قسەیەک لەسەر فەتواکەی ئەنجومەنی باڵای فەتوا

قسەیەک لەسەر فەتواکەی ئەنجومەنی باڵای فەتوا

.......

هەنگاوێکی گرنگ بە ئاراستەی خزمەتی کۆمەڵگە بەگشتی و خودی ئافرەتان بەتایبەتی، ئەنجومەنی باڵای فەتوا سەبارەت بە (حوكمی سه‌ركه‌وتنی ئافره‌ت به‌ته‌نها له‌گه‌ڵ شوفێری ته‌كسی) فەتوایەکی لە بەرواری 4ی12ی2019 بڵاو کردەوە.

هۆکاری دەرچوواندنی ئەو فەتوایە دەگەڕێتەوە بۆ پرسیاری زۆری هاوڵاتیان لەو بارەو، کەمکردنەوەی کێشەی کۆمەڵایەتی و، نەهێشتنی تاوان و هەڕەشەو توندوتیژی و، پاراستنی ڕه‌وشتی به‌رزی موسڵمانانه‌و دابونه‌ریتی جوانی كوردانه‌و، ئیستغلال نه‌كردنی ئه‌م كاسبیه‌ شه‌رعیه‌ له‌لایه‌ن هه‌ندێك كه‌سی نابه‌رپرس‌و، خستنە رووی هەڵوێستی جوانی ئیسلام و بۆچوونی زانایانە لەو بارەوە.

ئەو کارەی ئەنجومەنی باڵای فەتوا خزمەتێکی دڵسۆزانەیە بۆ کۆمەڵگەو پەرۆشیە بۆ نەتەوەو نیشتمان، هیچ بەرژەوەندیەکی تایبەتی و دونیایی لەپشت نیە، چاوەڕێی سوپاس و دەستخۆشی کەس نین و لەپێناو باڵای کەس و رەزامەندی کەسیش ئەو کارە ناکەن، جگە لەوەی ئامانجیانە لەرێی روونکردنەوەی شەرعی، چارەسەری گونجاو بۆ ئاریشەکان دانێن و ساڕێژی برینەکان بکەن.

ئەوان ئەرک و ماندوو بوون و بەدواداچوونی زۆر دەکەن، لە چەندین لاوە دیراسەو گفتوگۆی تێرو تەسەلی بابەتیانەی لایەنە ئیجابی و سەلبیەکانی هەر بابەتێک لەو بابەتانە دەکەن، واتە دڵنیان و بەرچاویان روونە کە ئەو فەتوایانە لەخزمەتی خەڵکی کوردستانن، کۆی ئەو کەیس و پرسیارو زانیاریانەی لای ئەوانەو دەیزانن پاڵنەر بوونە بۆ ئەوەی خەمێک لەو پرسە بخۆن.

بەداخەوە دوای بڵاوبوونەوەی ئەو فەتوایە، کەسانێک بێ ئینسافانە کەوتنە رەخنە گرتن و توانج و تانەو بگرە تا حەدی شوبهاندنی ئەنجومەنی باڵای فەتوا بە داعش و تاریک پەرست و لەو پەنایە قسەو بابەتی جۆراوجۆرو هەڕەشە ئامێزیش بەرامبەر زانایان و ئیسلامیش بیستراو بینرا.  

ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان لە پەیامێکدا فەتواکەی بە پێشێلكردنی كەرامەتی ژن و پیاو ناوبرد! کە چاوەڕێ دەکرا لەجیاتی ئەو پەیامە سوپاسی خۆیان ئاراستەی یەکێتی زانایان و ئەنجومەنی باڵای فەتوا بکەن لەسەر ئەو هەنگاوە گرنگە بۆ خزمەتی پێگەو کەڕامەت و شکۆی ئافرەتان لە هەرێمی کوردستان و پەرۆشیان لەو بارەوە.

لە پەیامەکەیان وا دەرەکەوێت جوان فەتوایەکەیان نەخوێندبێتەوە، چونکە لە بەشێکی دەڵێن: "بێ رەچاوکردنی رۆل و پێگەو مافەكانی ئافرەتان، چەند فەتوایەكی بڵاوكردۆتەوە" لە کاتێکدا یەک فەتوایە نەک چەند فەتوا، بۆ خزمەت و حوڕمەتی ئافرەتانە نەک پێشێلکردنی ماف، چونکە کەمکردنەوەو نەهێشتنی جەریمەو گرفتە کۆمەڵایەتیەکان شەڕەفە نەک پێشێلکردن! جیا لەوەش هیچ خاڵێکیان دیار نەکردووە قابیلی رەخنەکەیان بێت. لە حاڵێکدا زۆر جار خۆیان لەهەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندو تیژی دژ بە ئافرەتان ئاماژە بەوە دەکەن لەرێی کارو بازاڕو تەکسی گێچەڵ بۆ ئافرەتان دروست بووە پێویستە رێی لێ بگیرێت.

بەشێک پێیان وایە ئەم فەتوایە پێچەوانەی یاسایە بۆیە پێیان باش نیە، دەی باشە ئەمە فەتوایەو روانگەو بەڵگەی شەرعی هەیە، چ پەیوەندی بە یاساوە هەیە؟ لە کاتێکدا خەڵکی دینداری کوردستان گوێ بۆ شەریعەت شل دەکاو دەیەوێ هەڵوێستی شەرع لەو بارەوە بزانێ و لەهەمان کات پابەندی یاساکانیشە.

وێڕای ئەمەش لە رێنمایی هەردوو وەزارەتی ناوخۆو گواستنەوەو گەیاندنی حکومەتی هەرێم سەبارەت بە رێکخستنەوەی کاری تەکسی لە هەرێمی کوردستان باس لەوە کراوە، کە لە پێناو کەمکردنەوەی کێشە کۆمەڵایەتیەکان چەند بڕیارێک بۆ تەکسی و شوفێری تەکسی دەرچووە، ئەمەش چەند سوودێكی هەیە، سەرەكیترینیان حاڵەتەكانی گێچەڵی سێكسی كەمدەكاتەوە. دەی بۆ ئەمە پێچەوانەی مافی مرۆڤ و یاساو ئافرەتان نیە؟ ئەرێ بەراست ئەو کارەی ئەوانیش دەبێ گەڕانەوە بێت بۆ سەردەمی سەرەتای هاتنی داعش و خەلافەتەکەیان!؟

بە گوتەی وتەبێژی پۆلیسی هەرێم: رێکخستنی سیستەمی تەکسی جیا لەرێک و پێک بوونی بواری تەکنیک و ئیداری، دەتوانێت رێگەیەکی سەرەکی بێت بۆ کەمکردنەوەی کێشەو گرفتە کۆمەڵایەتیەکان بەتایبەت بۆ ئافرەتان! چونکە زۆر حاڵەت هەبووە لە کاری تەکسی گێچەڵ بۆ ئافرەتان دروست بووە. دەی بۆ پەیامێکیش لەسەر پۆلیس بڵاوناکەنەوەو بڵێن ئەو کارەتان پێچەوانەی مافی ئافرەتەو گەڕانەوەیە بۆ شەڕی فکرو به‌کۆیلەکردنی کۆمەڵگاو سەپاندنی ئامانجه‌ هاوشێوه‌كانی فكری "داعشە"‌.

کەواتە ئەوانەی رەخنە لەو فەتوایە دەگرن، بەشێکیان هەر رەمەکی و بێ بینین و خوێندنەوەی ناوەرۆکی فەتواکەو دۆخ و واقع بڕیار دەدەن و دەردە دڵ بەو باسەوە هەڵدەڕێژن، بەشێکیشیان بۆ نان پێ پەیداکردن و گەرمکردنی بازاڕی خۆیان و خۆ نمایش کردن و هاتنە ناو ناوان شەن و کەوی دەکەن، ئەگەرنا فەتوایەکە نەک هیچ نا رۆشنی و نەنگی و پێشێلکردنێکی تێدا نیە، بگرە زۆریش گرنگە بۆ دۆخی ئێستای کۆمەڵگەو پاڵپشتی رێنماییەکانی حکومەت و حەملەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و گێڕانەوەی کەڕامەتە بۆ ئافرەتان.