شەڕ لە ئەفغانستان تۆز لە کوردستان

 

وادیارە لە کوردستان دابەشکارییەکی فیکری و سیاسی و ئایدۆلۆژی هێندە قوڵ و دژوار دروستبووە، هەمیشە لە شرۆڤەو دەربڕینی هەڵوێستەکان، هێندەی شەڕی یەکتردەکەین، هێندە واقیعبینانە تەماشای رووداوەکان ناکەین، ئەمەش لەوەڕا دیارە حەژێکەرانی تاڵیبان زیاتر قێزەونی دەوڵەتی ئەفغانستان دەبینن نەوەك پاڵنەرە خودییەکانی تاڵیبان، بەپێچەوانەوە نەیارانی بیری تاڵیبان هێندەی باسی دڕندەیی تاڵیبان لە ڕابردوودا دەکەن، کەمترین تەماشای گۆڕانەکانی ئێستایان ناکەن، ئەز هیچ قسەیەك لەسەر تاڵیبان ناکەم، دەکرێ لە داهاتوودا نموونەیەکی زۆر جوان پیشان بدەن، دەکرێ دەستی لە پشت بێت، دەکرێ هێندە نەزانانە مامەڵە بکەن دۆخەکە بێننەوە سفر، خەڵك کاردانەوەی پێچەوانە بنوێنن، دەشکرێ چاوی هەموو خولیایانی ژێردەستەیی و جاشایەتی بشکێنن، پیشانی دونیای بدەن ئەوان دڵسۆزو رۆڵیە خاك و خەڵکی خۆیانن، هەموو ئەگەرەکان واریدن، بەڵام گرنگە دۆست و نەیارەکانیان هەندێك تەماشای هۆکارە خودییەکان بکەن، بۆنموونە:

یەکەم: پێویستە ئەوانەی لەگەڵ سەرکەوتنەکانی تاڵیبان شاگەشکەبوون، بەر لە هەموو شتێك بەخۆدابچنەوە، بۆچی کۆمەڵە فەقێ و مەلایەك توانیان بزووتنەوەیەك لەناو حوجرە بێنازەکان دروستبکەن، بیست ساڵی رەبەق وێڕای شەڕی ئاگرو ئاسن، هەموو ماکینەیەکی ئیعلامیان لەدژی بەکارهێندرا، کەچی بەبێئەوەی تەنیا کەناڵێکی تیڤی ناوخۆیی و ئاسمانی و ڕادیۆو گۆڤارو سایتێکیان هەبێت، خەڵك بە دڵێکی خۆشەوە پێشوازیان لێکردن، بۆچی مەلاو فەقێکانی ئێمە، لەپێش ئەوانیش حزبە ئیسلامییەکانی کوردستان، ئەو کاریگەرییە جەماوەرییەیان نییە، وێڕای ئەو هەموو ڕاگەیاندنەی هەیانە، ئایا بابەتەکە دڵسۆزییە بۆ کارەکەیان و ڕاستبوونە لە پەیامەکەو نەبوونی ئەنانیەتەو لوتکەی قوربانیدانە، یان ئەوەیە خۆیان و کچ و کوڕەکانیان وەك هەموو خەڵکی وڵات دەژین، یاخود رێبازەکەیانە کە مەزەب و فیکرو کلتوورو لایەنی زانستی ئایینی و تێڕوانینیان گوزارشت لە واقیعی کۆمەڵگاو وڵاتەکەیان دەکات و عەقیدەو باوەڕێکی هاوردەکراو و نامۆیان نەهێناوە، کە لەو رێگەوە قەناعەتیان بۆ زۆرینەی مەلاو ریشسپی و گەنجو پیرەوە دروستکردووە. بە کورتییەکەی، واباش بوو ئەوانەی دڵخۆشن بە سەرکەوتنی تاڵیبان، تەماشای هۆکارە خودییەکان بکەن، کەچی بەپێچەوانەوە هێندەی باسی گەندەڵبوونی حکومەتی ئەفغان دەکەن، هێندە باسی پاڵنەرە خوودییەکانی تاڵیبان ناکەن، چونکە ئەگەر گەندەڵیش هەبێت کە زۆریش هەبووە، بەڵام بۆچی خەڵك لە بەرامبەردا بڕوای بەو دەستەیە هەیەو، هیچ گرووپێکی دیکەیان هەڵنەبژاردوون.

دووەم: لە بەرامبەردا گرووپێکی دیکەی کوردستان کە خۆیان بە رۆشنبیرو سیکۆلاردەزانن، بەبێ هیچ شتێك هەڵمەتێکی راگەیاندنیان دژی ئەوانە دەستپێکردووە کە بە سەرکەوتنی تاڵیبان دڵخۆشن، لەبری ئەوەی بەخۆدابچنەوە: بۆچی خەڵکێك ئامادەیە پێچەی سەری ژنان و ریشی پیاوان و بەرگی سادەی نەتەوەیی و ناڕێکخراوەیی سەربازەکان هەڵبژێرێت بەسەر بۆینباخ و بێ ڕیشی و کابۆو سترێج و کۆڵۆن و لەشکری نیزامی و دیموکراسی، ئایا قسەی جوان و بریقەداری راگەیاندن و کۆڕو سمینارەکان تا سنوورێك بڕدەکات، کاتێك پرۆژەی دیموکراسی و رۆشنگەری لەسەر حسێبی دین و کلتوورو کەلەپووری جوانی وڵاتەکە بوو، لە کەمترین دەرفەتدا خەڵکەکە تێیانهەڵدەدات، کە هەموو نموونەکانی جیهانی ئیسلامی بەو ئاقارە داکەوتوونە، کاتێك درووشمەکانی دیموکراسی بەرزدەکرێنەوە، لەولاوەش گەندەڵی تا بیناقاقای خەڵك هاتووە، نادادگەری کۆمەڵایەتی بڵاودەبێتەوە، دابەشکاری کۆمەڵگە بۆ رەش  وسپی دروست دەبێت، خەڵکێك لە ئاسمان و یەکێك لە ڕێسمان دەژیت، منداڵی کەسانێك هایلایف دەژین، کەسانێکیش خەون بە بینینی ناوەوەی تڕومبێلەکانیان دەبینێت، ئەو شتانەش بەرهەمی ئارەقی ناوچاوانیان نییە، بەڵکو دەرەنجامی دزی و گەندەڵی و ناعەدالەتییە، کاتێك چاکسازی لە ئیدارەو داهات و خزمەتگوزاری ناکرێت، کاتێك بەبێ رەچاوکردنی کلتوورو دینی خەڵك، بەناوی بوێری و دابڕان و کرانەوەو دیموکراسی رۆژانە دەکەونە سەر پیرۆزییەکانی خەڵك، دواجار کە ئەمە حەقیقەتی حکومەتی ئەفغان و نەیارەکانی تاڵیبان بوو، هەرچەندە ملیاران دۆلار لە دژایەتی تاڵیبان خەرج بکرێت، دەست بەتاڵ دەمێننەوە، لە کەمترین دەرفەت بای بای لێدەکرێت.

بە کورتی، لەبری ئەوەی شەڕی یەك بکەین، با دەرس و وانەی لێ هەڵێنجین، ئەو نموونانە بکەینە ئاوێنەیەك لەوەی چۆن لە واقیعی کۆمەڵایەتی وڵاتی خۆمان تێبگەین، هەروەها چۆن یەکێتی نێوەخۆیی و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی پەرەپێبدەین، رۆشنبیران ڕێگایەك بخەنە بەرچاوی بەرپرسان لەگەڵ خەڵکو  بۆ ناو خەڵك و بۆ پێشکەوتنی خەڵکەکەیان بژین و کاربکەن. با تێگەیشتنمان بۆ ڕووداوەکان بۆ سوودوەرگرتنی کۆمەڵگاکەمان و پاراستن و پێشخستنی هەرێمەکەمان بێت، نەك شەڕی دووربەدووری بێ بەرهەم.