وێڕای ئەوەی راگەیاندن لە ئیسلامدا پێگەو گرنگی خۆی هەیە، لەهەمان کات بنەماو رێسای تایبەت و پەیام و ئامانجی هەمەلایەنەی لە چوارچێوەی خزمەتکردنی مرۆڤ و کۆمەڵگەو بەرژەوەندی نێوانیان دیار کردووە. بەدرێژایی مێژووی مرۆڤایەتی و شارستانیەت راگەیاندن رۆڵ و ئامادەیی و کاریگەری خۆی هەبووە، بەڵام بە شێوازو ئالیەت و تەکنیک و ئاست و جەمسەری جۆراوجۆرو جیاواز. لە ئێستادا راگەیاندن لەڕووی تەکنیک و بەهۆی تەکنەلۆژیاوه لە ئەوجی پێشکەوتن دایەو خەریکە هەژموون و داینەمۆی راگەیاندن لەم چەرخدا لەدەستەڵاتی چوارەمەوە بەرەو یەکەم و دووەم دێت! تا ئەوەی میدیای بینراوو و ئەلیکترۆنی جێگەی رۆژنامەگەری خوێندراو بیستراوی گرتۆتەوەو بەجۆرێک لە جۆرەکانیش پێناسەی رۆژنامەنووسی لێڵ و ئاڵۆز کردووەو فەزاکەی زۆر جار کردۆتە فەوزاو سەر ئێشە، بەهۆی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و نەبوونی سانسۆڕ، زۆربەی خەڵک خۆی لێ بۆتە رۆژنامەنووس و پسپۆڕو سیاسەتوان و رەخنەگر! بەڵام لە ڕووی ناوک و ناوەڕۆک و بابەتیەوە نەک نەگەیشتۆتە ئەو ئاستە، بگرە زیاتر نمایش و رووکەش و بێ پلانی و ئامانجی پێوە دیارەو لە نێو قەیرانی وابەستەیی و بێ تفاقی و گریمانەی کێبڕکێی بردنەوەو زاڵبوون تووشی شڵەژانێکی گەورە هاتووە، زۆرێک دەزگای ئیعلامی گەمەیە لەسەر روداوە سادەکانی رۆژ نەک ئاراستەکردنی کۆمەڵگە بۆ ئەو ئامانجە گەورانەی نەتەوە بۆی تێدەکۆشێ. راگەیاندنی کوردی لەهەردوو باڵی ئورگانی و لایەنداری دەرنەچووە، دەزگایەکی ئیعلامی نەتەوەیی و نیشتمانی و گشتیت دەست ناکەوێ، کە رەنگدانەوەی هەموو دەنگ و رەنگە جیاوازەکان و خاوەن پرۆژەی ستراتیژی گەل و وڵات بێت، ئەوەی هەیە زیاتر زمانحاڵی و هەواڵی و سیاسی و کەرەستەی رۆژن..!! ئێستا لەناو ئەو جەنجاڵیەی هەیە، کۆی پرۆسەی راگەیاندن پێویستی بەخۆداچوونەوەیەکی ریشەیی و هەمەلایەنەو گشتی لەسەر بنەمای کاراترکردنی یاسا پەیوەستەکان و بەهێزکردنی پێوەرو ئەزموونی پیشەیی و پاراستنی ئیتیکی رۆژنامەوانی و بەنیشتمانیکردنی میدیاو قورتابوون لە ململانێ...هتد هەیە. باشترین بژاردەو هەنگاو بۆ سازکردنی ئەو زەمینەیە، ئەکتیڤکردنی یاساو دیارکردنی پێناسەو دامەزراندنی دەزگایەکی باڵای پیشەیی نیشتمانی تایبەت بە راگەیاندنە. لە ساڵیادی رۆژی رۆنامەگەری کوردی دەستخۆشیم بۆ هەموو ئەوانەی لە مەجالی راگەیاندن کارو هەنگاوی باش و بەسوود بۆ خەڵک و خاک بڵاو دەکەنەوەو دەیانەوێ بە روئیاو پرۆژەی بونیاتنەر خزمەتی کوردستان بکەن. |