پەیامێکی دڵسۆزانە لە عاشورادا بۆ خەڵکی کوردستان بە گشتی و کەسانێکی لە خشتەبراوی بە ناو ئەهلی طەریقەت بە تایبەت..

 

الحمدللە والصلاة والسلام علی سيدنا رسول الله وعلی آله وصحبه ومن والاه..وبعد:

پاش ئەوەی لە ساڵانی رابوردودا خەڵکێکی بەناو ئەهلی طەریقەت لێرەو لەوێ لە کوردستاندا لە هەندێ رەفتار و گوفتاریاندا بە زەقی هەژمون و رەنگی تەشەییوع دەردەکەوێت بە داخەوە تیایاندا بە تایبەت لە یادەکانی شیعەدا ئەگەرچی راستەوخۆیش ئیقراری پێ ناکەن و خۆیان بە سوننی لە قەڵەم دەدەن، بەڵام وەک دەگوترێت (من كثر سواد قوم صار منهم) بۆیە ئەوانە مەحسوب نین لە سەر ئەهلی تەصەووف و طەریقەتی راستەقینە، چونکە ئەهلی تەصەووف بە درێژایی مێژووی ئیسلامی بەشی گەورەی ئەهلی سوننەت و جەماعەت پێک دەهێنن و زانایانی تەصەووف زۆرترینی زانایانی تەفسیر و فەرمودە و عەقیدەو فیقهو ئوصوڵ و بەلاغە پێک دەهێنن وەک روونە لە سەرچاوەکانی تەراجیم و طەبەقاتی ژیاننامەی زانایانی ئەهلی سوننەتدا..

منیش بە پێویستم زانی لەم یادەوەریەدا ئەم پەیامە بە دڵسۆزی بگەێنم... بڵێم:

هەرگیــــز جیـــاوازی مەکەن لە نێــوان

ئەصحاب و ئالی گەورەی ئینس و جان

ئـەصحــــابی كیـرام هـــــاوەڵـی ئــەون

ئالــی عیـظامیــش بەشــــێک لە ئــەون

هەرکەسێک بە حەق ئەوی خۆش بــوێ

واجبــە حوببـــی هـــەردوو لای هەبــێ

ئەو کەســــەی گووتـی تەنیــا صەحــابە

یـــــان تەنــها (ئال)م لــە لا مــەتـڵەبــــە

ئەو کەســە مەعلووم لە دیـــن لایــداوە

تەنـــها رەســمی دیـــن لە لای ئەو ماوە

حوببـی پێــغەمبەر وەختێک تەواو بـێ

دڵ عەشقی ئال و هـەم صەحبی ئەو بێ

هــەر کـات جیـــاوازی لـە بەینیان بکرێ

پێـغەمبـــــەر لـە دڵا یەقیـــن نامێـنـــی

حوببی پێغەمبــــەر حوببـــی هەردوانە

بوغزی پێغەمبـــەر بوغــــــزی یەکیـــانە

ئـەووەڵ صددیقــــە و (ثاني اثنیـــن) ه

لــه دوای پێغەمبــــەر ئـــەو دووەمیــنە

دووەمیان عومـــەر فــارووقـی نێـــوان

حـــەق و باطیـــلە، تـــا ئاخـــیر زەمــان

حەزرەتـــی عوسمان كه (ذو النورین) ه

گـەورەتریـــــنـە، دوای (وەزیریــــــن) ە

حەزرەتــی عەلـی حەیــــــدەری کــەڕّار

چوارەم خەلیـفەی حـەزرەتـــــی نـازدار

چوار یــاری پــاک و خەلیــفەی رەهـبەر

سوارچاکی مەحـشەر خاوەنی کەوسەر

صدِّیـق و فـارووق عوثــمان و عـــەلــی

بەو تەرتیـبە بــــوو خــولەفـــای نەبـــی

ویســت و ئیــرادەی زاتـی بــاری بــــوو

پێیــان ناخـۆشــە گاور و هـــەم جــــوو

ئیجماعی صەحـبی لە سەر دروس بوو

ئالی ئەطهاریش پشتگیـر بوون هەموو

پاشـان رافیضــە بە فیتــی مەجــووس

بە دەعمــی یەهـــود گاوری جاســــوس

بە رانبەر ئیجماع صحب و ئال وەستان

لە دژ  عەقیدەی ئەهلی حەق هەســتان

وتیان چـــۆن ئەبێت عەلـی چوارەم بێ

صدِّیـــق یەکەم و فــاروق دووەم بـێ ؟

هۆکـاری بوغزی شیـــعە بۆ ئــەو دوو

چون صدِّیق لە دژ ئەهلـــی ریـدَّەت بـوو

فاروقیـش فاتیـــح هەردوو عێراق بوو

وڵاتـــی فارس تــا خۆراســـان بـــوو

لـە بــری نـــزاو دۆعــــای خێـــر بۆیـــان

تــا ئەمڕۆش جەنگـــی شیــعە لە دژیان

هـــەر بەردەوامــە حیــقدی دەفیـنــیان

هـــەر لـە بــروزە فیتــنەو ئـاشـوبــــیان

زۆر بـە داخـــەوە خەڵکێکــیش بـە نــاو

ئەهلی طەریقـەت کەوتــــونـــە گێـژداو

لە ژێـــر بەیـــداخی ئالــی موصــطـەفـا

ژەهــــری کوشـــندەی حيـقدی پڕ جەفا

بڵاو ئەکەنــــەوە لە وەعـــــزی خۆیـــان

تا بخڵەتێـــنن خەڵکێــــــــک لـە بۆیـــان

توخـوا حەیف نیـیـە بۆ کەســبی دونیـا

خــۆ رەنجـەڕۆ کەن لــە هــەردوو دونیا

ئەهلی تەصەووف لە مێژووی ئیـــسلام

سووننی مەزهەبن وەک زانـای ئەعــلام

حەسەنی بەصری، ذو النون و جــونەید

سەری و حەبیب و بەلخی و دوو سەعید

قوشـەیری و طائــی و ئیمام غــــەزالـی

گەیلانـــی و شــاهی بوخـــارای عـــالـی

شــــاذیلی، شـــەعرانی هەتــا رەبـبانی

جامــی و بو حەفص و مـەولانای ثانـی

هەموو طەبەقات خاســـانی ئیســـــلام

رەفـضی تیا نییە لـــە خــاص و له عــام

لە کوێيـــان هێــــنا لە چ ســــــەرچــاوە

وەلا بۆ ئـــال بێ، بۆ  صەحــب عەداوە ؟

ئایـــا گەیــــلانی وەهـــای فـــەرمـووە؟

یان کاکە حمەدی شێخ وەهای گوتووە؟

          ٭٭٭

هەندێکیش لە ژێر پەردەی ئەصـــحابدا

بـێ رێزن دەرهــــەق ئالــی ئـەنجـابـــدا

(واللــەِ) بوغضــی ئالــی پێـــغەمــــبـەر

لــە دینــی ئیســــــلام ئەتـهێنـێتــە دەر

دڵــت مۆر دەکـات بـە خەتمــی نیفــاق

ئەبیتــە مەحــروم، کەرەستـەی شیـقاق

ئیفراط وتەفریــط هـــەردوو سەقیـــمە

تەوەسوط له بەیـــن جــەننەو نەعیــمە

             ٭٭٭

رۆژی عاشرورایـش دەی موحــەڕڕەمــە

رۆژی فــەرەحــی، هــەم رۆژی غــەمــە

پڕیــە لە خێــر و نەصــــر و فەضـــائیل

سەرتـاپـا چــــاکـەو فەتــحـی ئـــەوائیل

فەرەحی؛ چونکە گشــت پێغەمــــبەران

لەو رۆژەدا خـوا نوصــرەتی پـــــێ دان

تەوبەی ئادەمــی لـــەو رۆژە وەرگـــرت

سەفینەی نووحیش لەو رۆژە جێیگرت

لـە عــــاشـــورادا ئیــبراهیـــم خـەلیـــل

نەجاتــی دا خـــوا لە ئــاتــــەش و دیـل

لەو رۆژەدا بوو موســـا ی رزگــار کـــرد

فیرعــەون و ئالـــی تیــــادا غــەرق کرد

لــە عـــاشـــورا دا موڵکــی دا یــە دەس

حەزرەت سولەیمان نەیدایە هیچ کەس

لـەو رۆژەدا بــــوو  یونــــس پێغەمبــەر

رزگــاری کــرد خـــوا لە حـوت و خەتەر

هــەم لە عاشـــورا گشـــت ئوممەتەکەی

بڕوایـــان هێــنا و بوونــە شوێنکەوتەی

لـــە عاشـــورادا حــــەزرەتـی ئەییـــوب

خـوا رزگـاری کـرد لە جەمــعێ کـوروب

لــــەو رۆژەدا بــــوو یوســـفی نـــازدار

حەزرەتی یەعقوب پێی شادبوو یەکجار

زۆرێک لە فتوح لـە مێـژووی ئیســــلام

لەو رۆژەدا بوون بە ویســــتی عــەللام

غەمیش؛ ئەوەیـە حەزرەتی حوســـەین

لە عاشـورادا شــەهیــد بـــوو لـە بـەیـن

سیبطی پێغەمبـــەر  رۆڵـــەی زەهــرایە

کـــوڕی حـــەزرەتــــی عەلــــــی ئازایــە

لە گەورەی شـەباب ئەهلـــی بەهەشــتە

گەر خۆشـت نــەوێ قەهری خوا بەشتە

                ٭٭٭

ئەگەرچــی بەخـــوا باپیــری خــــۆمـــە

بـەڵام گــــوێ بگــــرە بـــــرا بـــۆ تـــۆمە

عاتیــفە نابێـــت لـــە خشـــتەت بەرێت

ســـاڵانـە بەشــت تەعــزێ بـــاری بێـــت

بەڵــێ روداوێــک یەکــجار نـــاخـــۆشـە

هەمـــوو موســـڵمان بـــۆ ئــەو پەرۆشە

بـــەڵام ئــەو رۆژە وەک پێــشتر گوتمان

رۆژی نـەجــاتــە بـــــۆ پێــــغەمبــــەران

پێغەمبـــەرانیـــش لــە ئــالی حــەزرەت

گشــت گـەورەتــرن هـــەزاران کــەڕەت

مــــادام بــــۆ ئــــەوان رۆژی ســـورورە

تۆیــش لــە خــەمــی خــۆت ئیتر ببورە

لـــە شــوکری خـــودا رۆژوی تیـــا بـگرە

تا جیابی لە (جــوو) تاســوعاش بگـــرە

                ٭٭٭

نەکـەی وەک شیــعە تۆ لە خۆت بدەیت

یـا تـەعــزێ بــــاری لـە یـەکتــر بکـەیـت

چونــکە لـە شــەرعـا ســێ رۆژە تەعزێ

ئیتــر بیدعەتەو تــــازێ ســـەرلــەنـــوێ

مێـــژووی لەخــۆدان نزیک ســـەد ساڵە

گشت بــێ شەرعییـــەو بیــدعەو بەتاڵە

شـۆڕشی (حوســەین) تا ئەم سەردەمە

مەشـــخەڵی (حەقــە) و دژی ســــتەمە

یەزیـد ئەگەرچـــی فاســیق بوو بەدکار

لای ئەهلــی سـونـنە غادیــر ســــتەمکار

بـەڵام مــەنهـەجـــی قــورئـــان وەهـایە

گشــتی گەوهــــەرە کـەنــزەو بــەهــایە

( تِلْكَ ٲُمَّــــة ٗ) پێـــشتـر بـە ســەرچوون

( ولا تُـسْــٲَلُــــــوْنْ عَـــمَّا ) ( یَعْمَلُـــونْ )

لە کــردەوەی خـۆت تــۆ بـەرپرسیاریت

لەهی غەیری خـۆت تــۆ بــــێ ئـازاریت

خۆت بــۆچ گوناهبــار ئـەکـەی خۆڕایی

زمانـــت بگــرە بــۆ خــوا و لـــە ڕاهـــی

دۆعای خێـــــر بکــە بـــۆ موســـڵمــانان

( قَـــدْ سَبــَــقُوْنَـــا ) ظاهيــر به ئیـــمان

ئـــەوەی پێویســـت بـــو لە ئامــۆژگاری

(حەسەن) بـۆی گـــوتی لـە دڵ بـە زاری

(رافِضَــة) ئەمــڕۆ لـــە رێـــی کەسانێک

بە طەریقـــەتـــۆ   هەڵواســــراوانێـــک

لەهەوڵدان ژەهری عەقیــدەی خۆیـــان

بڕژێننـــە مێشـــکی خەڵکێــکی نـەزان

کوردستــان بگــرن لــە ڕێــی طەریقەت

بـەڵام مەحــاڵە، چونـــکە شــەریــــعەت

ســایـە و سوپــەری ئەهلـــی عیـرفــانـە

مێـژویـــش شاهیــدە ئـا لــەو مەیــدانە

وصلی الله علی سيدنا محمد وعلی آله وصحبه اجمعین، وآخر دعوانا ان الحمدلله رب العالمين..

پ.د. حەسەن شێخ خالید موفتي نەقشبەندی حوسەینی

ئیستەنبوڵ، خانەقاو مزگەوت و مەدرەسەی حەزرەتی شێخ محمد عثمان سراج الدين ی نەقشبەندی : ٩ محرم ١٤٤٥هـ= ٢٦-تموز ٢٠٢٣م= ٤خەرمانان ٢٧٢٧ک