ڕۆڵی گەنجان و گرفت و چارەسەریەکان

گەنج وەک بەهایەکی گرینگی مرۆیی و گەورەترین سەرمایەیی وڵاتان زیاتر لەسەرمایەکانی تر لەجیهاندا گرینگی پێ ئەدرێ گەنج نەمامی هێزو تواناو زیرەکییە،داینەمۆی داهێنان و وەگەر خستنی شەمەندەفەری ڕۆشنبیرییە،گەنج ڕۆحی کۆمەڵگەو بەردی بناغەی شارستانیەتە،بەجۆرێ لەهەر کاتێ وەرچەرحان و شۆرشێک بەرپاکراپێ لەهەر ڕەهەندو بوارێ یان گەنج بەتەنها شانیان داوتەبەر یاخود زۆرترین و ڕۆڵ و پشکی شێریان بەرکەوتوە،گەنجێتی هەستیارترینی قۆناغەکانی ژیانە،وەدرێژترین قۆناغی ژیانیشە بۆیە بەرپرسیارەتێکی گەورەو پرسیارێکی زۆری لەسەرە لەدواڕۆژ،وەلەسەری ڕائەگیرێین لەسەر چۆنیەتی بەڕێکردنی لێپێچینەوەمان لەگەڵ دەکرێ لە سەری،هەر لەم قۆناغەشە مرۆڤ کەسیەتی خۆی بونیات ئەنێ وئامادەسازی ئەکات بۆئەوەی لەئاست هەر بەرپرسیارەتیەک دابێ کەلەمەو دوا بخرێتە سەرشانی.

بۆیە هەرگیزاو هەرگیز ناکرێ ئەم چینە هەستیارە پەراوێز وپشتگوێ بخرێ،بەرزبونەوەو نزمبونەوەی هەر میللەتێک پەیوەندیان بەڕۆح هەست وشعوری گەنجەکانی و ئەوپەروەردەو فێرکردنەوە هەیە کەوەری دەگرن وئاڕاستە دەکرێن،ئەومیللەتانەی گەنجەکانی بەباشی پەروەردەکراون هەمیشە کاندیدن بۆپێشکەوتن،لەبەرامبەردا دواکەوتنی ئەومیللەتانەی کەلاوەکانی خۆی پشتگوێ خستووە شتێکی حەتمییە،کۆمەڵگا قاپێکی کریستاڵیەو گەنجەکانی ناویشی شلەیەکن تیایدا،شێوەو ڕەنگی ئەو وەردەگرن ولەڕێگەی ئەوەوە دەردەکەون،ئەوانەی دەیانەوێت سەبارەت بەداهاتووی میللەتێک پێشبینی وپێشگۆیی بکەن،ئەگەر تەماشای پەروەردەی لاوەکانی ئەو میللەتە بکەن،ئەوەلەبڕیارەکانیاندا لەسەدا سەد دەیپێکن،هەواو ئارەزوەکان لەشتی شیرین وفەزیلەتەکانیش لەچێشتی ترش وسوێرو تاڵ دەچن،ئەگەر بێت وگەنج سەربەست بکرێت لەهەڵبژاردنی یەکێک لەمانە،داخۆ پێویست دەکات بڵێین کامیان هەڵدەبژێرێت وکامیان وازلێدەهێنێت؟!

ئەمەلەحاڵێکدا کەناچارین گەنجان وەک دۆستی فەزیلەت و دوژمنی بێڕەوشتی پەروەردە بکەین،ئەم میللەتانەی گەنجەکانیان لەشەپۆلەکانی هەواو ئارەزوودا جێهێشتون زۆر بەقوڕسی باجی ئەم پشتگوێخستنەیان داوە،ئەگەر ئەمڕۆ ناپاکی چواردەورەمانی تەنیوەو نەوەکان ڕۆژ بەڕۆژ زیاتر لەسنور دەردەچن،ئەمەبەتەواوەتی دەرەنجامی کەمتەرخەمی ئێمەیە چونکە کاتێک سەرمان لەناو هەورەکاندا دەهات ودەچوو هەستمان بەو مارانە نەکرد کەبەنێو قاچماندا هەتا ناو ژووری نوستنەکانمان دزەیان کردبوو،وەبەدەستی خۆمان دۆخی ناهەمواری ئەمڕۆمان خولقاند.

بۆیە دەربڕینی شەفەقەت ونەرم ونیانی و ئاوڕدانەوەی پێویست وهەڵگرتنی نازو هەستکردن بەپرسیارەتی بەرامبەریان،هەنگاوێکی مانا بەخشە لەسەر ڕێگای هەستاندنەوەی وڵات ومیللەتەکەمان،ئەوەندەهەیە ئەم هەستی بەزەیی ومیهرەبانییە،ئەگەر ڕووی لەژیانی دڵ وڕۆحیان بێت بەسودە،بەڵام گەر ڕووی لەجەستەو لاشەیان بێت زیانبەخشە ودەیانکات بەبونەوەری جەستەیی وتەنانەت لەوانەیە لەشیرازەش دەریان بکات،وەئەگەر بێت وئاشتەوای ولێک نزیکبونەوەیەک بکرێت لەنێوان چینی تەمەندارو گەنجەکانمان،ئەزموون و ژیریی پیران وهێزو توانای لاوان لێکبدرێ وبکرێ بەهەویرێک وبەئاوو خوێی ویژدان ودادپەروەرییەوە بشێلدرێ،بێگومان بەشی تێربونی تاواوی دانیشتوانی جیهان کولیچەی لێ ئەسازێنرێ.لەدیدو تێڕوانینی پەیامی پیڕۆزی ئیسلامیش بایەخێکی زۆر بەگەنج دراوەو بەچاوێکی گەورە تەماشاکراوە،بەجۆرێک قورئانی پیرۆز پڕیەتی لەهەڵوێستی ئەو گەنجانەی ڕێڕەوی ژیانیان گۆڕیوەو بەزوڵم ژێر دەستەیی ڕازی نەبوون،وەخوای گەورەو پێغەمبەرانی لەتەمەنی لاوێتی ناردوون،وەئەوانەی بڕوایان بەپێغەمبەر هێناو پاڵپشتی بوون لەبنەبڕکردنی جەهل و نەزانین و بونیات نانی دەوڵەتی ئیسلامی زۆرینە گەنج بوون،وەیەکێ لەو حەوت چینانەی لەژێر سایەیی خوا حەشرەکرێ گەنجێکی تەوبەکارو چاکەکارە کەگەنجایەتی فڕۆشبێتەخواو پەیامەکەی،وەحەزرەتی خۆشەویستیش هۆشیاری دەدا ئاگامان لەقۆناغی گەنجیەتی بێ بەر لەوەی لەکیسمان بچێ و پیری بەسەردا بێ،لەچاخی زێڕینی پێغەمبەرو یارانی وەلەسەردەمی خولەفای ڕاشدین و ئەمەویەکان توانرا جوانترین خزمەت بەمرۆڤایەتی بکرێ کەتا ئێستا مێژو شانازی پێوە ئەکات کەزۆربەیان گەنج بوون،

گەر بێت و باسێ لە کێشەو گرفتەکانی گەنجان بکەین هێندە زۆرو زەوەنن نازانم لەکوێوە دەست پێ بکەم لەکوێ کۆتایی پێ بهێنم،ئاخر گەنجی ئیمڕۆ هێندە پڕکێشەو گرفت و بێ ئومێدە مەگەر ڕەحمی خوا ئەگینا زۆر ئەستەمه بتوانرێ ئومێدیان لەسەر هەڵچنرێ و ئومێدێکی گەشت پێیان هەبێ کەمینەیەکی زۆر کەم نەبێ ئەوی تر هەمووی ڕوخاوەو تەسلیمی ئەو واقیعە نەخوازراوە بوونە،ئاخر ڕۆژ هەیە دڵت بۆئەو گەنجانە نەسوتێ و،ئاخۆ ڕۆژ هەیە دەیان دیمەنی تراژیدی نەبینی،ڕۆژ هەیە نەتلێیتەوە بەدیتنی دیمەنی هەڵڕشتنی فرمێسکی گەنجان،هەر یەکەو بەجۆرو بەئاوازێ باس لەکێشەی خۆی ئەکات،هەیانە ئەڵێ،لای کۆمەڵێ برادەر هەڕەشەی کوشتنم لەسەرە چونکە نهێنیم لایانەوەو داوای شتی خراپم لێ ئەکەن گەر داواکەیان جێبەجێ نەکەم ژیانم دەڕوا،هەیانە ئەڵێ بەمنداڵی فێری جگەرە کراوم ئێستا پارەی کڕینم نیە خەریکە شێت دەبم،یەکێ ئەڵێ هەوەسم زۆرەو کەسێکی شەهوانیم پارەی ژن هێنانیشم نیە،هەیانە ئەڵێ لای برادەران فێری ماددەی سڕکەر بووم وازم پێی لێ نایێ،هەیانە ئەڵێ ژنم هێناوەو منداڵم هەیە توانای کڕینی شیرو بەیبیم  نیە نازانم بەچ  چاوو ڕوێ داوا لەباوکم بکەم ئاخر ڕۆژێک و دوان نیە...تاد

واتە دەتوانین بڵێین گەورەترین کێشەکانی  گەنجان بەم شێوەیە:

٭دانەمەزراندن و بێ کاری

٭نەبونی خەرجی و درەنگ ژن هێنان

٭جگەرەو نێرگلە

٭ئاڵودەبون بەماددە سڕکەرەکان

٭ئاڵودەبون بەتۆڕەکۆمەڵایەتیەکان و یارییە ئەلیکتڕۆنیەکان

٭ئیستمناء:خوی نهێنی و ئاو هێنانەوە بەدەست

٭کۆچکردن و پەنابردن بۆژیان و چارەنوسێکی نادیار

٭نەخوێندنەوە

٭هاوڕێی خراپ

٭لادانی جنسی

٭کات بەفیڕۆدان

٭نەمانی هاوسەنگی لەخواردن و خەوو

٭مۆدەگەرایی و چاولێکەری

٭ئاڵودەبون بە نەشتەرگەری جوانکاری،

هەزاران ئەفسوس و مخابن گەنجانمان بێ کەسن و خەمخۆری دڵسۆزی ڕاستەقینەیان کەمە،نەحکومەت خەمی لەبەرەو نازیانەکێشێ،  نەحزبەکان،نەڕێکخراوە ناوخۆی و جیهانیەکانیش توانیویانە لەئاست تموح داواکاریەسەرەکیەکانی گەنجان بن

ئەوەی کەئێمە ئەزمونمان کردیەو خوێندنەوەمان لەسەری هەبوە خاڵێکی هاوبەش یاخود گرفتێکی هاوبەش لەنێوان گەنجی خۆمان و هی وڵاتانی دی هەیە ئەویش لایەنی ڕۆحی و دەرونیە کە فەراغ و بۆشاییەکی ئێجگار گەورەیەو ڕاستەو خۆ کاریگەی دەرەکەوێ لەسەریان،ئەگینا بەکۆی گشتی جیاوازی لەنێوان گرفتی گەنجانی کوردستان و وڵاتانی تر ئەمەیە

گەنجی ئێرە ئاخ وداخ وئۆفی حەسرەتی ئەوە ئەکێشێ کە خۆشی نەبینوەو تاقی نەکردۆتەوە،ڕێک بەپێچەوانەی گەنجی وڵاتان گەنجی وڵاتانی تر هێندە ڕوو چوون لەخۆشی شتێ نەمایە تاقی نەکەنەوە بەڵام هێشتا ناگەن بەو بەختەوەریەیی لەدوای وێڵن چونکە ڕۆحەکە برسیەتی و پێویستی بەخۆراکو تێرکردنە بۆیە لەدواجار پەنا ئەبەنە بەر خۆ کوشتن و ئەویش تاقی ئەکەنەوە،واتە گەر ژیانیش کێشەی نەبێ تەواوی پێداویستیەکانیش جێبەجێ بکرێن بەڵام گەر بێت و ئیمان و ڕەوشت و ئارامی ڕۆحی نەبێ داجار ئەوەش خۆشبەختت ناکا،گەنج کاریگەری منداڵی و هەرزەکاری زۆر بەسەرەوەیە واتە گەر بێت و لەمنداڵی پەروەردەیەکی چاک بکرێ لەهەرزەکاری ڕێنمایی بکرێ،گەنجیەتیشی بەسەلامەتی تێ ئەپەڕێ ئەگینا پێچەوانەکەی ڕستەبێ،

هەندێ لەچارەسەرەکان:

٭ئاوڕدانەوەی جدی و پێویست لێیان لەلایەن حکومەت و دام و دەزگا مەعنیەکان

٭کاراکردنەوەو سەلاحیەت دانە دەست سەنتەری لاوان و ڕێکخراوە مەدەنیەکان

٭ئیشکردنی زیاترو دڵسۆزانەتری ڕێکخراوەکان بەگشتی و ئیش لەسەر کردنی حەزو پڕکردنەوەی پێداویستیەکانیان بەتایبەتی

٭هەستکردنی تەواو حکومەت بەگرینگی و پێگەو ڕۆڵی گەنجان و،مەترسی پەراوێزخستن ولەدەست دانیان

٭گەنجان خۆیان هەست بەوە بکەن کە گرینگ و کاریگەرن و ئەتوانن ڕۆڵ ودەستیان هەبێ لەتەواوی ڕەهەندو جومگەو کایەکانی ژیان

٭گەنجان ئامانج و پلان و پڕۆژەی تایبەت بەخۆیان هەبێ و قوڵی لێ هەڵ بماڵن و لێی سست نەبنەوە تاکو ئەگەن بەکۆتا

٭خۆیان پێ کەم بەبێ و دەست بکەن بەگۆڕانکاری سەرەتا لەخۆیانەوە دەست پێ بکەن

٭لەخوێندنەوە دانەبڕێن ئەگەر کەمێکیش بێ ڕۆژانە

٭خۆیان لەبرادەرو خەسڵەتی خراپ بپارێزن کەلەکەداریان بکا

٭مامۆستایێکی دڵسۆزیان هەبێ پرس وڕای پێ بکەن

٭هەوڵدەن زمان و کارو پیشەی جیا جیا فێرببن

لۆخاتری ئەوەی پەکیان نەکەوێ...

لەکۆتاییدا ئەڵێم گەر بێت و گەنج پەروەردەیەکی باش کرابێ وەخۆی تموح و حەزو خەون وخولیایی گەورەی هەبێ و خۆی بدۆزێتەوە ئەتوانێ بەجۆرێ ڕەگو ڕیشاڵەکانی دابکوتێ نەباوو بۆرانی حیزب و حکومەت نەلافاوو لێمشتی کوفرو ئیلحادو عەلمانیەت ئەتوانن هەرەسی پێ بێنن،ئەبێتە گوڵێک و ڕۆشنایەک بۆخۆی و دەورووبەری و،وەلەهەمان کاتیش ئەبێتە زل و ڕمێکی بەهێز بۆچاوی نەیارو ناحەزانی،کاتیەتی داوای شتی گەورەبکەین و تموحی گەورەمان هەبێت و هەوڵی ئەوەبدەین ئێمە ژیانی هەندێکی تر ڕزگار بکەین،نەوەک بەو بێ ئومێدیەو بێ تاقەتی و کزو داماوو ماتو مەلول و سەرگەردان دابنیشین و دۆش دابمێنین و چاوەڕێ بکەین ئاخۆکێ بێ دەستمان بگرێ و ببێتە فڕیاد ڕەسمان بەڵکو بو تەکانێ بەخۆبدەین و چیتر بەدەم گلەیی وگازندەوە بەهەناوێکی پڕەوە فرمێسک نەڕێژین چونکە زۆرمان کرد کەس زگی پێ نەسوتاین،ئیتر ئەبێ خۆمان زگمان بەحاڵی خۆمان بسوتێ و کاری جدی تر بکەین.