کێشە لە فەتوا نیە بەڵکو کێشە لەو تێگەیشتنەیە بۆ فەتواکان دەکرێت!

 

کاتێک میدیا یان بەکاربەرانی سۆشیال میدیا بێ دڵنیابوون لە راستی هەواڵ و زانیاری، وەک بەبەغا شت دەڵێنەوە، یان لەخۆڕا قسە دروست دەکەن، یان زمانی جنێوو و بازاڕی و بەزاندنی هەموو سنوورێک بەکار دێنن، وێڕای ئەوەی تاوانێکی گەورە ئەنجام دەدەن، لەهەمان کات سەقامگیری وڵات و ئاشتی کۆمەڵایەتی دەخەنە مەترسی و شڵەژانەوەو دەبنە هۆکاری زیادبوونی خراپە لەپای پۆستی خۆیانەوە.

بەداخەوە زۆرێک لەو فەیسەوانانەی بەناوو و لەقەب و سەرو شڵکی قۆزو جوان و بەحیسابی خۆیان رۆشنبیر دەرەکەون، کە شتیان دەخوێنیەوە یان شت دەنووسن ، هەست دەکەی ناوەرۆکیان شتێکی ترە!

ئەوەی گوزەرا سەبارەت بە لێکدانەوە بۆ ئەنجومەنی باڵای فەتوا لەسەر ئەو فەتوایەی بڵاوی کردەوە، بەداخەوە ئەوەی دەرخست کە خەڵکێکی زۆر هەیە بێ خوێندنەوە بۆ شتەکان دەهۆڵ دەکوتن و نازانن چ باسەو، بێ گوێدانە مۆڕاڵی راگەیاندن لە ئەنجامی کەم ئەزموونی و بەهەڵە شرۆڤەکردنی بابەتەکان مانشێتی هەڵبەستراو دەکەنە هەواڵ و بڵاو دەکەنەوە. ئەمەش ئاست نزمی و نارۆشنبیری دەرەخات و پێچەوانەی بەهاو نەریتی رەسەنی کۆمەڵگەی کوردیە، لەوانەش هەر گەڕێ کە ئیش و پیشەو گەورەیی خۆیان لە جێنوودان و سووککردنی کەسانی تر دەبیننەوە..

کێشەکە خودی فەتواکە نیەو بەر مەبنای لەبەرچاوگرتنی مەسڵەحەت و خزمەت بۆ خەڵکی دینداری کۆمەڵگە جێی خۆی گرتووەو دەگرێت، بەڵکو کێشە ئەو تێگەیشتنە سەقەت و کوێرانەیە لە فەزای سۆشیال میدیا بۆ فەتواکە دەکرێت.

بەداخەوە هەڵمەتێکی ناراستەوخۆ بە فیتی کەسانێکی قینە لەدڵ بۆ لێدان لە ئایین و زانایانی ئایینی و شکاندنی پیرۆزییەکان و بەهای جوانی کۆمەڵگەی کوردی و داب و نەریتی رەسەنی خێزانی کوردەواری لەئارادایە، کە ئەمە هەرەسهێنانێکی گەورەی ئەخلاقی و کلتوری پیشان دەدا و ئایندەی کۆمەڵگە بەرەو ئاقارێکی خراپ پەلکێش دەکات.

لەپاڵ ئەمەش کەسانێک لەسەر حیسابی خزمەتی زانایان دەردەدڵ دەکەن و بە هۆکاری نەزانی و حیقدو شاردنەوەی بێ دینی خۆیان ئیش و پیشەیان بۆتە تەشهیرو سوکایەتی بەم و ئەو..

بەشێک لەوانەی پۆست و کۆمێنتی نەشیاویان نووسیوەو جنێو بە زانایان دەدەن و بابەت و بەها دینییەکان سووک دەکەن بە تێکەڵکردنی شتی لاوەکی یان بە هۆکاری سیاسی و، وا دەزانن هۆکاری نەهامەتی ئەو وڵاتە زانایانن! سەیری سیماو لاپەڕەی فیسبووکیان بکە بەقەولی خۆیان زۆربەیان خەڵکی دیندارو رۆشنبیرو بەحیساب مامۆستای زانکۆن!!

زانایان و ئەنجومەنی باڵای فەتوا جگە لەخزمەت و قسەی خێرو رەچاوکردنی بەرژەوەندی کیان کۆمەڵگەو خەمخۆری بۆ دین و هاوڵاتیان هیچ دەسکەوت و قازانجیان لەو هەوڵ و هەنگاوانە نیە.

خۆ پرسی نەشتەرگەری جوانکاری تازە نیە، بگرە ساڵی ۲٠٠۷ لە شاری بوتراجایای مالیزیا مەجمەعی فیقهی ئیسلامی بە بەشداری نوێنەری زۆربەی وڵاتانی ئیسلامی کۆنگرەیەکی تایبەت بە نەشتەرگەری جوانکاری ئەنجامداو دەرەنجام نەشتەرگەری جوانکاری ناپێویستی حەرام کردووە.

ئیدی لەبەر ئەوەی ئێستا نزیکەی ٤٠٠ سەنتەری جوانکاری لە کوردستان هەیەو بە ریکلام و بازرگانی پێوەکردن بازاڕی نەشتەرگەریان گەرم کردووە، ئەم پرسە بۆتە واقع و ئاریشەی زۆری دروست کردووە، لێرەوە کۆمەڵێک پسپۆڕو پزیشک و هاوڵاتی و سەنتەر پرسیاری روانگەی شەرعیان لە ئەنجومەنی باڵای فەتوا کردووە، سەرەنجام لە پێناو بەرژەوەندی کۆمەڵگەو بڵاوکردنەوەی هۆشیاری ئایینی بۆ خەڵکی دیندارو لادانی گرفت و دوورخستنەوەی کێشە خێزانیەکان ئەم فەتوایەی دەرکرد.

بە تێپەڕبوونی زەمەن بۆ کۆمەڵگە روون دەبێتەوە، کە ئەو جۆرە خزمەتانە لەبەرژەوەندی گشتیدایە، وەک ئەوەی لە بابەتی (مامەڵە کردن بەدرواە ئەلیکترۆنیەکان) بۆ هەموو لایەک روون بوویەوە، ئەنجومەنی باڵای فەتوا چ خزمەتێکی گەورەی بە گەل و وڵات کردووە.