ئایین لە قۆناخی دوای کۆڕۆنا

ئێستا کە پەتایەکی گەورەی وەك کۆڕۆنا بەرۆکی دونیای گرتووەو چۆکی پێداوە، قسەو باسی زۆر دەربارەی قۆناغی دوای کۆڕۆنا دەکرێت، ئەمەش لە هەموو بوارێکەوە، لەوانەش کۆمەڵێك نووسەر قسە لە بواری ئایین لە دوای کۆڕۆنا دەکەن. گومان لەوەدا نییە هەموو شتێك گۆڕانێکی بەسەر دێت، بەڵام قسەکە ئەوەیە ئەم گۆڕانانە چەندە لە جەوهەری شتەکان دەدەن، یاخود چەندە شتەکان بۆ جەوهەری راستەقینە دەگێڕنەوە، ئەگەر مەبەست لە ئایین ئیسلام بێت، پێموایە دەکەوێتە بەشی دووەم، چونکە لەگەڵ هاتنی ئەو پەتایە –جگە لە کەمە بانگخوازێك کە کەوتبوونە ژێرکاریگەری گوتاری ئایینی بەشێکی عەرەبی، ئەو پەتایەیان بە سەربازو تۆڵەی خودا دژی چین دانا- ئەوانەی دیکە چ لەسەر ئاستی تاك و چ لەسەر ئاستی دەزگا هەموویان لە یەکەم ساتەوە بابەتەکەیان بۆ گۆڕەپانی زانستی پزیشکی هێشتەوە لەگەڵ پابەندبوونی تەواو بە رێنمایی و رێکارە پزیشکییەکان، بۆیە ئەم پەتایە هیچ کاریگەری نەرێنی بۆسەر ئیسلام وەکو خۆی نابێت، لەکاتێکدا بە وردی دۆخی چارەسەری دایە دەست مەیدانی زانست، هەروەها شوێنکەوتووانیشی لە رووی ئەخلاقییەوە هاندا هاوکاری خەڵك بن، تا گەیشتە ئەوەی بە ژمارەیەکی زۆرەوە بەشداربوون لە هاوکاری هەژاران و دروستکردنی نەخۆشخانەو تەواوی پێداویستییەکان.

بە کورتی پێویستی رۆحی و ئەخلاقی مرۆڤایەتی بۆ ئایین وەکو خۆی بگرە بەهێزتر دەمێنێتەوە، بەڵام دایدەماڵێت لەو فیکرەو بۆچوونە خوڕافیانەی نەخۆشی و رووداوەکانیان بە چاوێکی بچووك و تەسك تەفسیردەکردنەوە. بەپێچەوانەوە پرسیار لەسەر ئەو سیستەم و کۆمەڵگایانە دروست دەبێت کە کەوتنە داوی دزینی ماسکەکان و دابەشکردنی مرۆڤەکان بۆ گەنج و پیر، پیرەکانیان فڕێدان و دەرگایان بە رووی گەنجان کردەوە، رۆحی ئەنانیەت و خۆ بەگەورەزانین خێگای گیانی هاوکاری و هەماهەنگی گرتەوە، کە ئەمە لە (دین)ەوە بەهیچ شێوەیەك جێگای نابێتەوە. ئەوەش مانای وایە پرسیاری (ئەخلاق) لەسەر ئەو سیستەمانە دروست دەبێت نەك لەسەر ئایین.