سەردانی پاپا فرانسیس

ئاریشە قوڵەکانی بەردەم شارستانیەت و مرۆڤایەتی فاکتەرگەلێکی لەپشتەوەیە، لێ هیچ کامیان بەقەد دەمارگیری ئایینی و نەتەوەیی زیان و مەترسیان بۆ سەر مرۆڤایەتی دروست نەکردووە.

ململانێی دژوارو ناتەندروست و نالۆژیکی نێوان بەشێکی زۆری وڵات و نەتەوەو ئایدیاو گروپ و لایەنەکان دەگەڕێتەوە بۆ دەمارگیری و ئەنانیەت و قبوڵنەکردنی یەکترو، غیابی دیالۆک و تێگەیشتنی دروست بۆ دەقەکان، لەو چوارچێوەوە هەستی خۆسەپێنی و گرژی و تەنانەت سڕینەوەی بەرامبەر بەرهەم دێ و تەفسیری عاتیفی و میزاجی دەبێتە جێگرەوەو سەپاندنی هێز بۆ ئاراستەکردنی کۆمەڵگە، هەر لێرەوەیە سەدان بۆچوون و هەزاران ئاراستەو هەڵوێست سەرهەڵدەدات و دواجار پرۆسەی سەقامگیری و پێکەوەژیان دەکەوێتە مەترسی و، تەشەنووج و ترازان و تیرۆرو خاپورکردن و داگیرکاری دەبێتە کەرەستەو کاری گروپە توندئاژۆکان لەرووی ئایینی و نەتەوەییەوە.

تاکە بەدیل بۆ راگرتنی هاوسەنگی و ئارامی نێودەوڵەتی و بوژانەوەی ژیان و مرۆڤایەتی و پێشوەچوونی شارستانیەت تەنهاو تەنها ئاشتیە! وەک گوتراوە' لا سلام فى العالم من دون السلام بین الشعوب والأديان'..

بۆیە هەر هەنگاوێک بۆ چەسپاندنی بنەماکانی ئاشتی لەسەر هەردوو ئاستی ناوخۆو دەرەوە لە پێناو پاراستنی کەڕامەتی ئینسان و سەقامگیری کۆمەڵگە، ئەرکێکی گەورەو لەپێشینەی مرۆڤە بەجیاوازی ئایین و نەتەوەو رەگەزو دەنگ و رەنگەوە.

ساڵی ۲٠۱۹ دوای سەردانی پاپای ڤاتیکان بۆ میسڕو مەغریب و ئیمارات و چەند وڵاتێکی عەرەبی، لە سەر ئاستی وڵاتانی ئیسلامی پەیمانی (برایەتی ئینسانی) لە ئەبوزەبی پایتەختی ئیمارات لەنێوان ئەزهەرو ڤاتیکان و بە ئیمزای شێخی ئەزهەرو پاپا لە پێناو ئاشتی جیهانی و پێکەوەژیان ئەنجام درا..

پاپا فرانسیس پاپای ڤاتیکان کە دێتە عیراق و کوردستان حەتمەن خوێندنەوەی جۆراوجۆری بۆ دەکرێ و هۆکاری هەمەلایەنەی هەیە، بەپێی شرۆڤەو راگەیاندنەکان ئامانجی ئەو زیاتر بۆ پەسنی پێکەوەژیان و گەشەو گەیاندنی پەیامی ئاشتیە لە رۆژهەڵاتی ناوەراست.

ئیدی هەر هەوڵ و هەنگاوێک لەچوارچێوەی چەسپاندنی ئاشتی و ئارامی بۆ خزمەتی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بەگشتی و عیراق و کوردستان بەتایبەتی گرنگ و جێی بایەخەو رێزگرتن لەو هەوڵانە هێمای تێگەیشتنە..