مه‌كته‌بی ته‌نفیزی یه‌كێتی زانایان سه‌ردانی كونسولخانه‌ی میسر له‌ هه‌ولێر ده‌كات

رۆژی (30/6/2011) سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایان‌و شاندێكی یاوه‌ری سه‌ردانی كونسولخانه‌ی كۆماری میسرییان كرد له‌ هه‌ولێر.

له‌ دانیشتنێكی دۆستانه‌دا سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایان ئامانجه‌كانی سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ كونسولخانه‌ی میسری باس كرد، له‌ به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندیه‌كانیان به‌تاتایبه‌تی له‌سه‌ر ئاستی زانایانی ئایینی‌و كۆلێژ‌و زانكۆ ئیسلامییه‌كان، چونكه‌ گه‌لی كورد‌و گه‌لی میسر مێژوویه‌كی دوور درێژییان پێكه‌وه‌ هه‌یه‌‌و، گه‌لی كوردیش هه‌میشه‌ به‌ چاوی رێ.ه‌وه‌ ده‌ڕوانێته‌ گه‌لی میسر، به‌تایبه‌تی بۆ ئێمه‌ی زانایانی ئایینی چونكه‌ ئه‌زهه‌ری شه‌ریف هه‌میشه‌ به‌ ناوه‌ندێكی گه‌وره‌‌و جێگه‌ی ئیعتیبار ته‌ماشا ده‌كرێت‌و، خۆشبه‌ختانه‌ ئێستاش په‌یوه‌ندی باشییان هه‌یه‌، هه‌ر بۆیه‌ وێڕای ئه‌وه‌ی لقێكی له‌ كوردستان هه‌یه‌، چه‌ندین قوتابی كوردیش ئێستا له‌ ئه‌زهه‌ر‌و زانكۆكانی دیكه‌ی میسر درێژه‌ به‌ خوێندنیان ده‌ده‌ن، به‌و ئومێده‌ی بتوانین ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ هه‌ر به‌رده‌وام بێت.

سلێمان عوسمان كونسولی كۆماری میسری عه‌ره‌بی له‌ هه‌ولێر خۆشحاڵی خۆی به‌ سه‌ردانه‌كه‌ ده‌ربڕی‌و، گووتی: ئێمه‌ هه‌ر یه‌كه‌مجار كه‌ هاتینه‌ شاری هه‌ولێر هه‌ستمان نه‌كرد، له‌ وڵاتێكی دیكه‌ین، به‌ڵكو وامان زانی له‌ قاهیره‌ چووینه‌ پارێزگایه‌كی دیكه‌ی وڵاتمان، چونكه‌ لێره‌ هه‌ست به‌ هه‌مان ئاستی وشیاری‌و رۆشنبیری گه‌لی میسر ده‌كه‌ین، له‌ خۆشه‌ویستی‌و رێز‌و وشیاری، خۆشبه‌ختانه‌ خه‌ڵكی كوردستان له‌ ئاستی رۆشنبیری‌و وشیارییان به‌رزه‌، په‌یوه‌ندی گه‌لی میسر‌و كوردیش كۆنترین په‌یوه‌ندییه‌ له‌و ناوچه‌یه‌، به‌ پێی ئه‌و دۆكۆمێنتانه‌ی لای ئێمه‌ هه‌یه‌، په‌یوه‌ندی كورد‌و میسر ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌رده‌می فیرعه‌ونه‌كان، خۆشبه‌ختانه‌ كوردیش رۆڵێكی مه‌زنی هه‌بوو له‌ شۆڕشی میسری‌و به‌ره‌وپێشبردنی راپه‌ڕینی میسری له‌ سه‌رده‌می شێخ محه‌مه‌د عه‌بده‌‌و محه‌مه‌د عه‌لی پاشا، كه‌ ئه‌وانه‌ كوردن‌و ئه‌ستێره‌ی دیاری میسرن. بۆیه‌ ئێمه‌ وه‌ك میسر‌و وه‌ك ئه‌زهه‌ری شه‌ریفیش هه‌موو هاوكارییه‌ك ده‌كه‌ین، به‌تایبه‌تی له‌ بواری ئایینی‌و بڵاوكردنه‌وه‌ی فیكره‌ی وه‌سه‌تی.

پاشتر هه‌ردوولا كۆكبوون له‌سه‌ر دانانی به‌رنامه‌یه‌ك بۆ سازادین كۆمه‌ڵێك چالاكی رۆشنبیری‌و چۆنیه‌تی هاتنی شێخی ئه‌زهه‌ری شه‌ریف.
جێی باسه‌ هه‌ر یه‌ك له‌ مه‌لا جه‌لال خه‌یلانی جێگری سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایان‌و مه‌لا محه‌مه‌د وه‌رتی‌و شێخ عه‌بدولباسیت بالیسانی‌و مه‌لا جه‌عفه‌ر گوانی ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی ته‌نفیزی‌و مه‌لا دڵشاد گه‌ڵاڵی له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی یه‌كێتی زانایان‌و مه‌لا فكری عه‌لی له‌ به‌شی كارگێڕی ئاماده‌ی دیداره‌كه‌ بوون.