خراپترین شەڕ شەڕی زانایانە


لە وەتەی خودا دونیای وەدی هێناوەو بونەوەری تیا ئافراندوە، شەڕو پێکدادان و تێک گیران و ململانێ و ناکۆکیش بونی هەبوەو شتێکی چاوەڕوان کراویشە بۆ هەمیشەیی بونی هەبێ و ڕوشی لە هەڵکشان بێ، شەڕی زۆر و جۆراو جۆرمان بینوە، بەڵام هیچ شەڕێ یاخود هیچ ناکۆکیێ لە شەڕو ناکۆکی بەینی زانایان خراپترو مەترسیدارتر نەبوەو ناشبێ، شتەکە ئاوادێ ئەگینا زانا ئەگەر لێزان بێ نابێ هەرگیز خۆی بخاتە ئەم چوار چێوەو مەیدانە سامناکە، وەک حافز دەفەرموێ: "مومکین نییە هەرگیز شەڕ لە نێوان دوو ئینسانی عاقڵدا ڕووبدات، لانی کەم یان هەردوو کیان بێ عەقڵن، یان دانەیەکیان" ئیمڕۆ زانامان هەن بەڵام کەمیان لێزانن، بەڕای بەندە هیچ دیمەنێ لەوە قێزەونترو مەترسیداتر نیە کەدەبینین دو زانا یاخود ڕونتر بڵێین دو مامۆستای ئاینی، بەرامبەر یەکتر ئەخوێنن و هەموو هێزی خۆیان بەرامبەر بە یەکتر خستۆتەگەر تاکو یەکتر بریندارو لە کەداربکەن! ئەم قسە بەو ئەڵێت و ئەم ڤیدیۆی تایبەت لەسەر ئەوی تر دەکات! ئەم تەشهیر بەوەکات! ئەو ڕەدی ئەو ئەداتەوە! ئەم میبنەر وەک سەنگەر لەدژی ئەو بەکاردێنێ! ئەو لەبەر چاوی هەزاران کەس سوکایەتی بەو دەکات! ئەم پۆست لەسەر ئەو دەکات! ئەو لەناو ئاپۆڕای خەڵک تەفسیق و تەبدیعی ئەوەکات بازێ جاریش سەرەکێشێ بۆ تەکفیرکردن و حەڵاڵکردنی خوێنیشی! دەی مەگەر ئەمە خزمەت بەچی و بەکێ دەکات و لە بەرژەوەندی کێیە؟! کێ قازانجەکات و دڵی پێخۆشەبێ؟! مەگەر دینمان ئاوامان پێ ئەڵێ؟! خەڵک پێویستی بەوەیە؟! ژیانی کۆمەڵایەتیمان ئاوا ئەخوازێ؟! خوا بەوە لێمان ڕازێ دەبێ؟!ئاکارێکی بەرزی باوو باپیرانمانە؟! ژینگەو کلتورمان بەرەو پێشەچێ؟! ئەزمونمان پێی بەهێزەبێ؟! پەرێزمان پێی خاوێنەبێ؟! هۆکاری پێشکەوتن و سەرکەوتنمانە؟!
بەس بمانزانیایە چ خەوش و خەلەل و خاویێ توشی بیرو باوەڕو یەکڕێزی موسڵمانان دەبێ کەدەبینن دو مامۆستا دژبەیەکن و قسەیان لێک نایێ، یاخود فەتوا پێچەوانەی یەکتر دەدەن، یەکتر ناخوێننەوەو قەبولی ڕاو بیرو بۆچونی یەکتر ناکەن، یاخود حەسادەت بەیەکتر دەبەن و غەیبەتی یەکتر دەکەن... هەرگیز ئاوایان ناکرد، چونکە ئەمە تەنهاو تەنها لە ساڵح و بەرژەوەندی نەیارو ناحەزانی ئیسلام و موسڵمانانە، ئەم دژایەتیەی ئێستا بەرامبەر یەکتریمان هەیەو ئەم شەڕەی بەرامبەر یەکتری ڕامان گەیاندوە گەر بهاتایە بەرامبەر نەیارو ناحەزانی ئیسلام بوایە گومانتان نەبێ دۆخەکە بەجۆرێکی تر دەبو وەخزمەتێکی زۆر بەم دینی خوایە دەکراو شاکاری زۆر گەورەمان ئەخولقاند، بەڵام داخی گرانم بابەتگەلێکی لاوەکیمان زەق کردۆتەوەو کردومانەتە هۆکاری تەفرەقەو پەرتەوازەیی و درزو کەلەبەری زۆری نێوانمان و وەزۆرجاریش لێمان بوەتە ئەساسیاتی بیرو باوەڕو یەکتری لەسەر گومڕاو تەکفیر دەکەین! وەک ئەوەی بیرمان چوبێتەوە کە برایەتی و تەبایی و یەکڕێزی و دڵڕاگرتنی یەکتر لە پێشینەی هەموو شتەکانی ترەویە، هەموومانە زانین ڕاجیایی سونەتێکی خودایی و ئازادی و شکۆو ڕێزێکە بۆ مرۆڤایەتی، وەحەزرەتی خۆشەویستیش دەفەرموێت: "ڕاجیایی ئوممەت ڕەحمەتە" بەڵام لە ئێستادا کردومانەتە زەحمەت، خودا گەر بویستایە هەموو بونەوەری دەکردە یەک جۆرو یەک بیرو باوەڕو ئایدیاو بیرکردنەوەی بوایە، بەڵام ئاخۆ ژیان ئەوکاتە هیچ مانایەکی دەبو؟!
بۆیە زۆر زۆر ئاساییە تۆ چۆن بۆ شتەکان ئەڕوانی و تێگەیشتنت بۆیان چۆنە، بەڵام ئەوەیان ئاسایی نیە کاتێ ئەم حەق و مافە بەمن نادەی و لێمی زەوتەکەی و بۆمنی بەڕەوا نابینی، تۆکەیفی خۆتە چۆن بیرەکەیەوە بەڵام ناکرێ و ڕێی تێ ناچێ و لە ئاوەزو لۆژیکەوە دوورە بڵێی دەبێ خەڵک هەموو وەکو من بیر بکەنەوەو لەسەر هەمان میتۆدو ئاڕاستە بڕۆن و ئەوەی لەگەڵم نەبێ دژمە ئەوەی بڕوای بەوەنەبێ کەمن بڕوام پێیەتی دوژمنمە! دەی مەگەر کێ فێری ئەوەی کردی لەکام کتێب و سەرچاوە وەرت گرتوە؟! گەر بێت و ئاوڕێک لە ژیانی زانایانی پێشینی ئوممەت بدەینەوە ئاخۆ ئەوان ئاوا بوون، بەم جۆرە بیریان کردۆتەوەو مامەڵەیان لەگەڵ یەکتر کردووە؟! بەتەنها یەک نمونە بێنیەوە لەسەر ئەداو شێوازو ئوسڵوب و چۆنیەتی هەڵسوکەت و مامەڵەی گەورە زانایانمان بەرامبەر بەیەکتر، ئاخۆ چۆن و لە چ ئاستێکی بەرزی دینداری و زانستی برایەتی و ئینسانی دابوینە، دەڵێن: یەکێک لە خوێندکارەکانی  (ئیمام شافیعی) بەناوی (یونس)  لەسەر بابەتێک لێی عاجز بوو و بازنەی وانەکانی جێهێشت و ڕۆیشتەوە بۆ ماڵەوە، ئێوارە شافیعی بەڕەحمەت بێ لە دەرگای ماڵی (یونس)ـی داو پێی گوت :-
ئەی یونس، ئەم توڕەیی و عاجزییەی ئەمڕۆ بۆ؟ لە کاتێکدا 
سەدان پرس یەکمان دەخات و تەنها یەک پرس جیامان دەکاتەوە!
ئەی یونس، بۆ چی هەوڵئەدەیت بەسەر هەموو جیاوازییەکاندا سەر بکەویت، لە کاتێکدا هەندێک جار (بردنەوەی دڵەکان) گرنگترە، لە بردنەوەی (هەڵوێستەکان).
ئەی یونس، ئەو پردانە بەدەستی خۆت مەڕوخێنە و مەیکە (بەدیوار )کە چەندین سالە دروستت کردون، ڕەنگە ڕۆژێک پێویستت پێیبێت بە سەریاندا بڕۆیت و بگەڕێیتەوە .
ئەی یونس، من هەمیشە ڕقم لەهەڵەیە، بەڵام هەرگیز ڕقم لە هەڵەکار نیە 
(چونکە مرۆڤ قابیلی هەڵە و چاکبوونیشە، زۆر چاکەکار لە کۆتایدا دەکەونە هەڵە و زۆر هەڵەکاریش لە کۆتایدا دەکەون بەسەر چاکەدا، بۆیە نابێت ڕقمان لەخەڵک بێت، دەبێت ڕقمان لە ڕەفتار بێت)
ئەی یونس، لە ناخی دڵتەوە ڕقت لە (هەڵە)بێت، بەڵام هەمیشە بەسۆز و چاکەکار و بەخشندە بە بەرامبەر (هەڵەکار)، تا سەرسەختر و بەردەوام نەبێت. 
(کاتێک ئێمە وەڵامی هەڵە بەهەڵە یان بە توندی دەدەینەوە خاوەنەکەی پەشیمان ناکاتەوە بەڵکو سورتری دەکات) 
ئەی یونس، رەخنە لە (قسە) بگرە، بەڵام ڕێزی (قسەکەر) بگرە، 
چونکە ئەرکی ئێمە لەناوبردنی نەخۆشییە، نەک لەناو بردنی (نەخۆش)ـەکە .
ئەی یونس، کاتێک چاکە لەگەڵ کەسێکدا دەکەیت، هەوڵبدە خۆتی لێبشاریتەوە نەک بچیتە بەردەمی، تا هەست بە شکان و کەموکورتی خۆی نەکات.
دەی تخوا ئێمەو مانانیش گەر بێت و ئاوا تەعامول لەگەڵ یەکتردا بکەین چی ئەبێ؟ بەڕاستی ئەم نمونە دینداری لێ ئەچۆڕێ برایەتی لێ ئەتکێ، ئینسانەتی لێ ئەبارێ، بەڵام داخی داخانم ئەم سێ پەتایە سامناکە لە ئێستادا زۆر بەربڵاوە لە نێوان زانایاندا ئەویش بریتین: لە "جەهل و کیبرو حەسادەت"
خۆزگە بەزانست و دڵسۆزی  زیاترو تەنها لە بەر خواو بۆ ڕەزامەندی ئەو ئەدواین و کارەکانمان ڕاهی دەکرد، ئاخر ئیشەکە لێرەوە زۆر خراپ دەبێ کەخەڵک دەبینێ دو مامۆستا بەهەمان سیماو شێوەو شکل و ڕواڵەت بە دوئاوازی تەواو لە یەکتر جیا ئەخوێنن، ئیدی خەڵک نازانێ هی کامیان تەواو لەسەرحەقە، دەی خۆ هەریەک لەمانە کاتێ قسە دەکات دڵ و مێشکی هەزاران هەوادارو گوێ گری دەجولێنێ، بۆیێ جێی خۆیەتی ئەوانەی لەسەر شاشەکان لەبەر چاوی ملیۆنان کەس قسەدەکەن بەو پەڕی هەستیاری و بەرپرسیارەتیەوە قسەبکەن، ئاخر بەس پێم ناڵێن ئەم شێوازە ناجۆرو زبرەی ئێستای هەندێ زاناو لاینگرانیان لە تێکدان و شێواندن و ناشیرنکردنی مەیدانی دینداری و تەفرەقەو دوبەرەکی نێوان ڕێزی موسڵمان زیاتر چیتریان کردوە؟! گەر"مەولودو یادی لەدایکبونی سەروەرمان درودی خوای لەسەربێت" بە نمونە وەربگرین کەهەموو ساڵێ ئەم بابەتە زەقەکرێتەوەو دەبێتە خاڵی جولاندن و وەگەڕخستنی شەڕو ناکۆکی لە نێوان دو تەڕەف زیاترو یەکتری لەسەر حادزەکەن، گەر بێت و هەردوکیان واز لەم شەڕو ناکۆکی و دڵڕەنجاندنی یەکتری بێنن و بێن بەهەردولا خزمەتی سیرەو سونەت  و ژیانی سەروەرمان بکەن و بزانن چەندە کاریگەرو پڕ چێژو سودەبێت بۆ هەموو لایەکمان، ئیدی گەر بۆ خودامانە، بالەبەر خوداش واز لەم سیراح و ململانێیە بێنین و لەپێناو ئەم هەموو خاڵە هاوبەشەی لە نێوانماندا هەیە بابەسی کەین و دەست هەڵگرین ئەگینا دەبێت باجی زۆر قورسترو گەورەتر بدەین و لەهی ئێستا کەداومانە و نیشانەی پرسیاریش دەخەینە سەر ئەزمون و پەرێزی دین و ئەدای دینداریمان، ئیدی بابەتەکە زۆر لەوە زیاتر هەڵەگرێ، بەڵام لە کۆتاییدا دەڵێم دوژمنمان هێندە کەم و بێ هێزنین خۆشمان ببین بەدوژمنی یەکتر!
خەڵک لە دین و دینداریدا هێندە شارەزاو بەگڕوتین نیە، بائێمەش زیاتر ساردو دوریان نەخەینەوە،
خەڵک هێندە بێخەم و دەرون ئارام نین، بائێمەش خەمێکی تریان بۆ زیاد نەکەین، خەڵک هێندە بەڕەحم و سۆزو بەبەزەیی نین، با ئێمەش دڵڕەقتریان نەکەین، خەڵک هێندە بەشەرم و  شکۆو نین بەرامبەرمان، با ئێمەش زیاتر خۆمانیان لێ بێ شەرم نەکەین، گەر قەیرانی جۆراو جۆر بونی هەبێ نەخۆشی و ناخۆشی لەلوتکەدابێ بە یەکڕێزی و برایەتی و تەبایی و دەتوانرێ و تێپەڕێندرێ، بەڵام هیچ لەمانە بونی نەبێ تەنها دژایەتی ناکۆکی  بونی هەبێ ژیان ئەبێت بەژان و ڕەنگڕێژیەکەی سەرنخونەبێ، وەک تکایەکی برایانەش بەروە مانگی پیرۆزی ڕەمەزان دەچین ئاممان با نەچین بۆ ئەم کەناڵانەی کە مەبەستی گڵاویان هەیەو ژەهر بەناو موسڵمانانە ڕێژن، با زاناتر، شارەزاتر، ووردتر، چاوکراوەتر، ویژدانانەتر، حەکیمانەتر، ژیرانەتر، قورستر دەرکەوین و نەبینە مەزەو گاڵتەجاری هیچ کەس و گروپ و حیزب و لایەنێ.