ئیبن ئادەمی باڵەك، زانا و دانا و شاعیر و گەردوونناسی كورد

دوای چەندین سەدە تا ئێستا كتێب و دەستنووسەكانی زانایەكی كورد لە دەڤەری باڵەكایەتی پارێزراون، دەستنووسەکانیش لە بوارەکانی وەك: زمانەوانی، مێژوو، زانستی گفتوگۆ، زانستی وشە، ڕێزمان، ڕەوانبێژی بیركاری، لۆجیك، ئەستێرەناسی، شیعر و چەندانی ترن.

مەلا محەمەد كوڕی مەلا ئادەم ناسراو بە (ئیبن ئادەمی، یان ئیبنو ئادەمی باڵەك)، یەكێك بووە لە زانا ناسراوەكانی كوردستان، لە ساڵی (1747 ز) لە گوندی ڕوستی سەر بە قەزای چۆمان، لە ناوچەی باڵەكایەتی لە خێزانێكی خوێندەوار و مەلازادەدا لە دایك بووە. باوكی زانایەكی خاوەن خوێندنگە و كتێبخانە بووە. سەرەتای خوێندنی ئیبنو ئادەم لای باوكی بووە، لە كۆتاییدا لای مامۆستا عەبدوڵای بایەزید، كە قوتابی زانای گەورە سیبغەتوڵڵای حەیدەری بووە، مۆڵەتی مەلایەتی وەرگرتووە.

لە دوای تەواوكردنی خوێندن، لەلایەن میر محەمەد، میری ڕواندز، ڕێزی لێگیراوە و مزگەوت و خوێندنگەی بۆ دابینكراوە، كراوەتە مامۆستا و موفتی میرنشینەكە، بەهۆی ناوبانگی زانستی و بلیمەتییەوە ژمارەیەكی زۆر  قوتابی و فەقێ لە دەوری كۆبوونەتەوە و لەلای ئەو درێژەیان بە خوێندنداوە. دوترێت دوای ماوەیەك مانەوەی لە ڕواندز، بە هۆی ئەوەی لە ئاستی ستەم و نادادیدا بێدەنگ نەبووە، بۆیە لەگەڵ میری سۆران نێوانیان تێكچووە و ناچار بووە ڕواندز بەجێبهێڵێ و ڕووی كردووەتە گوندی وەڵزە لە باڵەكایەتیی و لەوێ‌ بەردەوام بووە لەسەر وانە وتنەوە و نووسین.

ئیبنو ئادەم، بە دەیان كتێب و نووسراوی هەبووە، دەربارەی زۆربەی زانستەكانی وەك زمانەوانی، مێژوو، زانستی گفتوگۆ، زانستی وشە، ڕێزمان، ڕەوانبێژی بیركاری، لۆجیك، ئەستێرەناسی، شیعر و چەندانی تر. بەشێك لە كتێبەكانی ئەو زانایە تا ئێستا لە پەرتوكخانەی دكتۆر عەبدوڵڵا مەلا سەعید مەلا وەیسی سەرۆكی یەكێتی زانایانی كوردستان پارێزراون، كە یەكێكە لە نەوەكانی ئەم زانایە.

ئیبن ئادەمی باڵەك، ئەم زانا بەهرەمەندە لە دوای ساڵانێك لە خزمەتی خوێندن و نووسین و لێكۆڵینەوەی جۆراوجۆر، لە ساڵی 1822ز كۆچی دوایی كردووە، لە گۆڕستانێكی دەڤەری باڵەكایەتیی لە سنووری قەزای چۆمان بەخاكسپێردراوە.

وەك ڕێزگرتنێك لە مێژووی زانست و تێكۆشانی ئەدەبیی ئەو زانا بەناوبانگە كوردە، چەندین جار دیبەیت و سیمینار و كۆنگرە لەبارەی ژیان و بەرهەمەكانی كراوە، هەروەها لە ڕۆژانی (24-25/ 8/ 2019)  كۆنگرەی زانستی ئیبنو ئادەمی باڵەكی لە زانكۆی سۆران بەڕێوەچوو، كە چەندین پسپۆڕ و زانایانی کورد و عێراق و بیانی بەشداریان تێدا كرد و ڕۆڵی ئەو زانایە بەرزنرخێندرا لە خزمەتكردن بە زانست و نەتەوە، هەروەها ڕۆڵ و پێگەی بەرچاوی لە مێژووی كوردو دەڤەرەكە بەتایبەتی.

حوسێن حوزنی موركریانی لە یەكێك لە نووسینەكانی لەسەر كەسایەتی و لێهاتوویی ئیبنو ئادەم دەڵێت، ئیبنو ئادەم ئەو زانایەیە ئەگەر لە نێو هەر نەتەوە و گەلێكی تر هەڵبكەوێ‌ شانازی زۆری پێوەدەكەن، هەروەها چەندین نووسەری بەناوبانگ ژیاننامەی ئەو كەسایەتییەیان نووسیوەتەوە، ساڵانێكیشە وەک ڕێزلێنانێک بۆ ئەم کەسایەتییە لە شاری سۆران قوتابخانەیەك بەناوی ئیبن ئادەم كراوەتەوە.