گرنگی فه‌تواو هه‌ستیاری فه‌توادان له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی موسڵمانان

 
د. عبدالله مەلا وەیسی
کۆلێژی زانستە ئیسلامیەکان- زانکۆی سەلاحەددین 
Abdullah.waise@su.edu.krd

 
گرنگی فه‌توا خۆی له‌وه‌ ده‌بینێته‌وه‌ كه‌ وه‌ك زانایان ده‌ڵێن ئیمزا كردنه‌ له‌ بری خوای گه‌وره‌، وه‌ك له‌ ئایه‌تی: (يَسْتَفْتُونَكَ قُلِ اللَّهُ يُفْتِيكُمْ فِي الْكَلَالَةِ) النساء: 176، وه‌ له‌ چه‌ند ئایه‌تی تر زۆر به‌روونی ئه‌م ڕاستیه‌ به‌دیار ده‌كه‌وێت، وه‌ هه‌روه‌ها فه‌توا یه‌كێكه‌ له‌و ئه‌ركه‌ پیرۆزانه‌ی كه‌ خوای گه‌وره‌ به‌ پێغه‌مبه‌ری خۆشه‌ویستمانی (درودی خوای لێ‌ بێت) سپاردووه‌، هه‌روه‌ك له‌ ئایه‌تی (وَأَنْزَلْنَا إِلَيْكَ الذِّكْرَ لِتُبَيِّنَ لِلنَّاسِ مَا نُزِّلَ إِلَيْهِمْ وَلَعَلَّهُمْ يَتَفَكَّرُونَ) النحل:44. به‌دی ده‌كرێت، هه‌ر بۆیه‌ش خوای په‌روه‌ردگار رێگای نه‌داوه‌ كه‌ ئێمه‌ پرسیاره‌كانمان ئاراسته‌ی هه‌موو جۆره‌ كه‌سێك بكه‌ین (فَاسْأَلُوا أَهْلَ الذِّكْرِ إِنْ كُنْتُمْ لَا تَعْلَمُونَ) النحل:43، به‌ واتای: كه‌ بۆتان هه‌یه‌ پرسیاره‌كانتان ته‌نها ئاراسته‌ی كه‌سانی زاناو شاره‌زاو ئاگادارو پسپۆر بكه‌ن.
  له‌ به‌ر گرنگی بایه‌خی فه‌توا، خوای گه‌وره‌ قه‌ده‌غه‌ی كردووه‌ كه‌ قسه‌ له‌شتێك بكرێ‌ بێ‌ ئه‌وه‌ی زانیاری ته‌واو له‌سه‌ریه‌وه‌ هه‌بێت، و به‌ تاوانێكی گه‌وره‌شی له‌قه‌له‌مدا (قُلْ إِنَّمَا حَرَّمَ رَبِّيَ الْفَوَاحِشَ مَا ظَهَرَ مِنْهَا وَمَا بَطَنَ وَالْإِثْمَ وَالْبَغْيَ بِغَيْرِ الْحَقِّ وَأَنْ تُشْرِكُوا بِاللَّهِ مَا لَمْ يُنَزِّلْ بِهِ سُلْطَانًا وَأَنْ تَقُولُوا عَلَى اللَّهِ مَا لَا تَعْلَمُونَ) اڵاعراف: 33. هه‌روه‌ها ئایه‌تی: (وَلَا تَقُولُوا لِمَا تَصِفُ أَلْسِنَتُكُمُ الْكَذِبَ هَذَا حَلَالٌ وَهَذَا حَرَامٌ لِتَفْتَرُوا عَلَى اللَّهِ الْكَذِبَ إِنَّ الَّذِينَ يَفْتَرُونَ عَلَى اللَّهِ الْكَذِبَ لَا يُفْلِحُونَ) النحل:89، وه‌ له‌ هه‌مان كاتیشدا پێغه‌مبه‌ری خوا (درودی خوای لێ‌ بێت) فه‌توا دانی به‌بێ‌ زانیاری ته‌واو به‌ تاوان ئه‌ژمار كردووه‌، و فه‌رموویه‌تی (من أفتی بغیر علم كان إثمه علی من أفتاه)، و په‌له‌ كردنیش له‌فه‌توا دان ئه‌ویش هه‌ر به‌ تاوان ئه‌ژمار كردووه‌و فه‌رموویه‌تی: (أجرؤكم علی الفتیا أجرؤكم علی النار). 
هه‌ر بۆیه‌ له‌ سه‌رتای ئیسلامه‌وه‌، خه‌ڵك به‌ تێكرایی بۆ روون كردنه‌وه‌ هه‌ر شتێكه‌وه‌ پرسیاریان ئاراسته‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا (درودی خوای لێ‌ بێت) ده‌كردو پێغه‌مبه‌ری خواش بۆ وه‌ڵامی هه‌ر پرسیارێك چاوه‌روانی وه‌ڵامی خوای په‌روه‌ردگار بوو، و به‌ پێی ئه‌و وه‌ڵامه‌ی كه‌ له‌ لایه‌ن خواوه‌نده‌وه‌ بۆی ده‌هات، وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی ئه‌دایه‌وه‌: (وَأَنْزَلْنَا إِلَيْكَ الذِّكْرَ لِتُبَيِّنَ لِلنَّاسِ مَا نُزِّلَ إِلَيْهِمْ) النحل:44، بۆیه‌ وه‌ڵامه‌كانی پێغه‌مبه‌ری خوا جێگای متمانه‌ی خه‌ڵك بوون ‌و به‌ده‌قی ئایه‌تی قورئانی پیرۆزه‌وه‌ فه‌رمان به‌ موسڵمانان كرا كه‌ له‌و كاته‌ی كێشه‌یان دروست بوو له‌سه‌ر حه‌ڵاڵی و حه‌رامی هه‌ر شتێك بگه‌رێنه‌وه‌ لای قورئانی پیرۆزو فه‌رمووده‌كانی پێغه‌مبه‌ری خوا (درودی خوای لێ‌ بێت)، (فَإِنْ تَنَازَعْتُمْ فِي شَيْءٍ فَرُدُّوهُ إِلَى اللَّهِ وَالرَّسُولِ إِنْ كُنْتُمْ تُؤْمِنُونَ بِاللَّهِ وَالْيَوْمِ الْآَخِرِ ذَلِكَ خَيْرٌ وَأَحْسَنُ تَأْوِيلًا) النساء:59.
 دوایی كۆچ كردنی پێغه‌مبه‌ری خوا (درودی خوای لێ‌ بێت) قۆناغه‌كه‌ پێویستی ده‌كرد كه‌وا كه‌سانێك هه‌بن وه‌ڵامی پێشهات و پرسیاری موسڵمانان بده‌نه‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ (قورئان و سوننه‌) هه‌بوون به‌ڵام هه‌موو خه‌ڵك به‌ ته‌واوی له‌ ناوه‌رۆك و ئامانجه‌كانیان به‌ ته‌واوی حاڵی نه‌ئه‌بوون، و پێویستی ده‌كرد كه‌ زۆر به‌وردی شاره‌زای له‌سه‌ری په‌یدا بكه‌ن، بۆیه‌ خه‌ڵكێك خۆی ته‌رخان كرد بۆ زیاتر شاره‌زا بوون و په‌یدا كردنی زانیاری ته‌واو له‌ سه‌ر ئه‌حكام و ده‌قه‌كانی قورئان و سوننه‌: (فَلَوْلَا نَفَرَ مِنْ كُلِّ فِرْقَةٍ مِنْهُمْ طَائِفَةٌ لِيَتَفَقَّهُوا فِي الدِّينِ وَلِيُنْذِرُوا قَوْمَهُمْ إِذَا رَجَعُوا إِلَيْهِمْ لَعَلَّهُمْ يَحْذَرُونَ) التوبه‌:122، بۆ ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگای موسڵمانان دووچاری هه‌ڵه‌ و خراپ تێگه‌یشتن له‌ دین نه‌بێت. 
هه‌ر بۆیه‌ هاوه‌ڵانی پێغه‌مبه‌ری خوا (درودی خوای لێ‌ بێت) زۆر خۆیان ده‌پاراست له‌ فه‌توا دان، و په‌له‌یان نه‌ئه‌كردو زۆر به‌ووردی به‌دوایی وه‌ڵامی ڕاست ده‌گه‌ران بۆ ئه‌وه‌ی دووچاری هه‌ڵه‌و گوناهـ نه‌بن، هه‌ر بۆیه‌ش ئیبنو ئه‌بی لیلی ده‌فه‌رموێت:"به‌ خزمه‌ت زیاتر له‌سه‌دو بیست هاوه‌ڵی ئه‌نصاری گه‌یشتم كه‌ پرسیاریان لێ‌ ده‌كرا هه‌ر یه‌كه‌و پرسیاره‌كه‌ی ئاراسته‌ی ئه‌وه‌ی تر ده‌كردو خۆیان ده‌پاراست له‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌كه‌ی"، هه‌ر بۆیه‌ش ژماره‌یه‌ك له‌ صه‌حابه‌ له‌ به‌ر لێهاتوویان پسپۆریه‌تی فه‌توایان وه‌رگرت، وه‌ك ئیمامی عه‌لی و عائیشه‌ی دایكی ئیمانداران، و عه‌بدوڵڵای كوری مه‌سعود، و عه‌بدوڵڵای كوری عومه‌رو زه‌یدی كوری سابت و، چه‌ندین هاوه‌ڵی تر، بۆیه‌ ده‌توانین بڵین كه‌ له‌ سه‌رده‌می هاوه‌ڵكانی پێغه‌مبه‌ری خوا (درودی خوای لێ‌ بێت) سه‌رچاوه‌كانی فه‌توا خۆی گرتبوو له‌ (قورئان و سوننه‌ی صه‌حیح و ئیجماع و قیاس)، وه‌ ناكرێت ئاماژه‌ به‌ چاودێری به‌رژه‌وه‌ندی (المصلحة‌) نه‌ده‌ین كه‌ به‌رژه‌وه‌ندیش وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌كی فه‌توا له‌ سه‌رده‌می هاوه‌ڵه‌كان سه‌یر ده‌كرا، وه‌ك كۆكردنه‌وه‌و نوسینی قورئانی پیرۆز له‌ سه‌رده‌می ئیمامی ئه‌بو به‌كر (خوای لێ‌ رازی بێت)، و ڕاگرتنی به‌شه‌ زه‌كاتی (المؤلفة‌ قلوبهم) له‌سه‌ر ده‌می ئیمامی عومه‌ر (خوای لێ‌ رازی بێت) له‌سه‌ر بنه‌مای ره‌چاو كردنی به‌رژه‌وه‌ندی گشتی بوون كه‌ سه‌رجه‌م هاوه‌ڵانیش له‌سه‌ری رازی بوون. 
دواتریش له‌سه‌رده‌می (تابعین) وێرای ئه‌وه‌ی كه‌سانی تایبه‌ت به‌ فه‌توا هه‌ڵكه‌وتن و پسپۆری فه‌توایان وه‌رگرت، وه‌ك سه‌عیدی كوری موسه‌یب، و قازی شوره‌یح، و عروه‌ی كوری زوبێرو، عه‌بدوڵای كوری عوتبه‌و چه‌ندانی تر كه‌ له‌ سه‌رده‌می تابعین پسپۆری ته‌واویان هه‌بوو له‌ فه‌توادان و خه‌ڵك بۆ وه‌رگرتنی رای شه‌رعی فه‌توایان لێ‌ وه‌رده‌گرتن، و له‌م نێوه‌نده‌شدا دوو قوتابخانه‌ هاتنه‌ كایه‌وه‌ كه‌ به‌ قوتابخانه‌ی فه‌رمووده‌ (مدرسه‌ الحدیث) كه‌ شاری مه‌دینه‌ی پیرۆز سه‌ری هه‌ڵداو و له‌ لایه‌ن سه‌عیدی كوری موسه‌یب سه‌رپه‌رشتی ده‌كرا، و قوتابخانه‌ی ڕا (مدرسة‌ الرأی) كه‌ له‌ شاری كوفه‌ سه‌ری هه‌ڵداو له‌ لایه‌ن ئیبراهیمی نه‌خه‌عی سه‌رپه‌رشتی ده‌كرا، بۆیه‌ ده‌كرێت بڵێین كه‌وا له‌ سه‌رده‌می تابعین سه‌رچاوه‌كانی فه‌توادان بوون، كه‌ وێرای قورئان و سوننه‌ و ئیجماع و قیاس و به‌رژه‌وه‌ندی، قسه‌و كرداره‌كانی هاوه‌ڵان و كۆ ده‌نگیان وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌كی تری فه‌توا ئه‌ژمار ده‌كران.
 له‌دوای سه‌رده‌می (تابعین)یش، خه‌ڵكێكی زاناو دانا هه‌ڵكه‌وت كه‌ به‌ پێشه‌وایان و موجته‌هیدانی فیقهی ئیسلامی ناوزه‌د ده‌كرێن و خزمه‌تێكی به‌رچاویان پێشكه‌ش كرد به‌ شه‌ریعه‌تی پیرۆزی ئیسلام، كه‌ دواتر هه‌ر یه‌كیان مه‌زهه‌بێك و قوتابخانه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆی فیقهی راگه‌یاند، له‌وانه‌ (ئیمامی حه‌نه‌فی و مالیك و شافیعی و ئه‌حمه‌دی كوری حه‌نبل _ خوایان لێ‌ رازی بێت)، هه‌ر یه‌كێكیشیان چه‌ندین قوتابی و زانا و دانای پێگه‌یاند كه‌ توانیان درێژه‌ پێده‌ری ڕێره‌ویان بن و بیرو بۆچونه‌كانیان زیاتر به‌ خه‌ڵك ئاشنا بكه‌ن، كه‌ هه‌ر یه‌ك له‌ قازی ئه‌بو یوسف و محمدی كوری حه‌سه‌نی شه‌یبانی و زوفه‌ری كوری هوزه‌یل وه‌ك قوتابی ئیمامی حه‌نه‌فی، و عه‌بدولڵای كوری وه‌هه‌ب و عبدولره‌حمانی كوری قاسمی عه‌تفی و ئه‌شبه‌هی كوری عه‌بدولعه‌زیز وه‌ك قه‌تابی ئیمامی مالیكی كوری ئه‌نه‌س، و یوسفی كوری یه‌حیا بویتی و ئیبراهیم كوری یه‌حیا موزنی و نه‌وه‌وی و سوبكی له‌ مه‌زهه‌بی ئیمامی شافیعی و صالح و عبدوڵڵای كورانی ئیمامی ئه‌حمه‌دو ئه‌سره‌م و ئه‌حمه‌دی كوری موحه‌مه‌دی حه‌جاج و ئه‌بو به‌بكری مه‌روزی و ئیبنو قودامه‌ی مه‌قده‌سی له‌ مه‌زهه‌بی ئیمامی حه‌نبه‌لی سه‌ریان هه‌ڵدا، كه‌ هه‌ر یه‌ك له‌مانه‌ی باسمان كردن خزمه‌تێكی زۆر روون و ئاشكرایان به‌ فیقهی ئیسلامی كردو به‌دوای به‌ڵگه‌ی شه‌رعی بۆ بۆچوونی ماموستاكانیان ده‌گه‌ران‌و چه‌ندین رێساو بناغه‌یان بۆ فیقهی ئیسلامی دانا له‌چوار چێوه‌ی زانستی ئوصولی فیقهدا.
گرینگترین هۆكاری ناكۆكی له‌ نێوان ئه‌م مه‌زهه‌بانه‌ بریتیه‌: له‌ جیاوازی جۆری تێگه‌یشتنیان له‌مانای ووشه‌كانی زمانی عه‌ره‌بی‌و جیاوازی له‌ گێرانه‌وه‌ی فه‌رمووده‌كان و پله‌ و پاییه‌ی فه‌رمووده‌كه‌، و جیاوازی سه‌رچاوه‌ ئوصولیه‌كه‌‌و جیاوازی له‌ ئیجتیهاد و تێگه‌یشتن له‌ ده‌قی سه‌رچاوه‌كانی شه‌ریعه‌ت. 
به‌و پێیه‌ی كه‌ فه‌توا یه‌كێكه‌ له‌و ئه‌ركه‌ پیرۆز و گه‌ورانه‌ی كه‌وتووته‌ سه‌ر شانی زانایانی ئایینی پپرۆزی ئیسلام، هه‌ر له‌ كۆنه‌وه‌ له‌جیهانی ئیسلامیدا كورد پشكی گه‌وره‌ی هه‌بووه‌ له‌م بواره‌دا، له‌ كوردستان زانای ئاینی ئه‌گه‌ر له‌ گوندێكی بچوكیش بێت رۆڵی موفتی بینیوه‌ و ئه‌ركی فه‌توادانی پێ‌ سپێردراوه‌، خه‌ڵكی كوردستانیش نه‌ك ته‌نها بۆ پرسه‌ شه‌رعیه‌كان به‌ڵكو بۆ كێشه‌و گرفته‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانیش بۆ لای مه‌لای گوندو ماموستای ئاینی گه‌راوه‌ته‌وه‌، و موسڵمانانی كوردستانیش به‌زۆریی له‌قسه‌ی ماموستایانی ئاینی ده‌رنه‌چوونه‌و پابه‌ندی رێنمایی و ئامۆژگاریه‌كانیان بوونه‌، هه‌تا میرنشینه‌كانی كوردیش له‌ زۆر رووه‌وه‌ هه‌وڵیانداوه‌ كه‌ بۆ پرسه‌ ئایینی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان بۆ مه‌لای كورد بگه‌رێنه‌وه‌و وه‌ك مه‌رجه‌عێكیش سه‌یریان كردووه‌، تا چه‌ند سه‌د ساڵ له‌مه‌وبه‌ر كه‌ پله‌ی (موفتی) له‌ كوردستان سه‌ری هه‌ڵداوه‌ له‌ لایه‌ن ده‌وڵه‌تی عوسمانی له‌به‌ر لێهاتوویی و شاره‌زاییان پله‌ی (موفتی) به‌ مه‌لای كورد سپێردراوه‌، و پێویست به‌وه‌ نه‌بوو كه‌ له‌ شوێنه‌كانی دیكه‌وه‌ (موفتی) بۆ كوردستان بنێرێت. لێره‌دا به‌ پێویستی ده‌زانم چه‌ند نمونه‌یه‌ك له‌و زانا كورده‌ بلیمه‌تانه‌ بخه‌مه‌ به‌ر ده‌ستی خوێنه‌ر كه‌ ئه‌ركی (موفتی) یان له‌ جیهانی ئیسلامی پێ‌ سپێراوه‌:
1- ئه‌گه‌ر كه‌مێك به‌مێژوو دا برۆین ده‌بینین كه‌وا مه‌لا حوسه‌ینی كوری عه‌لی كوری قاسمی شاره‌زووری له‌به‌ر لێهاتوویی و پر زانستی كراوه‌ به‌ قازی هه‌رێمی (دار الخلافة‌) له‌ سه‌رده‌می (المستنجد بالله) ی عه‌باسی، و هه‌روه‌ها موحه‌ممه‌دی كوری قاسمی شاره‌زووری قازی جه‌زیره‌ و شام بوو، و عه‌لی كوری قاسمی شاره‌زووریش قازی ویلایه‌تی موصل و واست بوو.
2- مه‌لا ئه‌حمه‌دی كوری مه‌لا ئیسماعیلی گۆرانی، ئه‌م به‌رێزه‌ له‌ سه‌رده‌می سوڵتان مورادی دووه‌م رێزو پله‌و پایه‌كی زۆری هه‌بووه‌، و له‌ نێوان قاهیره‌و ئه‌سته‌مبۆل ئه‌ركی فه‌توا دانی پێ‌ سپێردراوه‌، و له‌ ئه‌نجامدا پۆستی شیخول ئیسلامی پێدراوه‌، و تا كۆچی دوایی كردنی له‌م پله‌و پایه‌ ماوه‌ته‌وه‌.
3- مه‌لا ئیسماعیلی ئاموودی و مه‌لا موحه‌ممه‌دی وانقۆلی مه‌لا جه‌عفه‌ری به‌رزنجی و شێخ ئیبراهیمی شارانی گۆرانی و شێخ سوله‌یمانی گه‌ردی مه‌ده‌نی و چه‌ندانی تر ئه‌ركی فه‌تواو ته‌دریسیان له‌ نێوان مه‌ككه‌و مه‌دینه‌ پێسپێردراوه‌.
4- له‌ به‌غدای پایته‌ختی عیراق زیاتر له‌ چوار سه‌د ساڵ فه‌توا له‌ ده‌ستی مه‌لای كورد بوو، و موفتیه‌ گه‌وره‌كانی كورد له‌ به‌غداوه‌ بریتی بوون له‌ زه‌هاوییه‌كان و حه‌یده‌رییه‌كان و سنه‌ییه‌كان و زه‌ندییه‌كان به‌نده‌نیجیه‌كان، و دواهه‌مینیان ماموستا مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمی موده‌ریس بوو.
ئه‌مانه‌ چه‌ند نموونه‌یه‌كی زیندوویی جیهانی فه‌توادان بوون له‌ كوردستان، خۆ ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت به‌وردی باسی هه‌موو زاناو موفتیه‌كانی كوردستان بكه‌ین له‌ سه‌رجه‌م قۆناغه‌كان ئه‌وا باسێكی دوورو درێژه‌ كه‌ كات ده‌رفه‌ت نادات لێره‌دا هه‌ڵوه‌سته‌ له‌سه‌ر هه‌موویان بكه‌ین.
لێره‌دا ده‌گه‌ینه‌ ئه‌و ڕاستیه‌ كه‌ فه‌توا گرنگیه‌كی تایبه‌تی هه‌یه‌ له‌ ئیسلامدا، چونكه‌ خۆی له‌ رۆنكردنه‌وه‌ی حوكمی خوای گه‌وره‌ ده‌بێنیته‌وه‌، بۆیه‌ زۆر گرنگه‌ تێكرای موسڵمانان به‌گشتی و زانایانی ئاینی به‌ تایبه‌تی زۆر به‌گرنگیه‌وه‌ بڕوانه‌ فه‌توا و به‌ بایه‌خه‌وه‌ سه‌یری بكه‌ن، ناكرێت كه‌سێك ته‌نها له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی پێش نوێژو وتارخوێنه‌ وه‌یان شاره‌زایه‌كی هه‌یه‌ له‌ ئیسلام قسه‌ له‌ سه‌ر فه‌توا بكات، وه‌یا ڕه‌خنه‌ له‌ فه‌توا بگرێت و تۆمه‌تی ناره‌وا ببه‌خشێته‌وه‌ به‌ موفتی و فه‌تواده‌ره‌كان، وه‌یا به‌ ئاره‌زووی خۆی فه‌توا بدات.