دکتۆر مەلا عبدالله مەلا ئەحمەد الإمام ئاكرەیی... ماڵئاوا ....... مردن هەقەو هەمووان دەبێ بمرین، بەڵام ئەوەی جۆری مردن و سەفەری ژیانئاوایی یەکجارەکی جیا دەکاتەوە پەرێزو خزمەت و دڵسۆزی و دیندارییە لە دونیا. ناوەراستی مانگی ئازار، ئازارێکی قوڵ بە وەغەرکردنی هەتا هەتایی مەرحوم دکتۆر مەلا عبدالله ئاکرەیی زاناو کەسایەتی دیاری کوردستان و بادینان و ئەندامی باڵای یەکێتی زانایان، کەوتە ناخی هەموو ئەوانەی دەزانن مردنی ئەو جۆرە کەسایەتیانە چ خەسارەتێکی گەورەیە بۆ کوردستان. خوالێخۆشبوو لە ماڵباتێکی ئایینپەروەرو نەتەوەدۆست و دڵسۆز بۆ مینبەرو میحراب و رێڕەوی کاروانی زانست و زانستخوازان هەڵکەوتبوو، ژینگەی خانەوادەیی و لێهاتوویی، ئەو زەمینەی پێدا بوو بتوانێ لەو تەمەنە مامناوەندییە بچێتە پێشەوەو خزمەتێکی جوان و رێک پێشکەش بکات و ببێتە کاراکتەرێکی دیارو جێی متمانەی هاوپیشەو دەوروبەری تا ئەوەی شەڕەفی براگەورەیی لە سەرپەرشتیکردنی زانایانی دەڤەری ئاکرێ پێ بڕا. مامۆستا یەکێک بوو لەوانەی گرنگی بەلایەنی زانستی و تەدریس و ناوەندە زانستیەکان و قوتابیانی ئایینی دەداو هەستی بایەخدان بە خوێندنی زانستە شەرعیەکان لای ئەو خەم و ئەولەویەت بوو، بۆیە وێڕای ئەرکی فەرمی لە مزگەوت و پەیمانگاو کۆلێژ دەرسی دەگوتەوەو خزمەتی دەکرد. لەرووی کۆمەڵایەتی و ئاشتەوایی و پاراستنی سەقامگیری کۆمەڵگەو قسەی خێرو حەزی چاکەکاری توانای خۆی سەرف دەکردو لە کۆکردنەوەی زانایان و پاڵپشتی رەوشی مزگەوت و گوتاری هاوسەنگ و میانڕەوی ئایینی و قوڵکردنەوەی پێکەوەژیان لە دەڤەرەکە جێگەی دیار بوو. هێندەی دیقەتم لە هەست و هەڵوێستەکانی دابێت، کەسێکی موخلیس بوو بۆ دین و مکوڕ بوو لەسەر ئەو مەبدەئانەی وەک مەلایەک هەڵیگرتبوو، داکۆکی لەو قەوارە ئایینپەروەری و نەتەوەپەروەرییە دەکرد، کە کورد لە دێرینەوە پێی پابەند بووە. پێش چەند مانگێک هاوکات لەگەڵ یادی ۵٠ ساڵەی دامەزراندنی یەکێتی زانایان کە عەرزم کرد پرۆژەیەک بۆ تۆمارو نووسینی یادەوەرییەکانی نیو سەدە خزمەتی یەکێتی زانایانم لەبەر دەستە، بابەتێکی تایبەتی بەو بۆنەوە بۆ کتێبی (پەنجا ساڵەی خزمەت..) نووسی، رامان و شرۆڤەو پوختەیەکی جوانی لەو روئیایەی هەیبوو خستیە ڕوو، کە تەعبیر بوو لەو هەستە ئایینی و پیشەیی و نەتەوەیی و نیشتمانیەی ئامانجی بوو لە ژیاندا. لەبەشێکی پەیڤەکانی کە بوونەتە یادگاری ئەرشیفی ئەو یەکێتیەی ئەو خزمەتی تێدا دەکرد، نووسیویەتی: "ئامانجی یهكێتی زانایان خزمهتكردنی زانایان و له رێگای ئهوانيش خزمهتكردنى ئایینی پیرۆزی ئیسلامو دۆزی رهوای گهلهكهمان بووە، ههمیشه یهكێتی زانایان به یهكهم شوێن دانراوه كه لێیهوه پارێزگاری له ئایینی پیرۆزی ئیسلام بكهینو بتوانین بهرهنگاری ههموو ئهو دهنگه نهشیاوهش ببینهوه، كه بیانهوێت كوردو ئیسلام لێك دوور بخهنهوهو بۆشاییهكی گهوره بخهنه نیوان ئهمرۆ و دووێنی كورد، یهكیتی زانایان له سهرهتایی دامهزراندنیهوهو تا ئیستا كه یوبێلی زێرێنی یادی دامهزراندنیه ههمیشه هاندانو بهشداری كارا بووە بۆ یهكخستنهوهی ماڵی كورد، ههروهها رۆڵێكی باڵای ههبوویه له كاركردن له سهر پاراستنی ئهمنو ئاساییشی كوردستانو بهرنگاربوونهوهی ئهو دیارده نهشانازانهی كه ئهمن و ئاسایشی كوردستان تێك دهدهن". لەراستیدا ئەو جۆرە کەسانە تەنها لەخۆیان ناڕۆن، بەڵکو بۆشاییەکی گەورە لەدەوروبەری خۆیان دروست دەکەن و بەتێپەڕبوونی زەمەن هەست بە لێکەوتەکانی دەکرێت، پڕکردنەوەی ئەو کەلێنەو هەڵکەوتنەوەی ئەو چەشنە مرۆڤانە ئاسان نیە، بەڵام قەدەری ئیلاهی قەرارێکی حەتمیەو بێ حیکمەت نیە. بۆیە رۆیشتنی ئەو تەرزە زانایانە لەسۆنگەو چوارچێوەی پێگەو پیشەی مەلایەتی و لەرووی کاریگەری و کاری خێرو کۆمەڵایەتیەوە خەسارەتێکی گەورەیە، بەتایبەت بۆ یەکێتی زانایان و هەموو ئەو مامۆستا بەرێزانەی ساڵانێکە پێکەوە خزمەت دەکەن. خوای بەخشندە لەفەزڵ و فەیزی شەوی هەیینی رۆحی شاد بکات و گۆڕی بۆ بکاتە مێرگێک لە باغەکانی بەهەشت و پاداشتی بەخێری لەسەر تەواوی کارو هەنگاوە باشەکان بداتەوەو مەئوای فیردەوسی ئەعلا بێت. مەلا عبدالله شێرکاوەیی 18ی3ی2021 |