ئەمرۆ هەینی دەوروبەری کاتی خوتبە، سەیرێکی فەیسبووکم کرد دیتم بەشێکی زۆر لە مامۆستایانی ئایینی لەرێی لایڤەوە وتارو ئامۆژگاری پێشکەش دەکەن، هەستم کرد ئەو خزمەتە تەعبیرە لە: یەکەم: پەرۆشی و هەستی عەودالانەی مامۆستایانی ئایینی بۆ مینبەرو مزگەوت و گەیاندنی پەیامی جوانی ئیسلام بە موسڵمانان، کە بەخۆیان نیە لەو کاتەدا هەستیان لای مینبەرو کاتە نورانیەکانی نوێژی هەینیە. دووەم: مامۆستایانی ئایینی وێڕای پابەندی سەلماندیان مرۆڤ سەنتەری خزمەت و خاوەن قەدرو پێگەیەکی گەورەیە لەئیسلامدا، بە کردەیی نیشانیاندا ئیسلام شەریعەتێکە لەخزمەت سەلامەتی گیان و جەستەی مرۆڤ دایە. بۆیەش بە پێویستی دەزانن لەو کاتە هەستیارە رێنمایی شەرعی بگەیێنن و خەڵک هۆشیار بکەنەوە لەمەڕ پێویستی خۆپارێزی و پابەندی بە رێنماییە تەندروستەکانەوە. سێیەم: بڵاو کردنەوەی قسەی خێرو ئامۆژگاری و گەیاندنی خزمەتێکی دڵسۆزانەیە لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، لەکاتێکدا کەسانێک سەرقاڵی قسەی زبرو ململانێ و نمایشی بێ ناوەرۆک و تانەو یەکتر شکاندن و بڵاوکردنەوەی شتی بێ کەڵک و گوماناوی و دژە دین و رەسەنایەتی کوردەوارین، پێشیان وایە ئەوە رۆشنبیری و پێشکەوتنە.. خوای گەورە هەموو لایەک سەلامەت بکات و بەزوویی مەترسی ئەو نەخۆشیە لاببات و ئاوەدانی مزگەوت و کوردستان وەک جارانی لێ بێتەوە.. |