کۆڕۆنا لەبەردەم میزی هیندستان و نوێژەکەی ترامپ و شەهیدی فەتوادا

کۆڕۆنا لەبەردەم میزی هیندستان و نوێژەکەی ترامپ و شەهیدی فەتوادا

جەعفەر گوانی

لەگەڵ هاتنی کۆڕۆنا کۆمەڵە هەنگاوێکی ئایینی گرنگ هاوێژران، لەوانە دیتمان هیندۆسەکان میزی مانگایان دەخواردەوە، ترامپ داوای کۆبوونەوەی نوێژو دوعای دەکرد، ئەنجومەنی باڵای فەتوای هەرێم و هەموو ناوەندەکانی دیکەی فەتوا لە جیهاندا کۆمەڵە فەتوایەکیان دەکرد، ئەوەش بەڵگەیە لەسەر رۆڵ و کاریگەری بەرزکردنەوەی مەعنەویات بەتایبەتی لە روانگەی ئایینەوە.

لەناو ئەو حاڵەتانەدا هیندۆسەکان بەشێوەی کردەیی دۆڵکەو پەرداخی میزی مانگایان لەسەر شەقامەکان داناو خەڵکیش بە ریزو بە پیرۆزییەوە خواردیانەوە، بەبێ ئەوەی کاردانەوەی زۆری لێبکەوێتەوە.

ترەمپ لە یەکەم شەودا، لەلایەکەوە باری نائاسایی راگەیاند، لەلایەکی دیکەش داوای لە هاوڵایانی کرد رۆژی یەکشەممە وێکڕا رووبکەنە کەنیسەو لە خوا بپاڕێنەوەو نوێژ بکەن، ئەوەی لە ئەمریکاش نییە، لە شوێنی خۆی بچێ بەشداری بکات، کەسیش بەشێوەی ناشیرین وەسفی بڕیارەکەی ترامپی نەکرد، چونکە دەزانن لەم قۆناغەدا بەرزکردنەوەی لایەنی رۆشنبیری لەلایەك و رێزگرتن لە هەست و سۆزی خەڵك لەلایەکی دیکە، گرنگە.

لێرە لە هەرێمی کوردستان، ئەنجومەنی باڵای فەتوای کوردستان روونکردنەوەیەکی دەربارەی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو پرسە دا، کۆمەڵە بابەتێکی گرنگی وروژاند، لەوانە: (جێبەجێکردنی رێکارە پزیشکی و ئەمنیییەکان ئەرکێکی ئایینییە چۆن نیشتیمانی و مرۆییە)، (یەکەمین دەزگا بوو فەتوایان دا دەکرێ وتاری هەینی و نوێژی بەکۆمەڵ رابگیرێت ئەگەر دڵنیابوون لە مەترسی بڵابوونەوەی ڤایرۆسەکە)، (پێویستە هەموو کۆبوونەوەکان بە ئایینی و کۆمەڵایەتی و سەردانی نەخۆشەوە رابگیرێن)، (هەموو شێوازێکی وانەگوتنەوە بە ئایینیشەوە رابگیرێن) لەگەڵ چەند روونکردنەوەیەکی دیکە کە کۆی قسەکان بریتی بوو لە (شکۆی مرۆڤ لەپێش هەموو شتێکەوەیە).

ئەنجومەنی فەتواو مامۆستایانی ئایینی وەکو هیندۆسەکان داوای شتێکی پێچەوانەی پزیشکیان نەکردووە، بەڵکو پێشتریش پشتگیری میزحوشتر بە تێکەڵی شیریان نەکردووە، وەکو ترەمپیش داوای کۆبوونەوەیان نەکردووە، بەپێچەوانەوە دەرگای مزگەوتەکانیان داخست بۆئەوەی کۆبوونەوە دروست نەبێت، بە خەڵکیان گوت، خودا لە ماڵەوەشە، تا ئەو دۆخە دەڕوات با ماڵەکانتان ببێتە مزگەوت و شوێنی بەردەوامی پاڕانەوە، دوای هەنگێ دێینەوە ماڵەوەو مزگەوت و هەموو شوێنێك دەکەینە مزگەوت. کەچی بەداخەوە کەسانێك کەوتوونەتە بەر گیانی ئەنجومەنی باڵای فەتوا بەتایبەتی لە راگرتنی وتاری هەینی و هەژماردنی کوژراوان بە شەهید.

پوختەی فەتواکە دەڵێت: هەرکاتێك لایەنی پەیوەندیدار لە وەزارەتی تەندروستی گەیشتنە قەناعەت ئەو مەترسییەی هەیە، ئەوە بەبێ سێ و دوو هەموو چالاکی مزگەوتەکان رادەگرین، واتە قسەکە لەسەر کاتەکەیە نەك خودی کارەکە، هەربۆیەش کە ئەو بڕیارە درا، مامۆستایان و زانایانی ئایینی بە تەواوی و بێ دوودڵی پابەندی بوون.

سەبارەت بە شەهیدیش (ئەوە هەرچەندە لەوانەیە کاتەکەی گونجاو نەبووبێت)، بەڵام قەت مانای خۆ بە کوشتیدان نییە، بۆنموونە ئەوەی لە بەرەی جەنگی هەقویستی دەکوژرێت لە ئیسلامدا شەهیدە، بەڵام ئەگەر کەسێك بچێت خۆی بکوژێت یان لە مەیدانی جەنگ کەمتەرخەمی بکات ئەوە بە بکوژی خۆی دادەندرێت و چاوی وە بەهەشتێ ناکەویت، بەهەمان شێوە لە روانگەی ئیسلامەوە چۆن دەرد هەیە دەرمانیش هەیە، پێغەمبەریش دەفەرمووێت: (نەخۆشەکان چارەسەر بکەن، هیچ دەردێك نییە دەرمانی نەبێت، بێجگە لە پیری و مردن)، بۆیە واجبە هەموو رێکارەکانی خۆپارێزی بگیرێنەبەر، وەك ئیمامی عومەر فەرمووی لە دەست قەدەرەوە هەڵدێین بەرەو قەدەرێکی دیکەوە، بۆیە پاش گرتنەبەری هەموو رێکارەکان وەك بەکارهێنانی دەرمان و مانەوە لە ماڵ و ئاگادارکردنەوەی لایەنی پێوەندیدار، جا ئەگەر کەسێك بەو نەخۆشییە مرد، ئەوە بە شەهید هەژمار دەکرێت، بەڵام ئەوی خۆی بە دەستەوە نەدات و کەمتەرخەم بێت ئۆباڵی کوشتنی خۆیی و هەموو ئەوانەی لە کەمتەرخەمی دەبێتە هۆکاریان، لە ئەستۆی خۆیدایە، کەواتە شەهیدبوونەکە بۆ کێیە؟ بۆ کەسێكە دوای هەموو رێکارەکان ئەوجا دەمرێت، یان کارمەندێکی تەندرووستی  و ئەوانەی ئیش لەگەڵ ئەو دۆخە دەکەن (خوا بیان پارێزێت) دوای ئەوەی بە جددی هەموو رێکارە پێویستەکان دەگرنەبەر و هیچ قسوری و کەمتەرخەمی ناکەن، بەدەر لە توانا تووشی مەرگ هاتن، ئەوە بە شەهید هەژمار دەکرێن، ئەوەش هاندانە بۆ ئەوەی بە دڵسۆزی و خۆپارێزییەوە بەرەو کارەکە بچن و لە هەمان کاتدا بزانن چ کارێکی گەورەو پیرۆز دەکەن، لەلایەکی دیکەش دڵدانەوەی خانەوادەی مردووەکانە.

بۆ ئاگادریشتان من هیچ پۆستێکم لە یەکێتی زانایان نەماوە تا وەتێبگەن دیفاعیان لێدەکەین، بەڵام هیوادارم لە داهاتوودا هەندێك حەکیمانەتر مامەڵە لەگەڵ ئەو دەستەواژانە بکەین و رێز لە پسپۆڕییەکان بگرین. بەهیوای رزگاربوون لەو دۆخە بە کەمترین زیان.