خوای گەورە بەهەزارەها پێغەمبەری ناردووە، بەشێکیان لە قورئان و فەرموودە باس کراون، هەندێکیشیان نە ناویان نە هیچ زانیارییەکی ئەوتۆ لەبارەیانەوە نازانین، هەر یەک لەو پێغەمبەرانە وەک لە سەرچاوەکان باس کراوە بۆ کات و شوێنێکی تایبەت نێردراون و بوون بە نمایندەو رێنیشاندەری هیدایەتی خەڵک بۆ لای خوا، دەستوورو ویستی خوای گەورە لەو بارەوە وا بووە تا کاتی هاتنی کۆتا پێغەمبەر (سەلامی خوا لەسەر هەموویان بێت). ئەگەر ویست و ئیرادەی خوای گەورە لەسەر ئەوە بووایە ئەو دەستوورو رێڕەوەی ناردنی پێغەمبەران بەو شێوازە بەرفراوانە بەردەوام بێت ئاسان بوو، وەک قورئان دەفەرموێ: (وَلَوْ شِئْنَا لَبَعَثْنَا فِي كُلِّ قَرْيَةٍ نَذِيرًا) الفرقان: 51، واتە: خۆ ئهگهر بمانويستايه بۆ ههر شارو شارۆچكهيهك پێغهمبهرێك و يادخهرهوهيهكمان رهوانه دهكرد. بەڵام ویستی خوای پەروەدگار وابووە پێغەمبەرێک وەک دوایەمین پێغەمبەر بۆ تێکڕای مرۆڤایەتی بنێرێت، کە هەڵگری خەسڵەت و خاسیەتی تەواوی پێغەمبەران و، پەیامەکەشی هەڵگری هەموو شەریعەت و پەیامی کتێبە ئاسمانیەکان تر بێت، ئەمەش کۆمەڵێک تایبەتمەندی و حیکمەتی گەورەی تێدایە، سەرباری ئەوەی هاتن و پەیام و رێبازی پێغەمبەری ئەکرەم (درودی خوای لەسەر بێت) بۆ تێکرای جیهان و هەموو سەردەمەکان، هێمای رەحمەت و بناغەی دانانی مافی مرۆڤ و رزگاری و سەعادەتی ئینسانیەت بووە، وەک خوای گەورە ئاماژەی بۆ کردووەو دەفەرموێ: (وَمَا أَرْسَلْنَاكَ إِلَّا رَحْمَةً لِلْعَالَمِينَ) الأنبیاء:107، واتە: ئهى محمد (درودی خوای لێ بێت) ئێمه تۆمان رهوانه نهكردووه تهنها بۆ ئهوه نهبێت كه ببيته رهحمهت و بهرهكهت بۆ ههموو جيهانهكان (جيهانى ئادهميزاد و گياندار و رووهك و پهرى و...هتد). ئەو جیهانەی پێویستیەکی حەتمی بە پێغەمبەرو پەیامی ئایینیە بۆ وەرگرتنی ئیرشاداتی ئاسمان و بەرێوەبردنی ژیانی سەر زەمین، تا بە هۆیەوە مرۆڤ لەمانای بوون و هاتنە دونیا خۆی بگات و مرۆڤبوونی خۆی بسەلمێنێت و رێی هیدایەت و رزگاری و پاڵفتەو تەزکیەی ناخ و دەروونی بزانێت، لەو سۆنگەوە دەکرێ بڵێین پێویستی مرۆڤایەتی بە پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) لەرێی دوو خاڵی سەرەکیەوە دەرەکەوێت: یەکەم: بەو پێیەی عەقڵی مرۆڤ سنووردارەو بەتەنها ناتوانێ دەرکی هەموو ئەو بنەماو بەهاو هێڵە گەورانەی هیدایەتی راستەقینەو پەیوەست بەهەردوو دونیا بکات، وە بە شێوەی رەهایی توانای یەکلایی کردنەوەی هەندێ بابەتی جەوهەری نیەو، پێویستی بە راسپاردەی سەماوی هەیە. دووەم: لەلایەکی تریشەوە هەرچەندە شارستانیەت و زانست و هزرو عەقڵ بگەنە ترۆپکی پێشکەوتن و گەشەو ئاستی باڵاوە، دەبینین ناکۆکی و ململانێ و تێکگیران و پێکدادانی جۆراوجۆر لەنێو مرۆڤایەتی بوونی هەیەو، ئاست و چەندو چۆنایەتی ئەمانەش رێژەیی و جیاوازە. لەنێو ئەو جەنجاڵی و ناڕۆشنی ئاراستەی ژیان و شارستانیەت و بۆ دۆزینەوەی رێی راست و گەیشتن بە هیدایەت، مرۆڤ پێویستی بە دەستگرو رێنیشاندەرو نمایندەو پێشەنگێک هەیە، تا بەهۆیەوە بتوانێت هەموو ئەو شتانە بدۆزێتەوە، کە دەبنە مایەی نەجات و بە تێپەڕ بوونی زەمەن گۆڕانیان بەسەردانایەت و وەک مەعدەن دەمێننەوە. روونە کە ئیسلام و پێغەمبەر (درودی خوای لێ بێت) بەکۆمەڵێک بەرنامەو بنەماو بەهای نەگۆڕەوە هاتوون، هیچ کات و هیچ هۆکارو بارودۆخێک لەو ژیانە کەمیان ناکاتەوەو بەهای خۆیان لەدەست نادەن، بۆ نمونە بنەمای سەرەکی عەقیدەو بیرو باوەڕ باس لەوە دەکات خوا یەکە، ئەم بنەمایە بۆ هەزار ساڵ پێش ئێستاو پاش ئێستا هەمان شتەو گۆڕانی بەسەر نایەت هەرچەند گۆڕان بە سەر زروف و زەمەن بێت، بەهەمان شێوە چەمکی ئەخلاق و بەها مرۆییەکان، رەوشت و ئاکارە جوانەکان، عەدل و عیفەت، عیلم و عەمەلی باش بەردەوام گەوهەرو نایابن و بەهای خۆیان هەیە، هەر بارودۆخێک لەدونیا روو بدات ئەو بەهایانە وەک خۆیان دەمێننەوەو کەم ناکەن. بەمانایەکی تر هەرچیەک هەیە لە باشەو خێرو جوانی و رێکی، چ ئەوەی هەستی پێ دەکەین و بوونی هەیە لەسەر ئەرزی واقع، یان بە خەیاڵی مرۆڤ دادێت، لەڕێی ئیسلام و پێغەمبەر (درودی خوای لێ بێت) بە ئۆممەت گەیشتووە، بە پێچەوانەشەوە هەرچیەک ناشیرین و شەڕو خراپەو نەگونجاو بێت لەگەڵ پێگەو سروشتی ژیان، ئەوە مرۆڤی لێ هۆشیارو ئاگادار کراوەتەوە، لێرەوەیە خوای گەورە منەتی ناردنی پێغەمبەرمان بەسەر دەکات، چونکە هەموو بەهاو جوانیەکانی ژیان و هۆکارەکانی ئاسوودەیی دەروونی و، بەرچاوو ڕوونی لە دیاردەو شتە خراپەکان بەهۆی ناردنی پێغەمبەرەوەیە، کە بۆشاییەکی گەورەی لە ژیانی مرۆڤایەتی پڕ کردۆتەوەو دونیای بە نوری هیدایەت روناک کردووە، وەک دەفەرموێ: (لَقَدْ مَنَّ اللَّهُ عَلَى الْمُؤْمِنِينَ إِذْ بَعَثَ فِيهِمْ رَسُولًا مِنْ أَنْفُسِهِمْ يَتْلُو عَلَيْهِمْ آَيَاتِهِ وَيُزَكِّيهِمْ وَيُعَلِّمُهُمُ الْكِتَابَ وَالْحِكْمَةَ وَإِنْ كَانُوا مِنْ قَبْلُ لَفِي ضَلَالٍ مُبِينٍ) ال عمران:164، واتە: سوێند بێت بێگومان خوا منهتی ناوهته سهر ئیمانداران كاتێك پێغهمبهرێكی بۆ رهوانه كردوون له خۆیان ئایهتهكانی ئهویان بهسهردا دهخوێنێتهوه، دڵ و دهروونیان پاك و پوخت دهكاتهوه، ههروهها فێری قورئان و داناییان دهكات، بهڕاستی پێشتر له گومڕاییهكی ئاشكرادا رۆچوو بوون. کەواتە ئەگەر بمانەوێ (موسڵمانێکی باش، مامۆستا، فەرمانبەر، دکتۆر، شوفێر، کرێکار، جوتیار، کارمەند، تەنانەت مرۆڤ)ێکی باش بین، وە بمانەوێ لەهەموو رووێکەوە رێی باشتر بدۆزینەوەو بە ئەنجامی باش بگەین، وە ئاراستەی ژین و ژیانمان بەرەو گەیشتن بە بەهاو بنەمای دروست و رەسەن بڕواو، دوور بین لە ئاریشەو گرفت و دەردی دەروونی و دونیایی، وە ببینە براوەو سەرفرازی ئەبەدی هەردوو جیهان، ئەوە ئێستا لەهەر کات پتر پێویستمان بە شوێنکەوتەیی و پێشەنگی و رابەرێتی پێغەمبەر(درودی خوای لێ بێت) هەیە، چونکە هەر ئەو باشترین نمایندەو مامۆستاو سەرمەشقی کاروانی بەختەوەری و دین و ژینە، وەک خوای گەورە لە قورئانی پیرۆز فەرموویەتی: (لَقَدْ كَانَ لَكُمْ فِي رَسُولِ اللَّهِ أُسْوَةٌ حَسَنَةٌ لِمَنْ كَانَ يَرْجُو اللَّهَ وَالْيَوْمَ الْآَخِرَ وَذَكَرَ اللَّهَ كَثِيرًا) الأحزاب: 21، واتە: سوێند بهخوا بهڕاستی له پێغهمبهری خوادا چاكترین نموونهی تهواو و رێكوپێك ههیه تا چاوی لێ بكهن و شوێنی بكهون، بهتایبهت بۆ ئهو كهسانهی رهزامهندی خوایان مهبهسته، سهرفرازی قیامهت ئاواتیانه، ههمیشه و بهردهوام یادی خوا بهزۆری ئهنجام دهدهن و زمانیان پاراوه بهیادی خوداوە. 11ی رەبیعی یەکەم 1445ک 26ی ئــەیـــــــلولــی 2023ز |