ئایا ئەوەی لەسەردەمی هاوەڵانی پێغەمبەر (د.خ) نەکرابێ دروست نیە دوای ئەوانیش بکرێ؟

زۆر جار کە باس و بابەتێکی نوێ دێتە پێش و پێویستمان بە گرتنەبەری ڕێ و شوێنی تازە دەبێت، هەندێک لە موسڵمانان ئەو پرسیارە دەکەن: ئایا لەسەردەمی هاوەڵاندا ئەو کارە کراوە؟ بۆ نمونە ڕاگرتنی نوێژی هەینی لە کاتی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی گوازراوەدا کە ئێستا لە ئارا دایە، زۆرێک لە موسڵمانان ئەو پرسیارە دەکەن بەتایبەت لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا .

 

دیارە مەبەست لەو پرسیارە ئەوەیە ئەگەر لەو سەردەمدا ئەو کاره نەکرابێ دروست نیە ئێستاش بکرێ، بەڵام ئایا ئەوە بەڵگە هێنانەوەیەکی دروستە؟ ئایا هەر شتێک ئەو کات نەبووبێ و نەکرابێ دوای ئەوان دروست نیە بکرێ؟
بێگومان نەخێر ... وانیە .

 

ڕاستە هاوەڵان لە دوای پێغەمبەری خوا پێشین و پێشەنگی ئێمەن لە دینداریدا، بەڵام ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ژیاننامەی ئەو جێنشین و هاوەڵانەی پێغەمبەر (درودی خوای لێ بێت) دەبینین ئەوان لە کاروباری ڕۆژانەیاندا بەپێی کات و شوێن و پێویستی سەردەمی خۆیان ئیجتیهادیان کردووەو بۆ بڕیارو پێشهاتی نوێ خۆیان نەبەستۆتەوە بە پێش خۆیانەوە، تەنانەت هەندێک کاریان ئەنجام داوە کە لە سەردەمی پێغەمبەری خواشدا نەکراوە، بەڵام کە زانیویانە بەرژەوەندی ئیسلام و موسڵمانانی تێدایە بێ دوودڵی ئەنجامیان داوە، بگرە جاری وا هەبووە بەشێک لەو حوکمانەشیان ڕاگرتوە کە دەقی قورئانیان لەسەر دابەزیوە .

 

نمونەی ئەو جۆرە ئیجتیهادانە لە ژیانی هاوەڵاندا زۆرن، لەوانە:
۱- بەرپا کردنی جەنگ لەگەڵ هەڵگەڕاوەکان و ئەوانەی زەکاتیان نەدەدا لەلایەن خەلیفەی یەکەم ئەبوبەکری سدیق، کە پێشهاتێکی نوێ بوو پێشینەی نەبوو، بەشێک لە هاوەڵان ئەو بڕیارەیان بەلاوە سەیربوو تەنانەت گوتیان ئەوە پێچەوانەی ئەو فەرمودەی پێغەمبەرە کە دەفەرموێ: { أمرت أن أقاتل النّاس حتّى يقولوا : لا إله إلاّ اللّه . فمن قالها فقد عصم منّي ماله ونفسه إلاّ بحقّه وحسابه على اللّه }. بەڵام سەرەنجام گوێڕایەڵی خەلیفەیان کردو توانیان دوژمنەکانیان سەرکوت بکەن .

 

۲- ڕاگرتنی بڕینی دەستی دز لە ساڵی گرانی لەلایەن عومەری کوڕی خەتتاب .

۳- قەدەغەکردنی هاوسەرگیری لەگەڵ ئافرەتی ئەهلی کتاب (مەسیحی و یەهودی) کە بە دەقی قورئان ڕێی پێدراوە، بەڵام پێشەوا عومەر ڕایگرت لەبەر بەرژەوەندی کۆمەڵگای موسڵمان .

٤- هەر لە خیلافەتی پێشەوا عومەردا ئەوانەی پێیان دەگوترا (المؤلفة قلوبهم) پشکیان لە زەکات ڕاگیرا لە کاتێکدا بەدەقی ئایەت بڕیاری لێدرابوو .

٥- لە خیلافەتی پێشەوا عوسماندا بانگێک زیاد کرا لە پێش بانگی نوێژی هەینی بەهۆی ئەوەی شار گەورە بوو .

ئەوانەو چەندان نمونەی تر (لە زیاد کردن و ڕاگرتنی حوکمەکان و ئیجتیهاد لەسەر بنەمای عەقڵ و بەرژەوەندی خەڵک) لەسەردەمی خەلیفە ڕاشیدەکان و بەئاگاداری سەدان هاوەڵی بەڕێزی پێغەمبەر ئەنجام دراون بێ ئەوەی پێشتر وێنەیان هەبووبێ .

ئەوەش پێمان دەڵێ کە هاوەڵان لەگەڵ پابەندی توندیان بە سوننەتی پێغەمبەرەوە بەڵام لە کاتی پێویستدا زۆر ئیجتیهادو بڕیاریان هەبووە کە پێشتر نمونەی نەبووە، بێگومان ئەوەشیان بەپێی میزاج و ئارەزوو نەکردووە بەڵکو بە ڕەچاوکردنی ئامانجەکانی شەریعەت کردوویانە کە خۆی لە وەدیهێنان و پاراستنی بەرژەوەندیەکانی مرۆڤدا دەبینێتەوە .

ڕەخنەگرتن لەو بڕیارەی ئێستا هەیە لە ڕاگرتنی نوێژی هەینی و (نوێژی جەماعەت لەهەندێک شار) بەناوی ئەوەی لە سەردەمی هاوەڵاندا ئەو کارە نەکراوە پاساوێکی لاوازو بێ بنەمایە، ئەوەی گرنگە ئامانجی پشت ئەو بڕیارانەیە، ڕاگرتنی جومعەو جەماعەت ئەگەر بە شێوەیەکی دوژمنکارانەو بۆ دژایەتی بێت بۆ یەک ڕۆژیش بێت زۆرەو هەق وایە قبوڵ نەکرێت، بەڵام لە حاڵەتێکی وەک ئێستاداو بۆ ڕێگرتن لە بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە هەرچەندێک پێویست بکات جێگەی خۆیەتی .

عەجایب ئەوەیە حکومەت و دەزگا ئەمنیەکانی هەرێم لەڕابردودا چەندین جار فشاری ناڕەوایان خستۆتە سەر مزگەوتەکان و بەناهەق خەڵکیان گرتووەو وانەی قورئانیان ڕاگرتووە بەڵام کەس بەدەنگ نەهاتووە، بەڵام ئەمجارە کە حکومەت پاساوێکی شەرعی هەیە بۆ بڕیارەکەی کەچی زۆرترین ناڕەزایی هەیە، ئەوەش مانای ئەوەیە ئێمە کەمتر سەرنجی ئامانج و مەبەست دەدەین، زیاتر بە ڕووکەشەوە خەریکین .

 

بەڕای من ئەوەی جێی نیگەرانیە لەو بڕیارەی ڕاگرتنی وتاری هەینی تەنها ئەوەیە دەبوو ئەنجومەنی فەتوا بڕیارەکە بدات نەک حکومەت، بەڵام بەداخەوە وادیارە هەماهەنگی نێوان حکومەت و ئەنجومەنی فەتوا لە ئاستی پێویستدا نیە .