ڕۆژمێرو حیساباتی کوردەواری بۆ وەرزەکانی ساڵ

بسم الله الرحمن الرحيم

قال الله تعالى: ﴿ وَجَعَلْنَا اللَّيْلَ وَالنَّهَارَ آيَتَيْنِ فَمَحَوْنَا آيَةَ اللَّيْلِ وَجَعَلْنَا آيَةَ النَّهَارِ مُبْصِرَةً لِتَبْتَغُوا فَضْلًا مِنْ رَبِّكُمْ وَلِتَعْلَمُوا عَدَدَ السِّنِينَ وَالْحِسَابَ وَكُلَّ شَيْءٍ فَصَّلْنَاهُ تَفْصِيلًا ﴾ .. ( سورة الإسراء:12).

ئاشكرايه ساڵ لەچوار وەرز پێك دێت (( بەهار - هاوین – پایز - زستان )) لەسەری ساڵی کوردی کە ٢١/٣ یە، واتا ٢١ ئادار هەموو ساڵێک یەکی نەورۆز یەکەم ڕۆژی بەهارە. ٢١/٦ یەکەم ڕۆژی هاوینە. ٢١/٩ یەکەم ڕۆژی پاییزە. ٢١/١٢ یەکەم ڕۆژی زستانە. بەڵام ئێمە لەناوچەی شاری هەولێر حیسابەکانمان بە تەقویمی ڕۆمی (شرقی) دەکەین، واتە ١٤ ڕۆژ دوای مانگەکانی ساڵی زايینی (میلادی)واته ئێمە ١٤/٣ ی هەموو ساڵێك ئەکەین بە بەهار. وەرزەکانی تریش بەم شێوەیە: وە هەروەها چۆن حیسابەکە لە زستان هەیە ئەوا لە ١٤/١٢ دەست پێدەکات لە هاوینیش بە هەمان شێوە لە ١٤/٦ دەست پێدەکات. پاییزیش لە ١٤/٩ بەم شێوەیەیە: یەکەمجار لە زستان دەست پێ دەکەین کە لە ١٤/١٢ زستانە دوای ٢٥ رۆژ کە دەکاتە ٨/١ ئەمه چلەی زستان دەست پێ دەکات. بۆ ماوەی چل (٤٠) ڕۆژ تا دەگاتە ١٧/٢، واتە حەڤدەی شوبات دوای ئەو (٢٥) ڕۆژ ئەمێنێ بۆ ١٤/٣ ئەبێت بە بەهار.

بۆ حیسابی سەرما دوای مانگێك لە زستان واتە لە ١٤/١ دەست پێ دەکات، یەکەم: حیساب پێی دەوترێت ((بەند))، وە هەر حیسابەک بۆ ماوەی (٧) ڕۆژه، واتە: تاکو ٢٠/١،  لە ٢١/١ ئەبێت بە حیسابی دووەم پێی دەڵێن: (بەندرخە) تاکو ٢٨/١، وە حیسابی سێیەم تاکو ٤/٢ ، واتە چواری شوباتی پێ دەڵێن (مێرەم)، و حیسابی چوارەم: پێ ی دە ڵێن (ئۆغەن) تاکو ١١/٢ ، وە حیسابی پێنجەم: پێ ی دەڵێن (پیت) تاکو ١٨/٢ ،  وە حیسابی شەشەم: پێ ی دەڵێن (پارۆز) تاکو ٢٥/٢ ، وە حیسابی حەوتەم: پێ ی دەڵێن (خدر) تاکو ٤/٣، واتە: چواری (مارس) یان (ئادار)، وە حیسابی هەشتەم: پێ ی دەڵێن (ئەلیاس) تاکو ١١/٣، ئینجا کۆتا حیساب: حەوت ڕۆژە تاکو ١٨/٣ دەخایەنێ پێ ی دەڵێن سەرمای پیرێژن، واتە: بە عەرەبی (برد العجوز) ئینجا لەو ڕۆژە واتە (١٨) ئادار شەو و ڕۆژ بەرامبەر دەبێت بە مانای ڕۆژ (١٢) سەعات و شەویش دوانزدە (١٢) سەعات.

هەندێ حیساباتی تر هەیە لەوانەیە کە ١٤/١ ی هەموو ساڵێک سەرما دەست پێدەکات، ئەگەر کەسێک شەو لە دەرەوە ماوە لە دەشت هەتاکو بەیانی لەوانەیە لە سەرما بمرێ. بەڵام کەوا دەڵێن لە حیسابی سێیەم کە (مێرەم)ـه، لە سێی مێرەم، واتە: لەدوای ٧/٢ حەوتی شوبات ئەگەر یەکێک بە شەو هەتا بەیانی لە دەرەوە بێت نامرێت، بە مانای ئەوەیە کە توندی سەرما کەم بوە کە ئەفسانەی (أسطورة) ی ئيبراهیمی مەلا زێندین کە شەو دەرکراوە لەسەر ئەسپەکەی ڕەق بویتەوە لەبەر بەفر بارین بەڵام دوایی چاك دەبێتەوە. وە لە ١٨/٢ هەژدەی شوبات واتە: ڕەشەمە پشکوی هەوا دەکەوێت وە بە عەرەبی (جمرات)، وە لە دوای (٢٥) ی شوبات پشکوی زەوی (جمرەی) زەوی دەکەوێت بە مانای زەوی گەرم دەبێت ئەگەر باران بەیانی زۆریش ببارێت بۆ ئێوارە زەوی وشك دەبێتەوە، ئێمە دەڵێین: عەرد نێر بوە، وهەروەها برا هەولێريەكانیش دەڵێن: بەیانی قوڕە بۆ ئێوارە دەبێت بە ئاسن (سەببەح چامر ئەخشەم دامر). لە ١/٦ یەکی حوزەیران پێلو (ثریا) هەڵدێت ، وە لە ١/٧ یەکی تەمموز تەرازوو هەڵدێت (میزان)، وە لە ٣١/٧ گەلاوێژ هەڵدێت، و هەموویان لە مانگی (١١) ئاوا دەبن. هەموو ساڵێك کورتترین ڕۆژ لە ١٨/١٢ دەبێت، لە ١٨/٣ شەو و ڕۆژ بەرامبەر دەبێت. بەڵام درێژترین ڕۆژ لە ساڵ ٢٦/٦ چونکە ڕۆژی هاوین ئەو هەشت دەقیقە لە شەوی زستان درێژترە. وە لە ٢٦/٩ هەموو ساڵێک شەو و ڕۆژ بەرامبەر دەبێت .

لە کۆتاییدا ئەمە چەند زانیاریەکە تایبەت بە دیاریکردنی کات و ساتی وەرزەکانی ساڵ ویستم خۆمان و نەوەکانمان لە کۆمەڵگەی کوردەواری ئاشنا بکەین بە زانيني حیساب و بەرواری شەو و ڕۆژ لە چوار وەرزەکانی ساڵ بە هیوای ژیانێکی بەختەوەر و کات و ساتی پڕ خێرو بەرەکەت بۆ هەموو لایەك.