حەقیقەتی قوربانی و دیوێکی تری پەیوەندی نیوان ڕۆح ومادە

 

سنور و بڕیارەکانی خوا هیچ کات خاڵی نیین لەم تێکەڵییە کە نێوان مادەو رووحە، ئەم دوو لایەنە لەتەواوی فەرمایشتەکانی خوا و کۆی بنەماکانی شەرعیان لەسەر بونیاد نراوە، مەبەست بەم تێهەڵکێشیەش وەک ڕەمزێک نێوانگیری (زەوی و ئاسمانە)، بۆیە ئەگەر بەدیوێکی تردا بڵێین مەبەستمان ئەوەیە ئەوە بخەینە روو کە رۆح و مادە لەمرۆڤدا بەرجەستەن و نابێت هیچ لایەکیان بدەین بەسەر لاکەی تردا ئەو پێوەندییە هەمیشە دەبێت پتەوبکرێت، بۆیە لایەنی مادیی لەمرۆڤدا لە خودی زەوییەوە سەرچاوەی گرتووە و ئەسڵی پێکهاتەی مرۆڤ هەمان خۆڵ و قوری ئەم زەویەیە، لایەنە ڕۆحییەکەشی پەیوەستە بە فەرمانی خوا و هەربۆیەش پێدەگوترێت روح چونکە لەبەرزایی وبڵندیداییەوەیە، ئاسمان نیشانە و رەمزی پاکییەتی رووحە.

بۆیە پەرستشەکان و خودی شەعائیرەکانی ئەم دینە هەموویان لە بازنەی پەیوەستکردنەوەی دونیان بە ئاخیرەتەوە، ئەم تێکەڵکردنەش لە رۆح و مادە دەبینرێت و هەمیشە سیراعێکی قوڵ وسەخت هەیە لەنێوان ئەم دوو پێکهاتەیەدا کاتێک لە مرۆڤدا بەرجەستە دەبێت، سیراعەکەش بۆ ڕاگرتنی تەوازونە بە دوولایەنی مادی و رۆح لە مرۆڤدا، دەرەنجام شەعائیرەکان دەبنە ئەو هێزە کە تەوازن بدەنەوە بە مرۆڤ و لە گێژاوی هەڵکشان وداکشان بیپارێزێ.

لێرەوەیە هەمیشە ئەو کەسانەی کە بەدوای حەقیقەت و گرنگی قوربانیدا دەڕۆن دەگەنە ئەو ڕاستییەی کە لەم ئەنجام گەیاندنی ئەم شەعائیرانەدا یان لە کۆی فەرمانە تەعەبودیەکاندا، لایەنی رۆحی مەعنەویت بەرجەستە دەبێت و لەبازنەی (ألوهية الله)،دا وخۆی قەتیس دەکات ئەوکاتەی چەندە لایەنی ڕۆحی بەهێزبوو ئەوەندە پابەندی بە فەرمان بەرداری و پاراستنی سنورەکانی خوا دێتەئاراوە، لایەنی مادیش مرۆڤ پێوەست دەکات بە دەرکەوتەکانی مرۆڤەوە و بەرەو زەوی و خواستە دەرونییەکانی پەلکێشی دەکەن و هەتا بەدەم داخوازییە مادییەکەشەوە بڕوات ئەوەندە لە مرۆڤ بوون دووردەکەوێتەوە ودەچیتە ریزی ئاژەڵ و بگرە نزمتر لەو پلەیە.

لایەنی ئولوهیەت لە قوربانیدا.

دەرکەوتنی لایەنی ئولوهیەت لەم شەعیرەیەدا لەوەوە سەرچاوەدەکرێت کە ژیانی ئەم دونیایە هەمووی لە ژێر پرۆسەی تاقیکردنەوەدا دەوردراوە و سەرجەم مرۆڤایەتی دەگرێتەوە بەبێ هەڵاوێرد کردنی پێغەمبەرانیش، ئەمە سوننەتی خوایەو سەنگی مەحەکە بۆ نیشاندانی پلەی ئیمان لە مرۆڤدا( ۗ وَنَبْلُوكُم بِالشَّرِّ وَالْخَيْرِ فِتْنَةً ۖ وَإِلَيْنَا تُرْجَعُونَ" (الانبياء 35 ). بۆیە قوربانیدان دەچێتە ئەوخانەو هۆکاری تاقیکردنەوە تا بەجوانی لایەنی پابەندبوون بە فەرمانی خوایی دەرکەوێت، چونکە قوربانی پەیوەست دەبێت بە گیان وماڵ و منداڵەوە، خوای گەورە لە سەرگوزەشتەی حەزرەتی (ابراهیم و ، اسماعیل)دا زۆر بەجوانی ئەو مەشهەدەمان نیشان دەدات، ئەم نموونەیە لەلوتکەی خۆساخکردنەوە بۆ خوا نیشاندەدرێت و خۆی دەنوێنێ، بۆیە بۆ نیشاندانی وێنەکە لەئیسلامد لەکاتی قوربانیدا لە گیانەوە تەجاوزی

کرد بۆ ماڵ ئێستە ئەگەر ئێمە بمانەوێت بگەینە ئەو ئاستە کە روحی حەزرەتی ابراهیم لەڕێگەی قوربانیدانەوە پێگەیشت و لەزەویەوە عروجی کرد بۆ ئاسمان هەردەبێت ئێمەش لە ڕێگەی قوربانیەوە بگەینە ئەو ئاستە کە بەشوێن ترپەی دڵی حەزرەتی اسماعیل و گرمەو کڵپەی سۆزی باوکایەتی حەزرەتی ابراهیمدا پێهەڵگرین و دەست لەماڵ وەرگرین بۆ ئەوەی لەو وێنەیەدا ئێمەش شوێنێک بگرین.

لێرەوەیە لە قوربانیداندا پێداویستی لایەنی ڕۆحی و مادی مرۆڤ نمایاندەکات لەرووی مادییەوە مرۆڤ تێر دەبێت لە قوربانییەکە و لە رووی رۆحیشەوە پاک و سازگار دەبێت. وێنەکە بەشێوەیەکی گشتی لەم چەند ئایەتەدا دەردەکەوێت(فَلَمَّا بَلَغَ مَعَهُ السَّعْيَ قَالَ يَا بُنَيَّ إِنِّي أَرَىٰ فِي الْمَنَامِ أَنِّي أَذْبَحُكَ فَانظُرْ مَاذَا تَرَىٰ ۚ قَالَ يَا أَبَتِ افْعَلْ مَا تُؤْمَرُ ۖ سَتَجِدُنِي إِن شَاءَ اللَّهُ مِنَ الصَّابِرِينَ (102)فَلَمَّا أَسْلَمَا وَتَلَّهُ لِلْجَبِينِ (103) وَنَادَيْنَاهُ أَن يَا إِبْرَاهِيمُ (104) قَدْ صَدَّقْتَ الرُّؤْيَا ۚ إِنَّا كَذَٰلِكَ نَجْزِي الْمُحْسِنِينَ (105)إِنَّ هَٰذَا لَهُوَ الْبَلَاءُ الْمُبِينُ(106) وَفَدَيْنَاهُ بِذِبْحٍ عَظِيمٍ (107) وَتَرَكْنَا عَلَيْهِ فِي الْآخِرِينَ (108)سَلَامٌ عَلَىٰ إِبْرَاهِيمَ (109)كَذَٰلِكَ نَجْزِي الْمُحْسِنِينَ(110) إِنَّهُ مِنْ عِبَادِنَا الْمُؤْمِنِينَ (111 الصافات). ئەمە دووپاتی ئەوەمان بۆ دەکاتەوە خوا ڕێزی لە مرۆڤ گرتووە وئەو ڕێزەش دەبێت پارێزراو بێت ونابێت هەر ئاوا بە ئاسانی بخرێتە زەمینەی قوربانی و بکرێتە قوربانی ، بۆیە ئەم نموونەیەش تەنها بۆ تاقیکردنەوە و هەڵ سەنگاندنی ئیمانی مرۆڤەکانە قورباندان وەک گوتمان سەنگی مەحەکە مەیدانی خۆ ساخکردنەوەیە بۆ خوا، چونکە لەم قوربانییەدا تەنها ئەوە گرنگە کە تۆ خۆت ساخکردبێتەوە بۆ خوا ونە گۆشت و نەخوێن و نەهیچی مادی ناگاتە خوا ئەوە گرنگە دڵمان دابێتە خوا و مامەڵەکە مامەڵەیەکی مەعنەوی و لە جیهانی پاکی و بەرائەتدایە. " لَن يَنَالَ اللَّهَ لُحُومُهَا وَلَا دِمَاؤُهَا وَلَٰكِن يَنَالُهُ التَّقْوَىٰ مِنكُمْ ۚ كَذَٰلِكَ سَخَّرَهَا لَكُمْ لِتُكَبِّرُوا اللَّهَ عَلَىٰ مَا هَدَاكُمْ ۗ وَبَشِّرِ الْمُحْسِنِينَ (الحج 37).

لایەنە مادی لە قوربانیداندا

لە قوربانیکردندا هەر وەک چۆن لایەنی مەعنەوی و ڕۆحی فەرامۆش نەکرد ئاوهاش لایەنی مادی و خواستەکانی مرۆڤی پشتگۆێ نەخستوە بۆیە ئیسلام هەمیشە ئەو تەوازنە ڕادەگرێ بە شتانێک کە لەرووی عەقڵییەوە زۆر سەرسورهێنەرن، لەرووی عەقڵییەوە دەکرێ بپرسی بۆ کەسانێکی تر ئاژەڵ سەردەبڕن ناگەنە ئەو ئاستە؟ بەڵام کە کەسێک هەڵدەستێت بە فەرمانی خوا ولە پێناوی خوادا سەری دەبڕێت دەگاتە لوتکەی جوانی و ئارامی لایەنی رۆحی و مادی بۆ پردەکاتەوە، نهێنییەکە لەمەدایە بەرنامەی ئیسلام و پەروەردەی ئیسلامی لایەنەکانی مرۆڤ بە تەریب تێردەکات و لەیەک کاردا بەشی هەردوو لایەنەکانی مادی و رۆحی تێدایە (وَيَذْكُرُوا اسْمَ اللَّهِ فِي أَيَّامٍ مَّعْلُومَاتٍ عَلَىٰ مَا رَزَقَهُم مِّن بَهِيمَةِ الْأَنْعَامِ ۖ فَكُلُوا مِنْهَا وَأَطْعِمُوا الْبَائِسَ الْفَقِيرَ" (الحج 28) لێرەوەیە مرۆڤ کاتێک سەرقاڵی پەرستشە لەهەمانکاتدا پێداویستی کۆمەڵگەکەی پردەکاتەوە پەرستشی ڕاستەقینە تەواوکەری پێداویستییەکانی گۆمەڵگەیە.

بۆیە ئەمە بنەمایەکی نەگۆرە: " لەپەرستشدا پێداویستییەکانی گۆمەڵگە پردەکرێتەوە، بەڵام هەرگیز لەدەرەوەی پەرستش ناتوانرێت رۆحی تاکێکیش گەرم بکرێتەوە نەک پێداویستی کۆمەڵگە".