ئایا خوا تۆڵه‌ی له‌ محه‌مه‌د سه‌ڵاح كرده‌وه‌!

جه‌عفه‌ر گوانی

 

موباره‌ك البذالی بانگخوازێكی كوێتییه‌ پێشتر ده‌رباره‌ی محه‌مه‌د سه‌ڵاح نوسویبووی: "له‌ محه‌مه‌د سه‌ڵاحه‌مه‌وه‌ فێری میهره‌بانی بن، كه‌ مووچه‌ی بانگانه‌ی بۆ 450 خێزانی هه‌ژاری میسری بڕیوه‌ته‌وه‌". به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی تووشی پێكان هات و لیڤه‌رپوول دۆڕا، هه‌مان بانگخواز له‌ چه‌ند تویتێكی جیاوازدا نووسیویه‌تی: "ئه‌و كوڕێكی باشه‌، ده‌زانم نوێژ ده‌كات، له‌ كاتی مه‌شڕوب خواردنه‌وه‌ له‌ براده‌رانی دوورده‌كه‌وێته‌وه‌، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بڕیاریدا بۆ یاریكردن رۆژووه‌كه‌ی بشكێنێت، ئیدی خوا سزای داو (ملی شكاند) هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و موسافیر بوو بۆی هه‌بوو له‌به‌ر خاتری سه‌فه‌ره‌كه‌ی رۆژوو بشكێنێت". ئه‌و قسانه‌ ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی زۆری له‌سه‌ر ئاستی جیهان هه‌بوو، رۆژنامه‌ به‌ناوبانگه‌كان نووسیویانه‌: پێكانه‌كه‌ی محه‌مه‌د سه‌ڵاح سزای خودا بوو.
لێتان ناشارمه‌وه‌ ئه‌م لێدوانه‌ زۆر ئازاری دام، چونكه‌ ده‌زانم له‌لایه‌كه‌وه‌ هه‌زاران گه‌نج كه‌ ئاستی مه‌عریفیان كه‌مه‌ یان ناموسڵمانن، ده‌یان لێكدانه‌وه‌ی نه‌رێنیان ده‌رباره‌ی ئسلام و خودا له‌لا دروست ده‌بێت، له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌، هه‌میشه‌ زانایانی ئه‌هلی قه‌لب رووداوه‌ ناخۆشه‌كانیش به‌ نیعمه‌ت ته‌فسیر ده‌كه‌نه‌وه‌، ئیدی بۆ ئه‌و ئه‌قڵیه‌تی تۆڵه‌ی خودایی زاڵ بێت به‌سه‌ر هه‌سته‌كانمانه‌وه‌. هیوادارم بانگخوازان و زانا به‌ڕێزه‌كانمان هه‌میشه‌ دیوی جوانی شته‌كان ببینن و به‌ ئه‌رێنی مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ رووداوه‌كان بكه‌ن، به‌تایبه‌تی لافوو بوڕكان و باران و بوومه‌له‌رزه‌، خوای گه‌وره‌ی ره‌حمان و ره‌حیم به‌ شتێكی تۆقێنه‌ر وێنا نه‌كه‌ن.