نوێژ خۆشەویست بكە لای منداڵەکان

 

ئیمامی غزالی لەپەیامەكەی (أیها الولد) دەفەرمووێت پەروەردە هاوشێوەی جوتیارێكە، دڕك بژار دەكات، گیا نامۆكان لەكێڵگەكەیدا هەڵدەكێشێت، تاڕووەكەكەی باش ببێت و گەشەی تەواو بكات.

ابن القیم یش جەختی لەسەر ئەو بەرپرسیارێتیە كردۆتەوە و قسەی بەجێ‌ و سودمەندی كردووە، ودەڵێت: هەندێك لەزانایان ووتویانە: خوای گەورە لە ڕۆژی دواییدا پرسیار لەباوك دەكات دەربارەی منداڵەكەی بەر لەوەی پرسیار لە منداڵەكە بكات دەربارەی باوكی، چونكە چۆن باوك مافی لەسەر منداڵەكەیەتی بەهەمان شێوەش منداڵ مافی لەسەر باوكی هەیە.

هەرچەندە دایك و باوك ئیمانداریش بن، بەڵام سروشتی دەوروبەرو كۆمەڵگا دەتوانن كاریگەریانی لەسەر دابنێن و ئاراستەی پەروەردەو پێگەیاندنیان بگۆڕن بەشێوەیەكی نەرێنی.

دایك‌و باوكانی بەڕێز منداڵان بەو پەڕی هەست كردن بەبەرپرسیارێتی پێبگەیەنن تاوەكو لەڕۆژی دوایدا ڕوسپی بەردەم لێپرسینەوەی پەروەردگاربین، كە ئەوپەڕی سەربەرزی‌و سەرفراز بوونە، دەنا بەپێچەوانەوە توشی دڵساردی و بێ‌ ئومێد بوون دەبین كەبە هیچ شێوەیەك ئا لەو ڕۆژەدا سودو قازانجمان پێ‌ ناگەیەنێت.

پەروەردگار دەفەرمووێت

الْمَالُ وَالْبَنُونَ زِينَةُ الْحَيَاةِ الدُّنْيَا (الكهف: 46).

واتە: ماڵ و منداڵ زینە‌و جوانی ژیانی دونیان.

پێغەمبەری خوا(صلى الله عليه وسلم) فەرموویەتی: ما من مولود يولد إلا يولد على الفطرة، فأبواه يهودانه أو ينصرانه أو يمجسانه، كما تنتج البهيمة بهيمة جمعاء، هل تحسون فيها من جدعاء.

واتە: هەموو منداڵێك لەسەر فیترەت لەدایك دەبێت، جا دایك و باوكی دەیكەنە جولەكە یاخود گاور یا ئاگرپەرست، هەروەكو چۆن ئاژەڵ بەتێرو تەواوی پەیدا دەبێ‌، ئایا هیچ دانەیەكی لوت بڕاوی تێدا دەبینیت.

جابۆیە خوای گەورە دەفەرموێت

[ وَأْمُرْ أَهْلَكَ بِالصَّلاةِ وَاصْطَبِرْ عَلَيْهَا لا نَسْأَلُكَ رِزْقاً نَحْنُ نَرْزُقُكَ وَالْعَاقِبَةُ لِلتَّقْوَى] (طه: ١٣٢).

واتە: فەرمان بدە بەهەموو تاكەكانی خێزانت تانوێژەكانیان بكەن‌و بەردەوام‌و كۆڵنەدەرو خۆڕاگر بن لەسەری، ئێمە داوای ڕزق و ڕۆزی لەتۆ ناكەین، بەڵكو ئێمە ڕزق و ڕۆزی بەتۆ دەبەخشین، سەرەنجام هەر بۆ خواناسی و پارێزگارییە.

بنیاتنانی پەرستش بەتەواوكاری بیروباوەڕ دەژمێردرێت، چونكە پەرستش روحی بیروباوەڕ تێردەكات هەروەها دەرخەرێكە كەشێوەی بیروباوەڕ بەرجەستە دەكات و دەیخاتە ڕوو، منداڵیش كاتێك دەچێت بەدەم بانگەوازی خوای گەورەوەو، وەڵامی فەرمانەكانی دەداتەوە، ئەوا بەو هۆیەوە ئەو لە دەرونیدا وەڵامی غەریزەیەكی سروشتی خۆی دەداتەوە و تێری دەكات و ئاودێری دەكات.

بۆ ئەوەی چاندنی بیروباوەڕ لەدەروندا بەهێزتربێت دەبێت پەرستش بەهەموو جۆرو شێوەكانی ئاودار بێت، بەو جۆرە بیروباوەڕ لەدڵدا گەشە دەكات و پەل و پۆ لێ دەدات و خۆڕاگر دەبێت بەرامبەر گێژەلۆكەی ژیان وشڵەژانی دەروونی

بێ‌گومان ئەم پرۆسە گەورەو بەنرخە هەروا بەشێوەیەكی سادەو ئاسان دەستگیر هیچكام لە ئێمە نابێت، بەڵكو پێویستی بەهەوڵو كۆششی بەردەوام‌و لێبڕاوانە هەیە.

چ پێویستە لەسەرمان تاوەكو هەوڵ و كۆششی بۆ بدەین؟

یەكەم: سروشتی منداڵ وایە زوو زوو دەگۆڕێت‌و ناتوانرێت لەسەر یەك بار‌و شێوازو حاڵەت رابگیرێت.

دووەم: بەهۆی دەوروبەرو سروشتی كۆمەڵگاوە، بەتایبەت ئەگەر كۆمەڵگایەكی دوور لە خواپەرستی‌و بەها بەرزەكان بن كە بەداخەوە ئەم خاڵەیان باڵی بەسەر بەشێكی یەكجار زۆری موسڵماناندا كێشاوە.

لەژیانی ئەمڕۆماندا، دەتوانم بڵێم كەكۆی وەسائیلەكانی لەخشتە بردن و بەهەدەر بردنی تواناكان سازو ئامادەكراوە وەك: ئەنتەرنێت و سەتەلایت، پلیستیشن....هتد. بەڵكو لەماڵی هەموو تاكێك لەئێمە ئامادەگیەكی وەرگرتووە بەبەردەوامی، بۆیە زیاتر ئەركی سەرشانی باوكان‌و دایكانی قورس و گرانتر كردووە، ئەگەر زوو فریای خۆیان نەكەون و بێدار نەبنەوە.

دەتوانم بڵێم: لەدوای ناسینی خوا سبحانه وتعالى

تاكە كارێك كە جێگای گرنگی پێدان و خۆماندو كردن بێت، ئەوەیە چۆن بتوانین منداڵەكانمان فێرە نویژ كردن بكەین، چونكە نوێژ یەكێكە لەپایە گرنگەكانی ئایینی پاك و بێگەردی ئیسلام، وجیاكەرەوەی كوفرو باوەڕە، خۆراكی بەدەنی عیبادەت و پەرستنەكانی تریشە.

دەبێت منداڵ لەوپەڕی ئامادەباشیدا بێت بۆ چوو نەناو ناخۆشیەكانی ژیان بەوپەڕی متمانەو ئازادبوونەوە، پەرستشی خوای گەورەش بکات کەوای کرد كارێكی سەرسوڕهێنەرو مەزن دەكاتە سەر دەروونی منداڵ، بەهۆی ئەوەوەیە كە هەست بەپەیوەندی خۆی دەكات بەخوای گەورەو بەرزو بێ‌ هاوتاوە، هەر ئەویشە هەڵچونەكانی ناخی هێور دەكاتەوە و بەهۆی ئەویشەوەیە هەڵچوونەكانی توڕەیی لغاو دەكات و جڵەوی دەگرێ.

خاڵەکان

یەكەم: ئەم كارە فەرمایشی خوای گەورەیە، جێ‌ بەجێ‌ كردنی فەرمانەكانی خوای پەروەردگار پوختەی موسڵمان بوونمان دەردەخات، ئەم پوختەیەش بریتییە لە: ملكەچ بوون و جێ‌ بەجێ‌ كردنی فەرمانەكان و خۆبەدوورگرتن لە قەدەغەكراوەكان.

ئەوەتا خوای پەروەردگار دەفەرمووێت: [ يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا قُوا أَنفُسَكُمْ وَأَهْلِيكُمْ نَاراً وَقُودُهَا النَّاسُ وَالْحِجَارَةُ] (التحريم: 6).

واتە: ئەی ئەوكەسانەی كەباوەڕتان هێناوە، خۆتان‌و خاوخێزانتان بپارێزن لە ئاگرێ‌ كە سوتەمەنییەكەی مرۆڤ و بەردە.

دووەم: پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم لەفەرموودەیەكدا بە شێوەیەكی زۆر ڕوون و ئاشكرا فەرموویەتی:

(مُروا أولاكم بالصلاة لسبع سنين واضربوهم عليها لعشر)(5).

واتە: منداڵەكانتان لەحەوت ساڵیدا فێرە نویژ بكەن، وەلە دە ساڵیدا لەسەر نوێژكردن لێیان بدەن.

سێ‌ یەم: بۆ ئەوەی باوكان‌و دایكان توشی سەرزەنشتی لای پەروەردگار نەبن و ڕزگاریان بێت لەبازنەی تاوان.

ابن تيمية ڕەحمەتی خوای لێ بێت فەرموویەتی: هەركەسێك خاوەندارێتی بچوكێك یاخود هەتیوێك یا منداڵێكی كرد، و فەرمانی پێ‌ نەكرد بەنوێژ كردن، ئەوا دواجار تۆڵە لەو گەورەیە دەسێنرێت، چونكە فەرمانی بەو بچوكانە نەكردووە، وەپاشان سەرزەنشتێكی زۆر قورس دەكرێت لەسەر نەكردنی ئەم كارە كەبێ‌ فەرمانی خوای پەروەردگارو پێغەمبەرەكەیەتی صلى الله عليه وسلم.

چوارەم: نوێژ كردن پەیوەندی نێوان خوای گەورەو بەندەكانێتی، ئێمە دەترسین لەدوای مردنمان منداڵەكانمان لانەوازو نەخۆش و سەرگەردان بن، بۆیە لەهەموو ڕوویەكەوە هەوڵدەدەین و خۆمان ماندوو دەكەین، تاكو ژیانێكی ئاسودەو خۆشیان بۆدەستەبەر بكەین، ئەی چۆن لێیان دڵنیابین لەكاتێكدا دەبینین ئەم پەیوەندییەی نێوانیان پچڕاوە! كە ئەوپەڕی سەر گەردانی و سەر لێ‌ شێواوییە.

پێنجەم: بەزەیمان پێیاندا دێتەوە، و دڵمان ئێش دەكات كە دەبینین نارەحەتییەكی دونیایان توش بووە، ئەی بۆ بەزەیمان پێیاندا نایەتەوە كەبخرێنە دۆزەخەوە؟! یاخود چۆن وازمان لێ‌ هێناون تاكو ببن بە هاونشینی(سەقەر) كەهیچ ناهێلێت و هەموو شتێك لوش دەدات؟!.

شەشەم: نوێژ ڕوناكییە، بابەدڵ گوێ‌ بگرین بۆ ووتەكەی پێغەمبەری خوا(صلى الله عليه وسلم) كە دەفەرمووێت:

(وجعلت قرة عينى في الصلاة).

واتە: روناكی چاوەكانم لە نوێژەكانمدایە.

بۆیە منداڵەكانمان سپاردەو ئەمانەتن لەژێر دەستماندا، و هەمووشمان هیواخوازین لەپاشەڕۆژدا پیاو چاك و ڕوو لەخوا دەربچن و سەرفرازو سەركەوتنی هەردوو دونیابن.

حەوتەم: نوێژ كردن یەكەم كردارە كە لە رۆژی دواییدا مرۆڤـ لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەكرێت لە حەقی خوای گەورەدا:

(إن أول ما يحاسب به العبد يوم القيامة من عمله الصلاة).

چۆن دەتوانین ناڕەحەتی و هەوڵ و كۆششی ئەم بەرپرسیارێتیە لە ئەستۆبگرین؟.

بەلێ‌ دەكرێت بەجێ‌ بەجێ‌ كردنی ئەم خاڵانەی خوارەوە، نزیكە نارەحەتیەكانمان لەلاسووك بێت، لە دەرەنجامدا هەوڵەكانمان بیپێكێ‌.

1- چونكە هێشتا لەتەمەنێكی منداڵدان، تاڕادەیەك كۆنترۆل كردنیان كارێكی ئاسانە.

2- گرنگی پێدان و خەم خۆری لەسەرەتاوە بەشێوەیەكی دروست و باش، دواجار لەداهاتوودا بەرهەمێكی باشی دەبێت، هەر بۆیە ئیمامی (غەزالی) دەڵێت: منداڵ سپاردەیە لای دایك و باوكی و دڵ بێ‌ گەردی وەك گەوهەرێكی سافی بێ‌ نەخش و نیگار وایە، بۆیە ئامادەیە بۆ هەموو شتێك كەنەخشی لەسەر بكرێت و ئارەزووی بۆ هەموو ئەو شتانە هەیە كە سەرەنجی بۆ ڕابكێشرێت، جاگەر لەسەر چاكە ڕاهێنراو فێركرا ئەوا لەسەر ئەو چاكەیە پەروەردە دەبێت....، خۆ ئەگەر لەسەر خراپە ڕاهێنراو وەكو ئاژەڵ پشت گوێ‌ خرا، ئەوا بەدبەختی و تیاچوون ئاكامەكەی دەبێت و ئۆباڵیشی لە ئەستۆی پەروەردەكەرو سەرپەرشتیارەكەیەتی.

3- چاوەڕوانی ئەجرو پاداشت بین لای خوای گەورە: لەبەر فەرموودەكەی سەروەرمان (محمد) صلى الله عليه وسلم كە دەفەرمووێت: (من دعا الى هدى كان له من الأجر مثل أجور من تبعه، لاينقص من أجورهم شيئاً).

واتە: هەركەسێك بانگەوازی خەڵكی بكات بۆ هیدایەت‌و چاكە، ئەوا ئەجرو پاداشتی ئەو كەسەی دەست دەكەوێت كە كاری پێ‌ كردووە، بە بێ‌ ئەوەی لە ئەجرو پاداشتی ئەو كەم بكات.

وەبەردەوام مەبەستی سەرەتاو كۆتایمان پەسەند كردن و ڕازی كردنی خودای گەورە بێت، ئەوەتا خوای گەورە دەفەرمووێت: [وَالَّذِينَ جَاهَدُوا فِينَا لَنَهْدِيَنَّهُمْ سُبُلَنَا] (العنكبوت: ٦٩).

واتە: ئەوانەی لەپێناوی ئێمەدا و بۆ بەدەست هێنانی ڕەزامەندی ئێمە هەوڵ و كۆششیان كردووەو خۆیان ماندو كردووە سوێند بەخوا بەڕاستی ئەوانە ڕێنموویی دەكەین بۆ هەموو ڕێگەیەكی چاك و دروستی خۆمان.

ئەگەر ئەمە لەناخماندا بوونی هەبێت بەبەردەوامی هیچ كاتێك بێتاقەتی و وەرەس بوون ڕوومان تێ ناكات، هاوزەمان لەبەختەوەری و ئاسودەیی دا دەژین، چونكە لەسەر باشترین ڕێگەین.

4- ئارامگرتن و هێمنی و لەسەرخۆیی، وەك جێ‌ بەجێ‌ كردنێك بۆ فەرمانەكەی خوای پەروەردگار كە دەفەرمووێت:

[وَأْمُرْ أَهْلَكَ بِالصَّلاةِ وَاصْطَبِرْ عَلَيْهَا لا نَسْأَلُكَ رِزْقاً نَحْنُ نَرْزُقُكَ وَالْعَاقِبَةُ لِلتَّقْوَى] (طه: ١٣٢).

واتە: فەرمان بدە بەهەموو تاكەكانی خێزانت تا نوێژەكانیان بكەن و بەردەوام بن كۆڵنەدەرو خۆڕاگر بن لەسەری، ئێمە داوای ڕزق و ڕۆزی لەتۆ ناكەین، بەڵكو ئێمە ڕزق و ڕۆزی بەتۆ دەبەخشین.

نابێت سەرقاڵ بوون بەكارو كاسبییەوە وامان لێ‌ بكات ئەم كارە گرنگەمان لەبیر بەرێتەو، بەڵكو پێویستە باشترین گرنگی پێ بدرێت بەسەرپەرشتی پەروەردگار لەسەروی هەموویشیەوە نوێژكردن پاككردنەوەی ناخ و دەرون.

چونكە هەرخوای گەورە خۆی ڕزق و ڕۆزی دەرە، دەبێت بەردەوام ئەوەمان لەیاد بێت تالەژیاندا بین ڕزق و ڕۆزیمان بەدواوەیە بەبەردەوامی بەهەمان شێوەی مردن، بەپێچەوانەی ئەوەی كە ئێمە پێشبینی دەكەین.

5- دەربڕینی ملكەچ بوون بۆ خوای گەورە بەپاڕانەوەو دوعا كردن: [رَبِّ اجْعَلْنِي مُقِيمَ الصَّلاةِ وَمِنْ ذُرِّيَّتِي رَبَّنَا وَتَقَبَّلْ دُعَاءِ] (إبراهيم: ٤٠).

واتە: پەروەردگارم خۆم و نەوەكانم بگێڕە لەو كەسانەی كە ئەنجامدەری نوێژن بەچاكی، پەروەردگارا دوعاو نزام گیرا بكە.

وەداوای كۆمەكی كردن لێی، چونكە هەرگیز بەهەوڵ و كۆششی خۆمان هیواو ئاواتەكانمان بەدەست نایەت بەتەواوی، ئەگەر خوای گەورە سەركەوتومان نەكات و یارمەتی دەرمان نەبێت، بەڵكو پێویستە بەردەوام بپاڕێینەوەو هیوابڕاو نەبین، باشترین پاڕانەوەش پارانەوەیە بەناوو سیفاتەكانی خوای گەورە.

بەپشتیوای خوای گەورە ئومێدەوارم توانیبێتم تیشكێكم خستبێتە سەر ئەم باسەو بەرچاو ڕوونیەكم نیشانی دایكان و باوكان دابێت بۆپەروەردەكردنی ڕۆڵەكانیان