یادی مەولود لە مێژودا و هەنگاوێک بەرەو داهێنانی باشتر


لەم ڕۆژانەدا بەبۆنەی مانگی ربیع الاول و بەتایبەت ڕۆژی دوانزەیەمین ی مانگ ، ڕۆژانی خوێندنەوەی شیعر و قەسیدە و لاواندنەوە و مەجلیسی یادکردنەوە و خوێندنی قورئان و فیکر و زیکری سۆفی و حاڵ و سۆزی دەروێشان و ڕازاندنەوەی مزگەوت و ماڵ و بازاڕەکان و دابەش کردنی شیرینی و بەخشینەوەی پشکەگۆشت و دروستکردنی چێشت و خواردن و خۆشی دەربڕین و جلی نوێ پۆشین و داگیرساندنی مخوڕ و خۆبۆنخۆشکردن دەبێتە دیاردەیەکی جیاواز و سەرنج ڕاکێش ، هەرچەندە هاوڵاتیان دوو بۆچون و دوو قسەی جیاوازیان هەیە لە سەر ئەم یادکردنەوە و چالاکی و  کۆ بونەوە و خۆشی دەربڕینە .
زۆرێک لە موسڵمانان باوەڕیان وایە کە سەرەتا و یەکەم کەس کە گرنگی بە یادی لەدایکبونی داوە پێغەمبەر محمد صلی الله عليه وسلم خۆی بووە کاتێک کە ڕۆژانی دووشەم بەڕۆژووبووە و فەرمویەتی"هذا يوم وُلدت فيه" .
لەلایەکی ترەوە هەندێکی تر پێیان وایە دیاردەکانی ئاهەنگ گێڕان بۆ یادی لەدایک بوون داهێنانێکە لەسەردەمی فاتمیەکان هاتەکایەوە و داهێنانی شیعە مەزهەبەکانە و هیچ بنەمایەکی سونەتی نیەو ئەهلی سوننە نەیانکردووە ، بەڵام لە ڕاستیدا دیاردەی ئاهەنگ گێڕان بۆ یادی لەدایکبونی پێغەمبەر درودی خودای لەسەربێت ڕەگێکی مێژوی لە ژیانی ئەهلی سونە مەزهەبدا هەیە و زۆرک لە گێڕانەوە مێژوییەکان ئاماژە بە ئەوە دەدەن کە  مظفر پادشا ی کوردی سونەمەزهەب بەیەکەم داهێنەری خۆشی دەربڕین و ئاهەنگ گێڕان بەیادی لەدایک بونی پێغەمبەری کردووە و زۆرێک لە زانایانی فیقهی شەریعەت پاڵپشتی ئەنجامدانی ئەم بۆنەیە ئەکەن و بە داهێنانێکی باشی "بدعة حسنة"لەقەڵەم دەدەن .
بە پێ ی زۆرێک لەو سەرچاوە مێژووییانەی لە بەردەستی مندان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن جێژن و ئاهەنگ گێڕان بۆ یادی لەدایک بونی نەک تەنها پێغەمبەر درودی خوای لەسەربێت بەڵکو هەندێک لە خانەوادە و هاوەڵانی پێغەمبەریش سەرەتاکەی بۆ سەردەمی دەوڵەتی فاتمیەکان دەگەڕێتەوە بەتایبەتی خەلیفەی فاتیمی  المعز لدين الله  لەدوای ئەوەی ڕۆیشتە ناو میسر لە ساڵی 969 زاینی و یەکێک لەو هۆکارانەی کە پیادەی دەکرد بەمەبەستی زیاتر پتەو کردنی دەسەڵاتی و زیاتر چونە ناو دڵی خەڵکی ، بانگەشەی خۆشەویستی بۆ پێغەمبەر درودی خوای لەسەربێت و خانەوادە و هاوەڵانی خوا لێیان ڕازی بێت بوو .
یادەکە لە سەردەمی فەتیمیەکان بەو شێوەیە بوو کە شیرینی و خێر و سەدەقات دابەش دەکرا و پاشان خەڵکی پەیوەندیان دەکرد بە مەوکیبی قاضي القضاة و هەموو دەڕۆیشتنە  مزگەوتی  (جامع الأزهر)
پاشان ڕێوڕەسمەکە وەهابوو بەرەو کۆشکی خەلیفە و هوتاف دەکێشرا و دروشم بەرزدەکرایە و نزا بۆ پایەداری و بەردەوامی خەلیفە و دەسەڵاتی و حوکمی دەکرا و کۆتایی بە مەراسیمە دەهات ، شایانی باسە ئەم مەراسیم و یادگێڕانە وەک لە سەرەتاوە ئاماژەم پێدا بۆ یادی لەدایکبونی پێشەوا علی و فاطمة الزهراء و  ئال و بەیت و خەلیفەی فاتیمی حازر دەکرا ، هەرچەندە ئەم بۆنە و ئاهەنگانە بەو شێوازە لەسەردەمی خەلیفە المستعلي بالله قەدەغەکرا ،بەڵام هەتا ئێستەش شوێنکەوتوانی مەزهەبی شیعە شانبەشانی یادی لەدایکبونی پێغەمبەر صلی الله عليه وسلم كە لەگەڵ سات وڕۆژی دیاریکراوی سونە جیاوازە کە بەلای ئەوانەوە پێغەمبەر درودی خودای لەسەربێت لە 17 ی ربيع الأول لەدایکبووە ،  یادی ئیمام و پێشەواکان دەکەنەوە .
ئەوەی باسمانکرد  سەرەتایەک بوو بۆ ئاگاداربوون لە مێژوی ئاهەنگ گێڕان بە یادی لەدایک بوون کە بێگومان جیاوازی هەیە لەگەڵ ئاهەنگی یادی لە دایک بوون لەلای شوێنکەوتوانی سوننە و بێگومان سەرهەڵدانی دیاردەکەش و مەبەست لە یادکردنەوەکەش  جیاوازی هەیە ، هەرچەندە هەندێک لە توێژەران پێیان وایە کە دیاردەی ئاهەنگ گێڕان بۆ یادی لەدایک بوون داهێنانێکی فاتمیە شیعەکانە و هیچ پەیوەندیەکی بە ئەهلی سوننەوە نیە ، بەڵام لە بەرامبەردا ئەهلی سوننەت ڕاوبۆجونی پێچەوانەیان هەیە و بەکارێکی باش و دروستی ئەهلی سوننەت و جەماعەتی دادەنێن  ، زانای گەورە و شەرعزان و شارەزای مێژوو " جلال الدين السيوطي " لە کتێبەکەی "حسن المقصد في عمل المولد"  ئاماژە بە بەوە دەکات کە یەکەم داهێنەری یادی مەولودی پێغەمبەر بەم شێوازە شەرعیەی ئێستا  فەرمانڕەوای هەولێر لە سەردەمی "صلاح الدين الأيوبي"، شا موزەفەر ( الملك المظفر أبو سعيد كوكبري)بووە ، 
زانایان هاوڕان لەسەر ڕەوشتبەرزی و سەخاوەت و هێمن و بە سۆز و میهرەبانی ئەم فەرمانڕەوایە ،
زانای موفەسیر و مێژووونوس ئیبن کەسیر"ابن كثير"  لە کتێبی   "البداية والنهاية" لە بارەی فەرمانڕەوا موزەفەر دەڵێت ( یەکێکە لە پیاوە بەخشندەکان و کەسایەتیەبەڕێز و پادشا مەزنەکان ، جێگەدەستی باشی دیارە و مزگەوتەکانی پۆشتەو ئاوەدان دەکردەوە ، دەربارەی یادکردنەوەی بۆنەی مەولودیش دەڵێت : شا موزەفەر یادی مەولودی شەریفی بەبەرزی ڕادەگرت و ئاهەنگێکی شکۆداری بۆ ئەنجام دەدا
هەروەها  یەکێکی تر لە زانایان "سبط الجوزي" سەبارەت بەو ئاهەنگانە دەنوسێت :هەندێک لەوانەی ئامادەی ئاهەنگەکان بونە گێڕاویانەتەوە کە لەسەر مێز و سفرەی خوانی شا موزەفەر لە بۆنەی یادی مەولوددا هەزار سەرئاژەڵی برژاو و دەهەزار مریشکی سورەوەکراو و سەدهەزارقاپ ماستاو و سی هەزار قاپی شیرینی بۆ ئامادەبوان دانراوە .
خەڵکانێکی زۆر لە هەموو چین و توێژەکان داوەت دەکران و زانا ناودارەکان و ئەهل زوهد و فێرخوازانی زانست خەڵات دەکرد و ڕێزی لێدەگرتن و بەخودی خۆی هەر لە نیوەڕۆ هەتا بەرەبەیانی ڕۆژی دواتر بەشداری فیکری سۆفی و زیکر و حاڵی دەروێشانی دەکرد ، سەرەڕای ئەمەش دیوەخانی تایبەت بە میوانانی هەبوو لە مانگی مەولود دا پێشوازی لێدەکردن و خزمەت دەکران .
هەروەها پێشەوا زەهەبی"  الإمام الحافظ الذهبي" لە کتێبەبەناوبانگەکەیدا  "سير أعلام النبلاء"  لە بارەی شا موزەفەرەوە دەڵێت :
" زۆر خواستی چاکەکاری هەبوو ، زۆر حەری لە بەخشین بووە ، هەموو ڕۆژێکبڕێکی زۆر نان و خواردنی دەبەخشیەوە، ساڵانە خەڵکێکی زۆر پۆشتە دەکردەوە و جل وبەرگی بۆ هەژار و منداڵان دەدایەکردن، خانو جێگە و مەئوای بۆ بێ نەوایان و ئافرەتی بێ کەس و هەتیوو بێباوکان دروست دەکرد ، کولانەوجێگەی بۆ گیاندارو پشیلە بێ خزمەتەکان دروستدەکرد ، سەردانی نەخۆش و دەردەدارانی دەکرد دەچوە بیمارستانەکان و دەرمان و دەواو و حەکیمی بۆ نەخۆشەکان پەیدا دەکرد و هەروەها میوانخانەیەکی دروستکردبوو بۆ هەرکەسێک بڕۆیتایەتە ئەوێ خواردن و خەوی بۆ ڕێکدەخرا ،هەروەها خولیای زانست و فێرخوازیشی هەبوو خوێندنگەیەکی بۆ شافیعیەکان و بۆ حەنەفیەکانیش دابینکردبوو بۆ فێرکردنی زانستخوازان .
لەبارەی گرنگی دانی بە یادی مەولود زەهەبی دەڵێت : "  خەڵکی لە هەموو لایەکەوە لە عێراق و لەجەزیرەوە و لە شوێنەکانی دیکەوە دەهاتن ، شار دەڕازایەوە ، گۆرانی و قەسیدە و موناجات بە دەنگ و ئاوازی خۆش و دڵگیر ، جێگە و ڕێگەی شیاو و سەنگین ڕێکدەخرا پیاوانی گەورە و ناودار دادەنیشتن و بەشداری ۆشحاڵی دەربڕین بوو بە یادی لەدایک بونی پێغەمبەر صلی الله عليه و سلم ، تیرهاوێشتن و ڕمبازی و یاریکردن ،شا موزەفەر خۆیشی ڕۆژانە بەشداری دەکرد ئەو ماوەیە ڕۆژانە لە هەموو نیمەتێک خواردن دەڕازایەوە وشتر و مانگاو و مەڕوماڵات سەردەبڕا و دەکرایە پڵاو و گۆشت ، واعیزەکان ئامۆژگاریان دەکرد و  شاعیر و مەولودنامە خوێنان دیاری و خەڵاتیدیرهەم و  زێڕ و زیویان وەردەگرت ، دیاری و سەوقاتی دەبەخشرایەوە، بەو شێوەیە خۆشحاڵی دەربڕینێک بوو هەر مەپرسە ، زانایایانی دیکەی وەک ئیبنوخەلەکان و چەندی تر لەم بارەوە نوسیویانە کە لێرەدا جێگە نابێتەوە هەموو نوسینەکانیان تۆمار بکەم .
لە دوای ئەو سەردەمە و بە دیاریکراوی لە سەردەمی خەلافەتی عوسمانیەکانیش یادی مەولود بە شێوازی شیاو کراوەتەوە و سوڵتانەکان گرنگیان بە هەموو جەژن و بۆنە ئاینیەکان داوە و بەبایەخەوە سەیریان کردون بە تایبەتی یادی لە دایک بونی پێغەمبەر درودی خوای لەسەربێت، زۆر جار ئاهەنگەکان لە مزگەوتی گەورەی شار کە سوڵتان دیاریدەکرد و هەر بە زویی پیاوانی کاربەدەستانی دەوڵەت و زانایان و پیاو ماقوڵان بە جل و بەرگی فەرمیانەوە لە پێش دەرگای مزگەوتی دیاریکراو ئامادە دەبون و هەریەکە ویسامی ناو و پێگەیان و مەرسومی داوەتنامەی سوڵتانی لەسەر سنگیان هەڵدەواسرا ڕیزیان دەبەست و لە پێشوازی سوڵتاندا بەرزەپێ دەوەستان، پاش ماوەیەک سوڵتان بە سواری ڕەسەنترینی ئەسپەکانی وڵات بە ڕەشمەی ئاورێشم و زینی زێڕی خاڵس دەگەیشت لە چواردەوری حەشاماتێکی زۆر لە پاسەوان و خزمەتکار و ئەهلی دەربار دەهاتن و ئاڵا و پەرچەم بەرزدەکرایەوە بەدوو ڕیزی دورودرێژ سوپا ڕیزیان دەبەست و  سوڵتان و حەشاماتەکە بەو نێوانەدا تێدەپەڕین تا دەگەیشتنە ناو  مزگەوت و سوڵتان لە شوێنی شاهانەی خۆی و کەسانی دیکەش هەریەکە  لە جێگەی بۆ دیاریکراوی خۆی دادەنیشت و ئیدی ئاهەنگ دەستی پێدەکرد.
سەرەتا بەخوێندنی قورئان دەستپێدەکرا ، پاشان چیرۆکی لەدایک بون و کورتەیەک لە ژیاننامەی پێغەمبەر درودی خوای لەسەربێت و پاشان کتێبی "دلائل الخيرات"  لە سەڵاواتدان لەسەر پێغەمبەر و دوای ئەوە حەلەقاتی زیکر و  تەلیلەکردن و لە میانەی ئەم ڕێوڕەسمانەدا چەند کەسێک کاریان ئەوە بوو بەدەنگی بەرز تاو تاوێک دەنگیان هەڵدەبڕی بە سەڵاوات و داواشیان لەخەڵکەکە دەکرد سڵاوات بنێرن ، داب وابوو ئەمە لە شەوی پێش ڕۆژی دوازدەی رەبیع ئەوەل دەکرا و لە بەیانی ڕۆژی دوازدەی مەولود ئیدی کارێکی دیکە دەستی پێدەکرد کە پیرۆزبایی کردن بوو و  پیاوانی گەورە کاربەدەستی دەوڵەت پیرۆزباییان لە سوڵتان و مەقامی موعەزەم دەکرد .
ئەوەی سەرەوە کورتەیەک بوو لەمێژوی یادکردنەوەی مەولود بە شێوازە جۆراوجۆرەکان کە تاکو ئێستەش درێژەی هەیە سەرەڕای هەبونی هەندێک جیاوازی ڕاوبۆچونی زانایان لەسەر ئەم یادکردنەوەیە و هەنێکیان لە زانا فیقهیە ناسراوەکان پێیان وایە ئەم کارە داهێنانێکی باشە و خێرێکی گەورەیە چونکە بۆ مەبەستی بەگەورە زانینی پێغەمبەر ە درودی خودای لەسەربێت و دەربڕینی خۆشی و خۆشحاڵیە بە هاتنەدونیای پێشەوای مرۆڤایەتی کە ئەمەش کارێکی پیرۆزە لەو زانا بەڕێزانەش هەندێکیان پێشەوا سيوطي وابن حجر العسقلاني والسخاوي وابن عابدين وشمس الدين بن الجزري والنووي والقسطلاني و چەندین زانای دیکەی باوەڕ پێکراوی ئومەتی ئیسلامین .
لە بەرامبەردا کۆمەڵێک لە زانایان ڕایان وایە نابێت یادی لەدایک بونی پێغەمبەر درودی خودای لەسەربێت بکرێتەوە چونکە پێغەمبەر صلی الله عليه وسلم  نە هاوەڵان و  " السلف " نەیانکردووە و هەرکارێکیش ئەوان نەیانکردبێت بدعەیە و داهێنانێکی خراپە و شەرعی نیە و هەندێک جار ئەنجامدەرانی ئەم کارەش بە دۆزەخی ناودەبەن ، لەو زانایانەش کە لەگەڵ یادی لەدایک بوون نین و بە کارێکی خراپی دەزانن ابن تيمية والشاطبي وتاج الدين الفاكهاني و زانایانی سەردەمن بەتایبەتی حیجاز .
لە کۆتاییدا ولە ئەنجامی پێداچونەوە بە مێژوی یادکردنەوەی مەولود و ڕاوبۆچونی زاناڕاجیاوازەکان ئەوە ڕوندەبێتەوە کە یادکردنەوەی مەولود چالاکیەکی بانگخوازی ئیسلامیە و مەبەست لێی هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگایە بۆ زیاترناسین و زیاتر خۆشویستنی پێغەمبەری ئیسلام درودی خودای لەسەربێت و پەیامەکەی کە ئیسلامە ئەمەش کارێکی پیرۆزە و ئەرکی سەرشانی موسڵمانانە،
بەڵام گرنگە یادکردنەوەی مەولود بەو شێوەیەی کە هەیە نەکرێتە  مەبەست واتە  (الغاية) و بەو چاوەوە سەیر بکرێت کە (الوسيلة)یە واتە هۆکارێک بێت بۆ گەیشتن بە مەبەستێکی پیرۆز کە ئەویش بەدەستهێنانی ڕەزامەندی خودایە لە خۆشویستنی پێغەمبەر " درودی خودای لەسەربێت" و بەخۆدا چونەوە لە فەرمانبەرداری خودا و شارەزا بون لە ژیاننامەی پێغەمبەر صلی الله عليه وسلم و شوێنکەوتنی ڕێبازەکەی و جێبەجێکردنی شەریعەتەکەی و هەڵگرتنی ڕەوشت و ئاکارەجوانەکانی .
ئیدی پێویستە یادی مەولود لە بانگەشەکردن بۆ خۆشەویستی پێغەمبەرە وە درودی خودای لەسەربێت بگوازینەوە بۆ خۆشویستنی کردارەکی پێغەمبەر صلی الله عليه وسلم ، یادی مەولود، خۆشویستنی پێغەمبەر ، سۆز و میهرهبانی و دادگەری و سیلەی ڕەحم و سۆز و بەزەیی بەرامبەر مرۆڤەکان بە پیرو لاو و منداڵ و ژنەوە ، سەردانیکردنی خانەی بەساڵاچوان و کەم ئەندام و بێ دایک و باوک و بێ سەرپەرشتان،  هەروەها بەزەیی هاتنەوە بەئاژەڵاندا و غەمی ژینگەپارێزی و خزمەت کردن بە باخچە و گوڵ و سەوزایی وئاو و کانیاو و دەریاکان بە کردەیی  بکرێت ، پێویستە لە دوای ئەوەندەساڵ یادکردنەوەی مولود گۆڕانکاری بەسەردا بێت و داهێنانی جوان بکرێت لە ئەو بۆنە پیرۆزەدا .