ئاشكرایه لای هه‌موومان له قورئانی پیرۆز خوای گه‌وره گرنگی زۆری داوه به زانایان، هه‌روه‌ك ده‌فه‌رمووێ:( شَهِدَ اللَّهُ أَنَّهُ لَا إِلَهَ إِلَّا هُوَ وَالْمَلَائِكَةُ وَأُولُو الْعِلْمِ قَائِمًا بِالْقِسْطِ) ئه‌م ئایه‌ته پیرۆزه چه‌ند شتێكی گرنگمان بۆ ده‌رده‌خات: یه‌كه‌م: خوای گه‌وره شایه‌دی زانایانی له‌گه‌ڵ شایه‌دی خۆی و فریشته‌كانی هه‌ژمار كردووه. دووه‌م: خوای گه‌وره كه‌سی عادل و دادپه‌روه‌ر نه‌بێت قبوڵی ناكات به شایه‌د. سێیه‌م: ئه‌م شایه‌دیه له‌سه‌ر گه‌وره‌ترین بابه‌ته كه دانپێدانانی تاك و ته‌نیایی خوای گه‌وره‌یه. چواره‌م: خوای گه‌وره له‌م شایه‌دیه ناوی پێغه‌مبه‌رانی نه‌هێناوه چونكه (اولوا العلم) ئه‌وانیش ده‌گرێته‌وه. له‌هه‌مان كاتدا خوای گه‌وره به یه‌ك دین و یه‌ك ئوممه‌ت و یه‌ك پارچه ناوی تێكڕای موسڵمانانی بردووه، هه‌روه‌ك ده‌فه‌رمووێ: (كُنْتُمْ خَيْرَ أُمَّةٍ أُخْرِجَتْ لِلنَّاسِ تَأْمُرُونَ بِالْمَعْرُوفِ وَتَنْهَوْنَ عَنِ الْمُنْكَرِ) یان ده‌فه‌رموێ: (وَاعْتَصِمُوا بِحَبْلِ اللَّهِ جَمِيعًا وَلَا تَفَرَّقُوا)، كه‌واته ئه‌وه‌ی ئیسلام له ئێمه ده‌خوازێ ته‌وحیدو یه‌ك پارچه‌ییه نه‌ك په‌رته‌وازه‌یی و جیاكاری، هه‌ر كه‌س به بۆچوونی خۆی بێ گوێ له یه‌كگرتن و پێكه‌وه دانیشتن كار بكات و حیساب بۆ ڕای به‌رامبه‌ر نه‌كات كه‌مته‌رخه‌می و پێچه‌وانه‌ی مه‌قسه‌دی شه‌رعه، له كاتێكدا یه‌ك باوه‌رو یه‌ك شه‌ریعه‌ت و یه‌ك نه‌ته‌وه و یه‌ك نیشتیمان و یه‌ك شارستانیه‌ت هه‌موومان كۆده‌كاته‌وه. هه‌روه‌ها ئه‌مه بڕیاری خوای گه‌وره‌یه كه ده‌فه‌رمووێ: (وَأَطِيعُوا اللَّهَ وَرَسُولَهُ وَلَا تَنَازَعُوا فَتَفْشَلُوا وَتَذْهَبَ رِيحُكُمْ) ئیدی بۆچی ئێمه لێكدابڕاو و په‌رته‌وازه‌بین به تایبه‌تی زانایانی میراتگری پێغه‌مبه‌ر (دروودی خوای له‌سه‌ر بێت). له‌لایه‌كی تره‌وه خوای گه‌وره به پێغه‌مبه‌ر ده‌فه‌رمووێ: (وَمَا أَرْسَلْنَاكَ إِلَّا رَحْمَةً لِلْعَالَمِينَ) بۆیه ئه‌بێت زانایان ڕه‌حمه‌ت بن بۆ خه‌ڵك نه‌ك زه‌حمه‌ت بن، وه ئه‌بێ زانایان بۆ هه‌موو خه‌ڵك بن نه‌ك بۆ تاخمێك و گروپێك بن، خوای گه‌وره بۆ پێغه‌مبه‌ر (دروودی خوای له‌سه‌ر بێت) ده‌فه‌رمووێ: (فَبِمَا رَحْمَةٍ مِنَ اللَّهِ لِنْتَ لَهُمْ وَلَوْ كُنْتَ فَظًّا غَلِيظَ الْقَلْبِ لَانْفَضُّوا مِنْ حَوْلِكَ)، بۆیه زانایان پێویسته نه‌رم و هاتیه‌وه و گونجاو بن له‌گه‌ڵ خه‌ڵك نه‌ك توندوتیژ بن، خوای گه‌وره به پێغه‌مبه‌ر (دروودی خوای له‌سه‌ر بێت) ده‌فه‌رمووێ: (إِنَّكَ لَا تَهْدِي مَنْ أَحْبَبْتَ وَلَكِنَّ اللَّهَ يَهْدِي مَنْ يَشَاءُ)، بۆیه زانایان وانه‌زانن هه‌موو خه‌ڵك له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌وان هیدایه‌تی وه‌رده‌گری، هه‌موو خه‌ڵك گوێڕایه‌ڵی ئه‌وان ده‌بێت، چونكه ئه‌مه بۆ پێغه‌مبه‌رانیش ڕێكنه‌كه‌وتووه. بۆیه پێویسته له‌سه‌ر زانایانی ئیسلام له كوردستان ئه‌وپه‌ڕی توانای خۆیان بخه‌نه گه‌ڕ بۆ یه‌كخستن و ڕێكخستنی موسڵمانان، چونكه ئاژاوه و دووبه‌ره‌كی له ناو موسڵمانان ئه‌گه‌ر زوو چاره‌سه‌ر نه‌كرێت سنوورێكی بۆ دانه‌نرێت ئاژاوه له دوای ئاژاوه سه‌ر هه‌ڵده‌دات، ئه‌و كاته چاره‌سه‌ری ئاسان نابێت، ئه‌گه‌ر زانایانی وڵاتی ئیسلام له چه‌ند لایه‌كه‌وه خزمه‌تیان به میلله‌ته‌كه‌ی خۆیان كردبێ، زانایانی كورد له هه‌موو لایه‌كه‌وه خزمه‌تكاری میلله‌ته‌كه‌ی خۆیان بووینه، خواناس و ڕاستگۆ و دڵسۆز بووینه به‌وپه‌ڕی توانای خۆیان به‌رگریان له شه‌ریعه‌تی ئیسلام كردووه، پابه‌ندی ڕاو فه‌توای موجتههیدهكانی ئیسلام بووینه، ڕای خۆیان به‌سه‌ر هیچ كه‌س فه‌رز نه‌كردووه به‌بێ پشتگیری زانا گه‌وره‌كان، چونكه به‌دبه‌ختی و به‌ڵا له‌وه‌دایه بیر و ڕای جیاواز له‌سه‌ر هه‌ندێ دروشم و سوننه‌ت نزیكمان كاته‌وه له پله‌ی هه‌ره مه‌ترسی كه تهكفیرو ته‌فسیق و به هه‌ڵه تاوانباركردنی یه‌كتر، ئه‌وكات موسڵمانان تووشی سهرگهردانیهكی كوشنده ده‌بن هه‌رچه‌نده ئه‌م دیارده‌یه مه‌ترسیداره تووشی به‌شی زۆری ده‌وڵه‌ته ئیسلامییه‌كان بووه، به‌ڵام توانیویانه كۆنتڕۆڵی بكه‌ن و تێیپه‌رێنن، بۆ نمونه ده‌وڵه‌تی میسر توانیویه‌تی ئهك كێشه‌یه چاره‌سه‌ر بكات. بۆیه ئێمه‌ش له هه‌رێمی كوردستان پێویسته چاره‌سه‌ری ئه‌م گرفتانه بكه‌ین به حیوار و دیالۆك و یه‌كتر قبوڵ كردن، چونكه له‌م سه‌رده‌مه خه‌ڵك له بیروڕا ده‌ربڕین ئازاده، نابێ ئێمه به هه‌موو قسه‌یه‌ك زوو ته‌نگاو بین، به‌ڵام پێویستیشه چاره‌سه‌ری بۆ بدۆزینه‌وه چونكه هه‌ر شتێك زۆر ڕای له‌سه‌ر دروست بوو، ئه‌مه ده‌بێته جێگای گومان له‌لای خه‌ڵكی عه‌وام، بۆیه ئه‌م جیاوازیانه له‌ناو هه‌ندێ له مزگه‌وته‌كان هه‌ن له‌سه‌ر هه‌ندێ دروشم و زیكر‌و ویردو ئه‌وراد، پێویسته بۆ موسڵمانان ڕوون بكرێته‌وه، چونكه ئه‌مه بوویته هۆكاری په‌رته‌وازه‌ییه‌كی زۆر له‌ناو مزگه‌وته‌كان و نوێژ خوێنه‌كان. |