سەری ساڵی کۆچی وەرچەرخان و داهێنان

ڕوداوی کۆچی پێغەمبەری خۆشەویست (درودی خودای لەسەربێت) و هاوەڵانی ئازیز (ڕەزای خودایان لەسەربێت) ڕوداوێکی گەورە وگرنگ و وەرچەرخانێکی مەرن بوو لە مێژوی ئیسلام و موسڵماناندا، گۆڕانکاری بوو لە شێوە و شێوازی بانگەواز و خیتاب و گوتاری قورئانی پیرۆزو  ڕێنمایی و تەوجیهات دا،  هێڵ و هێمای جودا هەیە لە نێوان فەرمودە و ڕێنمایی پێغەمبەر(درودی خوای لەسەربێت) پێش و پاش کۆچ ، گۆڕانکاری و وەرچەرخانێک بوو دەتوانین ناوزەدی بکەین بە سەردەمی پێش کۆچ و سەردەمی پاش کۆچ، ئەرکی سەرشانی هەمووانە بەتایبەت زانایان و بانگخوازان و مامۆستایانی وتاربێژ و توێژەرو لێکۆڵەران بە وردی و بە تێروتەسەلی هەڵوێستە بکەن لەسەر ڕووداوی کۆچ و هۆکارەکانی کۆچ و بەرهەم و دەرەنجامی کۆچ و پەند و ئامۆژگاری و وانەی گرنگ لە کۆچ پێشکەش بکەن، لێرەداو  لەم  دەرفەتە کورتەدا مافی تەواوی ئەو ڕوداوە گەورەیە نادرێت، تەنها ئەوەندە دەڵێم لە یاد و بیرەوەری کۆچدا  پێویستە هەمومان کۆچەر بین.

پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) دەفەرموێت ( المهاجر من هجر مانهی الله عنه)  کۆچ واتە گۆڕانکاری و وەرچەرخان ، گرنگە بەردەوام لە کۆچدا بین، کۆچ بکەینە پێداویستی ژیانمان،  کۆچ لەغەفڵەت و  بێ ئاگایی بەرەو هۆشیاری و بێداربونەوە، کۆچ لە گوناه و تاوانکاری ، لە ئارەزوو بازی و مەیلی نادروست،  کۆچ لە وتەی دزێو و ناشیرین و کردەوەی نەشیاو بەرەو گوفتاری جوان و شیرین و ڕەفتاری بەجێ و بەسود، کۆچ لە ئاینداری بێ گیان و ڕوکەش و خۆنواندن  بەرەو ئاینداریەکی عیرفانی و  ڕۆحدار و قوڵ و تێر و تەسەل، کۆچ لە گوناه و تاوانکاری بەرەو تۆبە و پەشیمانبونەوە، کۆچ لە درۆ و ڕوپامایی بۆ ڕاستگۆیی و سەراحەت، کۆچ لە گەندەڵی و ناپاکی  بەرە و دڵسۆزی و ئەمینی و شەفافیەت ، کۆچ لە ناکۆکی و دوبەرەکی و خۆخۆری بۆ یەکڕیزی و یەکبون، لە یەکتر قەبوڵنەکردن بۆ پێکەوە ژیان، لە ستەمکاری و نادادی بۆ دادگەری و بەرپاکردنی دادی کۆمەڵایەتی، لە دەمارگیری حیزبایەتی وگروپگەرای و شارچێتی و عەشیرەتبازی بۆ دامەزراوەیی و حوکمی یاسا و شەریعەت، بەکورتی با لەم یادە پیرۆزەدا بە سەراپا بە ژین و ژیانمان کۆچ بکەین بەرەو خودا و پێغەمبەرەکەی (درودی خوای لەسەر بێت)، کۆچ کردن بۆ لای خودا ی بەرز و بێهاوتا بە دەستگرتن بە دینەکەی و حوکم کردن بە شەریعەتەکەی،  کۆچ بۆلای پێغەمبەری سەروەر (درودی خوای لەسەر بێت)بە شوێنکەوتنی سونەت و  ڕێگە و ڕێبازەکەی ،.

من لێرەدا بەکورتی ئاماژە بە یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی کۆچ دەکەم کە ئەویش دیاریکردنی سەری ساڵی کۆچی و هەڵبژاردنی یەکەم مانگی ئەو ساڵە و ئاماژەکانی ئەم ڕووداوە گرنگەیە کە ئەویش وەرچەرخان و داهێنان و خۆییبوونە، داهێنان و خۆییبوون واتا ڕەسەنایەتی و هێزی بیری خودبەکارهێنان و بە ئەقڵی خۆو بە سروشتی خۆڕسک و بەو ناز و نیعمەتە ئاوەزیانەی کە خوای گەورە پێی بەخشیوین بیربکەینەوە و خۆمان بین نەک کۆپی و شوێنکەوتن و چاولێکەری، هەروەها داهێنان بە مانای ئیبداع و پێشڕەوی و پێشدەستیخستنە لەکاری چاک و خزمەت و چاکسازی و نوێبوونەوە، پەیامی پیرۆزی ئیسلام وەک کۆتا ئاین و کۆتا شەریعەتی دواین پێغەمبەر (درودی خوای لەسەربێت) شۆڕشێک بوو لە داهێنان و ڕەسەنایەتی و خۆییبوون، کۆپی و و چاولێکەری دووبارەکردنەوە نەبوو ، تەواوکەری پەیامە ڕاستەکانی پێشی خۆی بوو ، یەک پارچە تازەگەری و داهێنان بوو، پەیامی ئیسلام تەژیە لە هاندانی شوێنکەوتوانی لەسەر بەردەوام بون لە پێشڕەوی کردن لە داهێنان و چاکسازی و پاکسازی بە فتوای نوێ و هەڵێنجانی مەبەستی سوودبەخش لە دەقەکان بەشێوەیەک کە بەردەوام مەرهەمی برین و چارەسەری گیر و گرفت و کێشە کۆن و نوێیەکانی سەرجەم مرۆڤایەتی بێت لە هەموو شوێن و هەموو سەردەمەکان هەتا کۆتایی ژیان ،.

کۆچی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەربێت) لە مانگی موحەڕەم نەبوو، ڕەنگە کەسانێک وابزانن کۆچ لە مانگی موحەڕەم بوو بۆیە کرا بە یەکەم مانگی ساڵی کۆچی ، بەڵکو کۆچ لە مانگی ڕەبیعول ئەوەل بوو، بێگومان بەرواری مانگ و ساڵی کۆچی کارپێکراو نەبوو  بەهیچ شێوەیەک لەسەرەتای ئیسلام ، هەتا لەسەردەمی خەلافەتی پێشەوا عومەری کوڕی خەتاب دا " ڕەزای خوای لەسەربێت" ئەبو موسای ئەشعەری نوسی بۆ پێشەوای ئیمانداران عومەر " ڕەزای خوا لەسەر هەمویان بێت " کە نوسراوی تۆمان بۆ دێت و هیچ بەروارێکی لەسەر نیە و ئەمەش نابێت،  بۆ ئەم مەبەستە پێشەوای ئیمانداران پرس و ڕاوێژی بە هاوەڵانی کرد ، ئایا بەروار و مێژویەکی وەک فارسەکان دابنەین یان وەک ڕۆمەکان یان بەرواری لەدایک بونی پێغەمبەر  (درودی خوای لەسەربێت )، یان بەرواری دابەزینی یەکەم جاری پەیام و وەحی بکرێت بەبەروار، بەڵام لە ئەنجامدا ڕای هەموان لەسەر ئەوە بوو کە ساڵی کۆچی بکرێتە ساڵی موسڵمانان و  عومەر " ڕەزای خودای لەسەر" فەرمووی کۆچ هەق و ناهەق ی لێکجوداکردەوە و ئەوڕوداوەش دەکەینە مێژوو بۆ موسڵمانان ، هەروەها لە سەر دیاریکردنی یەکەم مانگیش ، ئایا مانگی ڕەبیعول ئەول بکرێت چونکە کۆچ لەو مانگەدا بوو، یان مانگی ڕەمەزان کە قورئانی پیرۆزی تێدا دابەزیوە ، بەڵام لە ئەنجامدا بڕیاریاندا مانگی موحەڕەم بکرێتە یەکەم مانگی ساڵی کۆچی چونکە بەدوای مانگی زیلحیجەدا دێت کە خواپەرستیەکی گەورەی وەک حەجی تێدا ئەنجام دەدرێت و هەموو ڕێنمایی و کۆڵەکەی پەیامی پیرۆزی ئیسلامی تێدا تەواو و کامڵ بوو ،.

کۆبونەوە و ڕاوێژکردن و گەڕان بە شوێن بڕیارێکی گونجاودا و یەکدەنگ بوون لەسەر ئەوەی موسڵمانان ساڵ و مانگی تایبەت بە خۆیان هەبێت ئەوەمان پێ دەڵێت کە شانازی بە ئاین و مێژوی خۆمانەوە بکەین و چی باش و خێر و گونجاو بێت بۆ گەڵ و وڵاتمان یەکدەنگ بین لەسەری و هەمیشە خۆمان خاوەن بڕیاری خۆڕسکانەی خۆمان بین و بەردەوام بین لە گەشە و داهێنان و بەرەوپێشچون و وەرچەرخان بەرەو ئاسۆیەکی ڕون و باشتر.

 بەرز و پیرۆز و پایەدار  بێت یادی کۆچ ...