کەی خانووەکانمان دەکەینە ماڵ؟

 

ماڵ ئەو کاتە دەبێتە ماڵ، کە خێزانێکی تێدا بێت لە نێو ئەو خێزانەدا (چاودێری، بەرپرسیارێتی، جوامێری، گفتوگۆ، سۆزو خۆشەویستی، جوانی، دانپێدانانە کۆمەڵایەتییەکان) هەبن، بەپێچەوانەوە، کاتێك شوێنێکمان هەبێت تەنیا کۆکەرەی لاشەکانە، بەبێ ئەوەی هیچ گفتوگۆو سۆزو خۆشەویستی و ڕێزو قسەو ڕاگۆڕینەوەیەك لە نێوان ئەندامانی خێزانەکە هەبێت، لەو کاتەدا ئیدی ئەمە نە خێزانەو شوێنەکەش ماڵ نییە، بەڵکو لە خانووێکەوە زیاتر نییە.

لە قۆناغی ئێستادا، کە لەژێر هەژموونی تەکنەلۆژیا، خەریکە خێزان بەرەو سستی و لاوازی دەچێت و هەر ئەندامەو لە سووچێکەوە یان لە ژوورێکەوە بە سەڕقاڵی ئینتەرنێتەوە دادەنیشن و ڕێزو خۆشەویستی و پێکەنین و پێکەوەنووستن و هەڵستانەوەو پێکەوە دانیشتن بۆ خواردنی بەیانیان نامێنێت، دەتوانین بڵێین: خانووێك هەیە کۆیان دەکاتەوە نەك ماڵ، چونکە جیاوازییەکی زۆر هەیە لەنێوان (ماڵ - خانوو)، (البيت - الدار)، (Home - house).