نووسینی: دكتۆر مەهاتیر محەمەد سەرۆك وەزیرانی پێشووی مالیزیا وەرگێرانی: دکتۆر هێژا ئەحمەد نەجمەدین دكتۆر مەهاتیر محەمەد سەرۆك وەزیرانی پێشووی مالیزیا لە كتێبەكەی بەناوی پزیشكێك لەسەرۆكایەتی وەزیراندا، باس لە یادەوەریەكانی دەكات و بەشێك لەو یادەوەریانەدا بریتیە لە ئیسلام و ئیسلامگەری لە هزری خۆیدا، مەهاتیر دەلێت من بە موسڵمانی لە دایك بووم، وەكو منداڵێكی موسڵمان پەروەردە كرام، هەر لەسەرەتای منداڵیمەوە فێری چۆنیەتی نوێژكردن و بەرۆژوو بوون كرام، پاشان لەلایەن دایكم و مامۆستایەكم فێری قورئان خوێندنەوە كرام لەگەڵ ئەوەشدا هیچ زانیاریەكم لەبارەی شرۆڤەكانی قورئان نەبوو، تەنها لەچەند ئایەتێك نەبێت ئەویش بە شێوەیەكی ئاسان. هەر لە سەرەتای ژیانمدا باوەربوون و ئیمانم بە ئیسلام زۆر بەهێز بوو كە جێگای گومان نەبوو، وە هیچ كاتێكیش وێنە ناكەم كە جگە لە ئاینی پیرۆزی ئیسلام ئاینێكی ترم هەبێت. خانووەكەمان لكا بوو بەچەند خانووێك و دوكانێكەوە كە خەڵكانی تر تێدا دەژیان لەهاوئاینەكانی ترمەوە كە موسڵمان نەبوون، لەبەرامبەر ماڵەكەی ئێمە دوكانێك هەبوو خاوەنەكەی چینی بوو، خاوەن دوكانەكە لەبەر دەرگای دوكانەكەی پەرستگایەكی بچووكی دروست كردبوو و پەیكەرێكی خواوەندی خۆیانی لەناو دانابوو كە رازابووەوە بە بخور، خەڵكی دەهاتن بۆ پەرستنی و ستایش كردنی ئەو خواوەندە. كاتێك چووم بۆ قوتابخانە ئاشنا بووم بە كۆمەڵێك فێرخوازی تر، یەكێك لەو فێرخوازانە منداڵێكی ئۆراسی كاسۆلیكی بوو كە هاوئاینێكی جیاوازبوو. وە كاتێك خۆێندنی ئامادەییم تەواو كرد و پەیوەندیم بە زانكۆوە كرد بۆ خوێندنی زانستی پزیشكی، لەو قۆناغەدا هاوپۆلەكانم لە ئاینی جیاواز بوون، ئاشنایەتی من بەو هەموو هاوئاینە جیاوازانە بیرو باوەری منی بەهێزتر كرد، بەڵام هیچ كات گفتوگۆمان نەدەكرد لە بارەی ئاینەوە چونكە لەسەرەتادا دەمزانی ئەگەر گفتوگۆ بكەین لەبارەی ئاینەوە دەچینە ناو مشتومڕێكی زۆرەوە كە رەنگە كاردانەوەی خراپی هەبێت لەبارەی پەیوەندیم بە ئەوانەوە. لە ڕوانگەی منەوە تا ئێستاش ئیسلام ئاینێكی لێبوردەیە لەگەڵ تەواوی ئاینەكانی تری جیهان كە بوونیان هەیە، وەكو ئاینی یەهودی و مەسیحی و بوزی و هیندۆسی و بەشێكی تر لە ئاینەكان. كاتێك شرۆڤە و ڕامانی قورئانم خوێندەوە بە هەردوو زمانی مالاوی و ئینگلیزی سورەتێكم لەسورەتەكانی قورئان خوێندەوە بەناوی سورەتی (الكافرون) كە خوای گەورە دەفەرموێت: قُلْ یا أَیُّهَا الْكَافِرُونَ لا أَعْبُدُ مَا تَعْبُدُونَ ولا أَنْتُمْ عَابِدُونَ مَا أَعْبُدُ ولا أَنَا عَابِدٌ مَا عَبَدْتُمْ ولا أَنْتُمْ عَابِدُونَ مَا أَعْبُدُ لكُمْ دِینُكُمْ ۆلِي دِینِ . ئەو كاتە بۆم دەركەوت كە من هەڵە نەبووم لەو تێروانینەی خۆم كە وتم ئیسلام ئاینێكی لێبوردەیە و تۆلێرانسە بەرامبەر ئاینەكاتی ترەوە، هەروەها ئایەتێكی ترم خوێندەوە ئەویش ئایەتی ( لا إكراە فی الدین ) لەسورەتی البقرە: ئایەتی 256. رەنگە لە مالیزیا هەموو یاساكانی ئیسلام جێ بەجێ نەكرێت، بەڵام هەموو كات بەدوای زانستەكانی ئیسلام دەكەوین بۆ فەراهەم كردنی دادپەروەری بۆ تەواوی ئاینەكانی تر كە بوونیان هەیە لە مالیزیا بۆ ئەوەی وەك میللەتێك بمێننەوە و دووربن لەسەركێشی و نەبوونی دڵنیایی لەبەرامبەر یەكتردا، هەروەك ئێستا تەواوی هاوئاینە جیاوازەكان بۆ خزمەتی یەك وڵات كار دەكەن ئەویش مالیزیایە. لێبوردەییمان لەبەرامبەر هاوئاینەكانی ترەوە وامانی لێكر كە پەیوەست بین بە تەواوی زانستەكانی ئیسلام، لە واقیعدا حكومەتی مالیزیا كار بە بنچنەكانی ئیسلام دەكات لەتەواوی كاروبارەكانی دا، بۆیە مافێكی تەواومان هەیە بڵیین مالیزیا وڵاتێكی ئیسلامیە و هەربۆیە ئیسلام و ئیسلامگەری ئیداری مالیزیا هیچ كات جێگای ناكۆكی نەبووینە. لە راستدیا لەو كاتەی مالیزیا بنچینەكانی ئیسلامی پەیرەوكرد و ووتی مالیزیا وڵاتێكی ئیسلامیە، ئاشتی و ئارامی بەتەواوی بەرقەرار بوو لە تەواوی وڵاتدا، وە هەروەها وڵات بەرەوپێش چوونێكی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی لە هەموو روێكەوە كە لەپێشووتردا وێنەی نەبووە. بەڵام بەداخەوە هەندێك موسڵمان هەن كە خۆیان بە زانا و رۆشەنبیر داناوە هیچ كات لێبوردەییان لاپەسەند نیە كە قورئان ئاماژەی بۆ دەكات، ئەوانە هەموو كات وا حەز دەكەن ئیسلام پیشانی خەڵك بدەن كە ئایینێكی توندوتیژە بەرامبەر هەموو ئاینەكانی ترەوە، جارێك یەكێك لە موفتیەكان پێی ووتم كە جگە لە ئاینی ئیسلام هیچ ئاینێكی تر نیە و قەبوڵ نیە، لەو كاتەدا هەستێكی یەكجار ناخۆشم بۆ دروست بوو و هەستم بەسەر لێشێوان كرد، چونكە قورئان ئاماژەی بۆ چەندین ئایین كردووە وەكو ئاینی پێغەمبەر موسی و عیسی سەلامی خوایان لەسەر بێ، وە هەروەها لە سورەتی (الكافرون) كە باسمان كرد ئاماژە بە ئاینی تر دەدات. لە كۆتاییدا دەكرێت تەواوی هاوئاینە جیاوازەكان پێكەوە كۆببنەوە و بژین لەیەك وڵات بەروحێكی ئاشتیانەو لێبوردەییانە بۆ ئەوەی بەهەموو لایەكەوە خزمەت بە وڵات و هاونیشتمانیان بكەن. |