خانمه‌ نووسه‌رێكی ئه‌مه‌ریكی: خۆشحاڵم كچه‌كه‌م حیجاب ده‌پۆشێت


كریستا بریمه‌ر خانمه‌ نووسه‌ری به‌ناوبانگی ئه‌مه‌ریكی، له‌ دیمانه‌یه‌كی (عه‌ره‌بیه‌) دا، خۆشحاڵه‌ به‌وه‌ی كچه‌كه‌ی حیجابی موسڵمانان ده‌پۆشێت.

كریستینا بریمه‌ر یه‌كێكه‌ له‌ نووسه‌ره‌ به‌ناوبانگه‌كانی ئه‌مه‌ریكا‌و، ژیانی هاوسه‌ری له‌گه‌ڵ موسڵمانێكی لیبی پێكهێناوه‌، بابه‌تێكی له‌ رۆژنامه‌ی (تایمز)ی به‌ریتانی بڵاوكردۆته‌وه‌، كه‌ پێشتریش به‌ (3) مانگ له‌ (CNN)ی ئه‌مه‌ریكی بڵاوی كردبووه‌وه‌، هه‌روه‌ها له‌ گۆڤاری (زی صه‌نیش) بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌ له‌ كاتێكدا رۆژنامه‌ی (تایمز) بابه‌تێ: بڵاوناكاته‌وه‌، كه‌ پێشتر بڵاوكرابێته‌وه‌، به‌ڵام له‌به‌ر گرنگی بڵاوی كرده‌وه‌، دیاره‌ هۆكاره‌كه‌شی ئه‌وه‌یه‌، نووسه‌ری بابه‌ته‌كه‌، خانمه‌ نووسه‌رێكی ئه‌مه‌ریكییه‌، كه‌ چه‌ندین خه‌ڵاتی نێو ده‌وڵه‌تی پێ‌ به‌خشراوه‌، كه‌چی رازییه‌ به‌وه‌ی كچه‌كه‌ی حیجاب بپۆشێت، ئه‌وه‌ له‌ كاتێكدایه‌ له‌ زۆر وڵاتی ئیسلامی خه‌ڵكێك بیر له‌ قه‌ده‌غه‌كردنی ده‌كاته‌وه‌، هه‌روه‌ها ناونیشانه‌كه‌شی زۆر سه‌رنجراكێشه‌، هه‌ر كه‌سێك بیخوێنێته‌وه‌ تا كۆتایی وازی لێ‌ ناهێنێت، ناونیشانه‌كه‌شی بریتییه‌ له‌: (بۆچی رێ به‌ كچه‌كه‌م ده‌ده‌م حیجاب بپۆشێت؟).

خانمه‌ نووسه‌ری ته‌مه‌ن (38 ساڵ) باس له‌وه‌ ده‌كات چۆن له‌ كاتی رووداوه‌كانی 11ی ئه‌یلولی ئه‌مه‌ریكا یه‌كه‌م منداڵیان چاوی به‌ دونیا هه‌ڵێنا.
ئێستا كچه‌كه‌یان ته‌مه‌نی (9) ساڵه‌، به‌بێ‌ هیچ كاریگه‌رییه‌ك ئیمانی خۆی هه‌ڵبژاردووه‌.

رۆژێكیان له‌ ناكاو كچه‌كه‌ به‌ دایكه‌ نووسه‌ره‌ ئه‌مه‌ریكیه‌كه‌ی ده‌ڵێت: ده‌مه‌وێت حیجاب بپۆشم،ئایا رێگام پێده‌ده‌ی؟ ئه‌ویش سه‌ری سووڕده‌مێنێ‌‌و خه‌ریكه‌ به‌ خێرایی ره‌تی بكاته‌وه‌، به‌ڵام دوایی به‌ بیری دێته‌وه‌، كه‌ له‌گه‌ڵ مێرده‌كه‌ی رێككه‌وتوون یه‌كتری ئازاد بكه‌ن، بۆیه‌ رێگه‌ی پێ‌ ده‌دات.

بریمه‌ر باس له‌ هۆكاره‌كان ده‌كات، ئه‌و ده‌ڵێت: ئه‌و شوێنه‌ی ئێمه‌ی تێدا ده‌ژین هیچ ماڵه‌ عه‌ره‌بی لێ‌ نییه‌، به‌ڵام براده‌ره‌كانمان زۆربه‌یان ئه‌و ئه‌مریكیانه‌ن كه‌ موسڵمان بوونه‌، بۆیه‌ من خۆشحاڵم كه‌ كچه‌كه‌م حیجاب ده‌پۆشیت.

له‌ كۆتاییدا باس له‌وه‌ ده‌كات، كه‌ خه‌ریكه‌ كۆتایی به‌و كتێبه‌ی خۆی ده‌هێنێت، كه‌ تێیدا باس له‌ په‌یوه‌ندی خۆی له‌گه‌ڵ موسڵمانان ده‌كات، كه‌ له‌وانه‌یه‌ له‌ نزیكه‌وه‌ موسڵمانیش ببێت، هه‌روه‌ك باس له‌ مامه‌ڵه‌ی مێرده‌كه‌ی ده‌كات، كه‌ به‌ جوانترین شێوه‌ وه‌سفی ده‌كات،خۆی ده‌ڵێت: له‌ مامه‌ڵه‌كردنی ئه‌و‌و خۆڕاگری ئیسلامم له‌ واقیعدا بینی، نه‌ك له‌ كتێب‌و وتاره‌كان، بۆ من وه‌ك ئاوێنه‌یه‌ك بوو، كه‌ ره‌نگدانه‌وه‌ی هه‌قیقه‌تی ئیسلام بوو، هه‌روه‌ها ئه‌زموونی خۆشم له‌گه‌ڵ موسڵمانان به‌ ته‌واوی ده‌نووسمه‌وه‌‌و له‌ چوارچێوه‌ی په‌ڕتوكه‌ نوێیه‌كه‌م بۆ خوێنه‌ری رۆژئاوایی ده‌گوازمه‌وه‌.