌لایه‌ن ئه‌و برا مسوڵمانانه‌ی فرمێسك و قیژه‌قیژ بۆ قودس ده‌كه‌ن، كه‌ هه‌مووشیان له‌ژێره‌وه‌ باشترین دۆستایه‌تی ئیسرائیلیان هه‌یه‌، ئاماده‌ن هه‌موو په‌یوه‌ندییه‌ك له‌گه‌ڵ ئیسرائیل بپچڕێنن، به‌ڵام په‌یوه‌ندی بازرگانی كه‌ بڕبڕه‌ی پشتی ئیسرائیله‌ رۆژ به‌ رۆژ په‌ره‌ی پێده‌ده‌ن.

 

 به‌ڵێ، ئێمه‌ی مسوڵمان هه‌قی خۆمانه‌ چاو به‌ فرمێسك و ده‌ست به‌ دوعا نزا بۆ یه‌كه‌مین رووگه‌مان بكه‌ین، به‌ڵام قه‌تیش به‌ فرمێسكه‌ درۆزنه‌كانی سه‌ركرده‌ مسوڵمانه‌كان فریو ناخۆین، كه‌ له‌ بری كرداری مه‌یدانی (به‌تایبه‌تی بازرگانی) ده‌یانه‌وێت به‌ هه‌ندێك ژاوه‌ژاوو وتاری حه‌ماسی ئه‌م خه‌ڵكه‌ بگه‌وجێننه‌وه‌... به‌داخه‌وه‌ بۆ بێكه‌سی مسوڵمانان.