دەربارەی گرفتی پاشماوەی قوربانی

لەگەڵ هاتنی جەژنی قوربانی پیرۆز چەندە دڵخۆشین بەوەی گیانی بەخشین و بەپیریەکچوون گەرم دەبێتەوە، لە هەمان کاتدا گرفتێکی مەترسیدار دێتە ئاراوە، ئەویش بابەتی بە فیڕۆدانی پاشماوەی قوربانییەکانە، رووباری خوێن لە کۆڵان و شەقامەکان دەڕژێت، لە قەراخ شارو سەر رێگاکان، پێست و ورگ و بەشەکانی دیکەی قوربانی کەڵەکە دەکەن، جۆرەها میکڕۆبی زیانبەخش بڵاودەبێتەوەو چەندان نەخۆشی درووست دەبن، بۆنێکی ناخۆش هەموو لایەك دەگرێت، مێش و مەگەز گڤەگڤی دەگاتە حەفت تەبەقەی ئاسمان، لەگەڵ دیمەنەکە هەرچی تام و چێژی جەژن هەیە دەبێتە زەقنەپووت، خەریکە مرۆ لە بنی زگییەوە هەڵێنجی دێتێ و دەڕشێتەوە. ئەم دیاردەیە وێڕای ئەوەی جوانییەکانی قوربانی دەشێوێنێت، سیمایەکی ناشارستانی و ناهۆشیاریش بۆ وڵات و نیشتیمان و خەڵکەکە درووست دەکات.

هۆکاری سەرەکی ئەم دیاردەیە گۆڕانی دیندارییە لە خواپەرستییەوە بۆ عادەت، چونکە کاتێك قوربانییەکەت وەکو خواپەرستی ئەنجام دەدەی، دەزانی قوربانی چەندە خێرو پیرۆزو گەورەیە، لەوانەیە ئازاردانی خەڵک لەرێگەی بڵاوکردنەوەی دەیان نەخۆشی و پیسکردنی ژینگەو پڕژاندنی ئەو بۆنە پیسەو گرتنی ئاوەڕۆکان و درووستکردنی ئەو وێنە ناشیرینە، بە ئەندازەی هەموو خێرەکانی قوربانییەکە گوناهت بۆ درووست بکات. کەواتە مرۆڤی مسوڵمان ئەگەر بە چاکی لە مانای پەرستش تێگەیشت، دەزانێت عیبادەت دوو سەرەیە، (چاکە بکەو خراپە مەکە)، چاکەکردن: لە رێگەی قوربانی و بەخشین و هۆشیاری و بەهاناوەچوونی نەخۆش و لێقەوماوان. خراپە: بە دوورکەوتنەوە لە ئازاردانی خەڵک و نەبوونە مایەی ئازارو سەرئێشە.

دیاردەی فڕێدانی پاشماوەی قوربانی بەو شێوە هەڕەمەکییە پێچەوانەی کۆمەڵێك دەقی ئیسلام و وەلاوەنانی گرنگترین ئامانجەکانی داڕێشتنی فیقهی ئیسلام و وەلاوەنانی رەوشتە جوانەکانی ئیسلامە. لە ڕوانگەی ئیسلامەوە هەر شتێك ببێتە مایەی ئازاردانی بوون بە گشتی حەرامە. وەکو رێسایەکی گشتی، پێغەمبەر دروودی خوای لەسەر بێت فەرمووی: (زیان لەخۆتان مەدەن و مەبنە مایەی زیانیش). پاکو خاوێنی کردۆتە نیوەی باوەڕ. لابردنی ئەو شتانەی خەڵك ئازاردەدەن بەشێکە لە باوەڕو پێی دەچیتە بەهەشتێ، پێغەمبەر دروودی خوای لەسەر بێت دەفەرمووێت: کابرایەك بەرێگادا دەڕۆیشت، بینی دڕکێك لەسەر رێگایە، لایبرد، ئینجا خوا سوپاسی کابرایەکەی کرد و لێیخۆش بوو). ئەگەر خاوەنانی قوربانی دیمەنی مرۆڤێك بێننە پێش چاوی خۆیان کە ئازاری لەسەر ڕێگای خەڵك لابردووە، لەگەڵ خێرخوازێك کە بووە مایەی بڵاوکردنەوەی دەیان ناخۆشی و پیسی و شێواندنی دیمەنەکان، قەت رێگە بەخۆیان نادەن ئەو خێرە گەورەیە بەو هەڵانە لەخۆیان بچووك بکەنەوە.

لێرەوە داوا لە خێرخوازان دەکەم وریای خێرو چاکەکانیان بن، زانایان فتوایان داوە دەتوانن قورباییەکانیان لە قەسابخانە فەرمییەکان بکوژنەوەو گۆشتەکەی بێننەوە، کە هەم پیسی کۆڵانێ درووست نابێت، هەمیش پاشماوەکەی فڕێن نادرێت، ئەوەی حەزیش دەکات لە ماڵێ کارەکە بکات، تکایە وریای پاشماوەکان بن. هەروەها پێویستە حکومەت و کەرتی تایبەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەو بابەتە بە جددی وەربگرن لەوەی چۆن دووبارە سوود لەو پاشماوانە وەربگیرێت، چونکە ساڵانە رێژەیەکی خەیاڵی بەهەدەردەدرێت و دەبێتە مایەی ناخۆشی و نەخۆشی، کەچی دەکرێ بەرێگای زانستی نەك تەنیا لەناوببرێت بەڵکو سوودی گەورەی لێ وەربگیرێت.