بۆچی ساڵانە مانگی پیرۆزی رەمەزان 10 رۆژ دێتە پێشەوە؟

بۆچی ساڵانە مانگی پیرۆزی رەمەزان 10 رۆژ دێتە پێشەوە؟
رەواندنەوەی شوبهەیەک لەو باریەوە
=======
الحمد للە والصلاة علی سيدنا رسول الله وآله وصحبه اجمعين وبعد:
السلام علیكم ورحمة الله..
ساڵانە ئەم پرسیارە دێتە پێشەوە کە بۆچی مانگی پیرۆزی رەمەزان هەموو ساڵێک 10 رۆژ دێتە پێشەوە؟وە بۆ لە یەک فەسڵی وەک پایزدا ساڵانە ئەنجام نادرێت؟ وە ئایا لەسەردەمی پێغەمبەردا د.خ تەنها لە مانگی پایزدا رەمەزانیان گرتووەو گوایە ئیمامی عومەر ر.خ دەستکاری کاتی رەمەزانی کردووە! هەروەها شوبهەی ئەوەی کە ئەم تەقویمە قەمەریەی ئێستا موسڵمانانی لەسەرە تەقویمی ئەعرابی جاهیلیی؟!
ئەم پرسیارە شوبهە ئامێزانەو هاوشێوەکانی لەم دەرفەتەدا بە ئیزنی پەروەردگار و بە پێی توانا دەڕەوێنینەوە..
ئەگەرچی وەڵامی ئەو شوبهەیە ئاسانە بە بەڵگەی نەقڵی کە ئەسڵ ئیلتیزام و ئیمتیسالە بۆ عیبادات و کاتەکانی، وە چۆن هاتووە لە سەردەمی پێغەمبەردا د.خ بو شێوە موسڵمانان پابەند بوون و پێویست بە بەڵگە ناکات چونکە ئیجماعی لەسەر دروست بووەو موخالەفەیئیجماعیش دەرچونە لە بازنەی ئیمان بە شێوە گشتیەکەی..بە ئایەتی پیرۆزی
(وَمَن یُشَاقِقِ ٱلرَّسُولَ مِنۢ بَعۡدِ مَا تَبَیَّنَ لَهُ ٱلۡهُدَىٰ وَیَتَّبِعۡ غَیۡرَ سَبِیلِ ٱلۡمُؤۡمِنِینَ نُوَلِّهِۦ مَا تَوَلَّىٰ وَنُصۡلِهِۦ جَهَنَّمَۖ وَسَاۤءَتۡ مَصِیرًا)[سورة النساء 115]
بەڵام بۆ ئەم سەردەم هەندێک بەڵگەی عەقڵی و مێژوویی و فەلەکیش پێویستە بۆیە دەڵێن: وبالله تعالی التوفيق.
1- ساڵی قەمەری و شەمسی ئەو جیاوازیەیان هەر هەبووە پێش ئیسلامیش بە بەڵگەی ئایەتی (وَلَبِثُوا۟ فِی كَهۡفِهِمۡ ثَلَـٰثَ مِا۟ئَةࣲ سِنِینَ وَٱزۡدَادُوا۟ تِسۡعࣰا)[سورة الكهف 25] لە چیرۆکی هاوەڵانی ئەشکەوتدا.
2_ هەر لەبەر ئەوەیشە مانگی عەرەبی نە 31 ی هەیە نە 28 یش..بەڵکو یان سی یە یان بیست ونۆیە، ئەوەیش جیاوازی هەموو ساڵێکە لە گەڵ ساڵی پێش خۆیدا و هۆکاری ئەوەیشە کە ساڵانە دە رۆژ رەمەزان پێش دەکەوێت.
3- هیچ سەرچاوەیەک نییە کە باس لەوە بکات کە بەردەوام لە سەردەمی پغەمبەردا د.خ تەنها لە پاییزدا رەمەزانیان گرتبێت، بە پێچەوانەوە لە ریوایەتە راستەکان لە سەرچاوەکانی تەفسیرو سیرەت و فەرمودەدا باس لە هەر چوار فەسڵ دەکەن.
بە نمونە غەزوەی بەدری گەورە کە لە 17 رەمەزانی ساڵی دووی گۆچیدا رووی داوە لە گەڵ فەتحی مەککەی پیرۆز کە لە 20ی رەمەزانی ساڵی هەشتی کۆچیدا بووە، بزانە جیاوازی چەندە زۆرە بە بەراورد لە گەڵ مێژووی زایینیدا.
4- ئەوەی سابیتە لە ساڵی دووی کۆچی پاش تەشریعی تەحویلی قیبلە و هەندێکیش گوتویانە لە دوو شەعبانی ئەو ساڵەدا -وەک الماوردی لە الحاوی الکبیری دا- رۆژووی مانگی رەمەزان تەشریع کراوە و ساڵانە لە رۆژی 29 ی شەعبان پێغەمبەر د.خ وئەسحابی کیرام دەگەڕان بۆ بینینی مانگی یەکشەوەی رەمەزان، ئەگەر نەیاندیتایە شەعبانیان تەتیممەو پڕ دەکردەوە و رۆژی پاشتریان دەکردە رەمەزان بە بێ هیچ دروستبوونی جیاوزییەک، بە فەرمودەی: "فٳن غم علیکم فاکملوا عدة شعبان ثلاثين يوما"
5- خۆ ئەگەر دیاری بوایە بە تەحدید کاتی هەڵاتنی مانگی یەکشەوەی رەمەزان ئیتر پێویستی نەدەکرد بە گەڕان و خۆماندوکردن، بەڵام بە حیکمەتی خودا وا هاتووە کە دیاری نەبێت و ساڵانە موسڵمانان چاوەڕێی بینینی بکەن چ بۆ گرتن چ بۆ شکاندن و چەژن کردن بە فەرمودەی: "صوموا لرؤيته وافطروا لرؤيته". کە ئەوەیش تاقیکردنەوەیەو ئەجرو پاداشتی هەیە.
6- مەسئەلەی ساڵی شەمسی کە ناگۆڕێت بەو شێوە گۆڕانەی ساڵی قەمەری وا پێ دەچێ هۆی ئەوەبێ کە راستەوخۆ تەقدیری پەیوەندی زەوی کراوە بە حەرەکەی رۆژەوە، بەڵام لە ساڵی قەمەریدا پەیوەندی قەمەرە بە رۆژیش و بە زەویشەوە. بۆیە دەبێتە بەدرو پاشان میحاق بە ئایەتە پیرۆزەکانی (وَٱلشَّمۡسُ تَجۡرِی لِمُسۡتَقَرࣲّ لَّهَاۚ ذَ ٰ⁠لِكَ تَقۡدِیرُ ٱلۡعَزِیزِ ٱلۡعَلِیمِ ۝ وَٱلۡقَمَرَ قَدَّرۡنَـٰهُ مَنَازِلَ حَتَّىٰ عَادَ كَٱلۡعُرۡجُونِ ٱلۡقَدِیمِ ۝ لَا ٱلشَّمۡسُ یَنۢبَغِی لَهَاۤ أَن تُدۡرِكَ ٱلۡقَمَرَ وَلَا ٱلَّیۡلُ سَابِقُ ٱلنَّهَارِۚ وَكُلࣱّ فِی فَلَكࣲ یَسۡبَحُونَ)[سورة يس 38 - 40]. کە جیاوازی زۆر لە نێوان حەرەکەی رۆژو قەمەر هەیە.
7- ئەمەی کە باسدەکرێت لە تەقویمی هیجری عومەری تەنها دیاریکردنی و کەمێک ڕێکخستنی سەرەتای ساڵی هیجرییە بە پێی ساڵی قەمەری نەک دەستکاری کردنی لە لایەن حەزرەتی عومەرەوە بەو شێوەی کە کاریگەری هەبوبێت لە سەر مانگی رەمەزان، والعیاذ بالله حەزرەتی عومەر چۆن دەتوانێت کارێکی موخالیف بکات و چۆن هاوەڵانی پێغەمبەر د.خ لە جیات بەرهەڵستی ستایشی دەکەن؟!
8- هەدەف لە دیاریکردنی ساڵنامەی قەمەری عومەری تایبەتمەندی موسڵمانانە بە ساڵنامەی خۆیان، هەروەها رەبت و پەیوەستکردنی موسڵمانان بە ساڵنامەی کۆچییەوە چونکە بە پێی ئەو ساڵنامەیەیە کە حەرەکاتی مانگی کردووە بە سەنتەر شەعائیری حەج و رۆژوو و اشهر الحرم و تەنانەت زەکاتیش کە حەول تێیدا بە ساڵی هیجرییە نەک شەمسی لەو شتانەی کە زەکاتیان حەولییە نەک ئانی.
9- ئەو سوڕانەوەی کاتی رەمەزانی پیرۆز بە هەر چوار فەسڵدا مەبەست تاقیکردنەوەی بەندەکانە و گشتگیری کردنیشە بۆ تێکڕای کیشوەرەکان، واتە وەک چۆن لە هاویندا رۆژوو دەگیرێت و زیاتر بەندەکان بە توینیەتی تاقی دەکرێینەوە هەروەهایش بە زستاندا دەگیرێت و بە برسییەتی زیاتر تاقی دەکرێینەوە، لە پایزو بەهاوینشدا بە هەردووکیان..
10- هەروەها بۆ ئەوەی لە هەر چوار فەسڵدا بەندایەتی بۆ پەروەردگار بسەلمێنرێت.
11- هەروەها بیشزانرێت کە خالیق و پەروەردگاری هەر چوار فەسڵ تەنها (اللە) یە جل جلالە.
12- بە هەما شێوەو هەمان حیکمەتیش رۆژگار و فەسڵی ی حەج دەگۆڕدرێت.
13- ئەگەر رەمەزان هەر لە پایز دا بوایە ئەوا لە یەک کاتدا مانگی رەمەزان نەدەگیرا لە تەواوی جیهاندا، چونکە زستان و هاوین دەسوڕێتەوە بەردەوام لە گۆی زەویدا، ئێستا تەماشاکەن گۆی زەوی هەندێک جێگەی زستان و بەهارە هەندێکیشی هاوین و پایزە..بە هۆکاری فەلەکی کە مەعلومە لای فەلەکناسان، واته لهو كاتەی کە لە نیوەی باکوری گۆی زەوی هوینە لە نیوەکەی تری باشوری گۆی زەوی زستانە، بە پێچەوانەیشەوە..
خوای میهرەبان مانگی رەمەزانی لە ساڵی قەمەریدا داناوە بۆ ئەوەی هەموو موسڵمانان لە سەر رووی زەوی لە یەک کاتدا بەڕۆژوو ببن لە یەک کاتیشدا حەج بکەن ..
14- ئەوانەی کە داوادەکەن رۆژووگرتنی رەمەزان هەر لە پایزدا بێت ئەوانە ئەو کەسانەن کە ئەیانەوێت عیبادەت بە ئارەزووی نەفسی ئەممارەیان جێ بەجێ بکەن، ئایەتی پیرۆزی (وَمِنَ ٱلنَّاسِ مَن یَعۡبُدُ ٱللَّهَ عَلَىٰ حَرۡفࣲۖ فَإِنۡ أَصَابَهُۥ خَیۡرٌ ٱطۡمَأَنَّ بِهِۦۖ وَإِنۡ أَصَابَتۡهُ فِتۡنَةٌ ٱنقَلَبَ عَلَىٰ وَجۡهِهِۦ خَسِرَ ٱلدُّنۡیَا وَٱلۡـَٔاخِرَةَۚ ذَ ٰ⁠لِكَ هُوَ ٱلۡخُسۡرَانُ ٱلۡمُبِینُ)[سورة الحج 11] دەیانگرێتەوە.
15- ئەو تەوقیتاتەی کە دامەزراوەو ئوممەتی ئیسلام چواردە سەدەیە لە سەری دەڕۆن و بۆ هیچ کەسێک نییە دەستکاری بکات و تێکی بدات و بە ویستی خۆی هەڵیسوڕێنێت، ئەوە ئیجتیهاد نییە بەڵکو ئیشتیهایە، لەکاتێکدا کە لەو مەسئەلانەدا ئیجتیهاد جائیزنییە تەنانەت بۆ ئەهلی خۆیشی چونکە مەسئەلەی تەوقیفییە. دەقی لەسەرەو ئوسوڵیەکانیش گوتویانە (لا اجتهاد في معرض النص).
16- رەنگە بگوترێت کەی دادپەروەرییە لە وڵاتێک 20 سەعات خەڵکی بەڕۆژوو بێت لە وڵاتێکیش 12 سەعات، دەڵێن: ئەو کاتژمێرانە بەردەوام وانیێە بەڵکو دەسوڕێنەوە لە ساڵەکەدا، ئەوەی ئێستا 20 کاتژمێر بەڕۆژووە ساڵی وایش هەیە 10 کاتژمێرو کەمتریش بەڕۆژوو دەبێت، چونکە زستان و هاوین تەقریبەن بە سەر تەواوی گۆی زەویدا تێدەپەڕێت، لە کاتێک لە وڵاتانی ئەسکەندەناڤیا موسڵمانان چەند کاتژمێرێکی کەم بەڕۆژوو دەبن بەڵام لە ناوەڕاستی رۆژهەڵاتدا 17 کاژمێر خەڵکی بەڕۆژوو دەبێت، ئەی لەو کاتانەدا بۆ باسی دادپەروەری ناکەن بۆ بەرانبەرە موسڵمانەکانیان؟ بەڵام بە پێچەوانەوە هاواریان لێ هەڵدەستێت و پەنا دەبەنە فەتوای نادروست و بۆ خۆیانی دادەتاشن و لە کاتی عەسردا بە تەوقیتی مەککەی پیرۆز هەندێکیان دەیشکێنن؟ لە کاتێکدا ئەم ئیجتیهادە باتڵەو پێچەوانەی دەقی سەریحی قورئانە کە دەفەرموێت لە فەجری سادیقەوە تا رۆژئاوابوون بەڕۆژووبن (وَكُلُوا۟ وَٱشۡرَبُوا۟ حَتَّىٰ یَتَبَیَّنَ لَكُمُ ٱلۡخَیۡطُ ٱلۡأَبۡیَضُ مِنَ ٱلۡخَیۡطِ ٱلۡأَسۡوَدِ مِنَ ٱلۡفَجۡرِۖ ثُمَّ أَتِمُّوا۟ ٱلصِّیَامَ إِلَى ٱلَّیۡلِۚ)[سورة البقرة 187] ،
17- ئەوانەی نیشتەجێبوونیان لە ئەوروپا هەڵبژاردووە یان ئێستا رۆژووگرتن تێدا دورودرێژە پێویستە یان خۆڕاگربن و بە تەواوی رۆژوواکانیان بگرن، عەمەد بکەن بە ئایەتی(وَٱسۡتَعِینُوا۟ بِٱلصَّبۡرِ وَٱلصَّلَوٰةِۚ وَإِنَّهَا لَكَبِیرَةٌ إِلَّا عَلَى ٱلۡخَـٰشِعِینَ ۝ ٱلَّذِینَ یَظُنُّونَ أَنَّهُم مُّلَـٰقُوا۟ رَبِّهِمۡ وَأَنَّهُمۡ إِلَیۡهِ رَ ٰ⁠جِعُونَ)[سورة البقرة 45 - 46]
یان لەو مانگەدا گەشت بکەنەوە بۆ وڵاتێک کە کاتژمێرەکانیان ئاساییە ، خۆ واجب نییە لەوێ بن.. ئەگەر ئەم دوانەیشیان نەتوانی با بە شەودا نییەت بهێنن وبیگرن هەرکات کەوتنە تەهلوکەو نارەحەتی دەتوانن بیشکێنن و پاشان بیگێرنەوە لە کاتی ئاساییدا..
واللە تعالی اعلم

بەو هیوایەی توانیبێتمان روونکردنەوەیەک لەسەر ئەو شوبهانە بدەین. وصلی الله سيدنا محمد وآله وصحبه اجمعين..
براتان
پ.د. حسن الشيخ خالد المفتي
هەولێر / کوردستان
۲۱ رمضان ی ۱٤٤۱ه
14 ئایار ی 2020ز