مه‌زهه‌بی ئیمامی شافيعی ده‌روازه‌یه‌كی خێرو گرنگ بووه‌ بۆ گه‌لی كورد له‌رووی ئایینی و كلتورییه‌وه‌

 

یه‌كێ‌ له‌ ئامانجه‌كانی یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان، كاركردنه‌ بۆ یه‌كڕیزی نێو ماڵی كوردو ته‌بایی نێو موسڵمانان، به‌درێژایی مێژووش ئه‌و راستیه‌ سه‌لماوه‌، كه‌ مه‌لای كورد له‌م پێناوه‌ ره‌نجی زۆری داوه‌و خزمه‌تی زۆریشی پێشكه‌ش كردووه‌، هه‌موو ئه‌و هه‌ست و هه‌ڵوێسته‌ی زانایان له‌ چوارچێوه‌ی خۆپێگه‌یاندنێكی دروست و زانستی به‌ شاره‌زایی ته‌واو له‌ بواری مه‌عریفه‌ی ئایینی و نه‌هجی گه‌وره‌ زانایان و مه‌زهه‌بی ئیمامی شافعی خۆی بینیوه‌ته‌وه‌، كه‌ ده‌روازه‌یه‌كی خێرو گرنگ بووه‌ بۆ گه‌لی كورد له‌رووی ئایینی و كلتورییه‌وه‌.

زانایانی ئایینی به‌و رۆڵ و پێگه‌و كه‌سایه‌تیه‌ ئایینی و كۆمه‌ڵایه‌تی و زانستیه‌ی هه‌یانه‌، كاریگه‌ری گه‌وره‌یان له‌ ئاراسته‌ی كۆمه‌ڵگه‌و به‌رێوه‌بردنی مزگه‌وت و گوتاری ئیسلامی و ته‌بایی ناو موسڵمانان و قوڵكردنه‌وه‌ی گیانی ئاینپه‌روه‌ری و نه‌ته‌وه‌په‌روه‌ری هه‌بووه‌، هیچ كات ده‌رفه‌تی درزو په‌رته‌وازه‌یی و ناكۆكی و ره‌فتاری ره‌تكردنه‌وه‌و كه‌راهیه‌ت  نه‌داوه‌، ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ تێگه‌یشتنی دروستی ده‌قه‌كان و ئاستی پابه‌ندی له‌ په‌یڕه‌و كردنی مه‌زهه‌بی ئیمامی شافیعی له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌دا.

كوردو مه‌زهه‌بی ئیمامی شافعی مێژووێكی دێرینیان هه‌یه‌، زانایانی كوردو میلله‌تی كورد رێژه‌ی هه‌ره‌ زۆریان له‌سه‌ر رێڕه‌وی مه‌زهه‌بی شافعی رۆیشتوون، كه‌ هێمای ته‌بایی و تێگه‌شتن  بووه‌و به‌هاو گه‌وره‌ی زۆری به‌م گه‌له‌ به‌خشیوه‌، سه‌ره‌رٍای ئه‌مه‌ش كوردو زانایانی ئایینی ئه‌و په‌ڕی رێزو ئه‌ده‌بیان به‌رامبه‌ر تێكڕای بۆچوونی زانایان و مه‌زهه‌بی دیكه‌ نواندووه‌، كه‌ زاده‌ی هۆشیاری و قه‌ناعه‌تی بووه‌ نه‌ك شتی دیكه‌.

په‌یڕه‌وی ئه‌و رێڕه‌وه‌و له‌به‌ر چاوگرتنی واقعی زۆرینه‌ی ئێستاو رابردووی كورد له‌رووی مه‌زهه‌بیه‌وه‌، بۆ ئێستا گرنگه‌و ئه‌ركه‌ له‌پێناو گه‌یشتن به‌ ئامانجی گه‌وره‌و حیكمه‌تی شریعه‌ت ره‌چاوی بكه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی رۆژ به‌رۆژ خزمه‌تی پتر پێشكه‌ش بكه‌ین و خاڵی هاوبه‌شی جیاوازیه‌كان بكه‌ینه‌ هه‌وێنی ئاشته‌وایی كۆمه‌ڵگه‌و به‌ره‌و پێشبردنی ره‌وشی دینداری و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی رۆشنبیری، چونكه‌ رێسایه‌كی مه‌قاسیدی هه‌یه‌ ده‌ڵێ‌: (مراعاة‌ الغالب مقصد شرعی).

كاتی خۆی پیاوێك چووه‌ لای ئه‌بو یه‌علای حه‌نبه‌لی گوتی: هاتوومه‌ فیقهی حه‌نبه‌لی لای تۆ بخوێنم، ئه‌ویش فه‌رمووی: تۆ خه‌ڵكی كوێی؟ گوتی: خه‌ڵكی شیرازم. گوتی: باشه‌ من زانیومه‌ خه‌ڵكی شیراز شافعی مه‌زهه‌بن تۆ هاتووی فیقهی مه‌زهه‌بی حه‌نبه‌لی بخوێنی، كه‌ گه‌ڕایته‌وه‌ شوێنی خۆت و فه‌توا به‌ پێی مه‌زهه‌بی حه‌نبه‌لی بده‌یت و ره‌چاوی فیقهی زۆرینه‌ كه‌ شافعی مه‌زهه‌بن نه‌كه‌یت، ئه‌وه‌ فه‌وزا دروست ده‌كه‌یت! بۆیه‌ نامه‌یه‌كت بۆ ده‌نوسم بڕۆ لای ئه‌بو ئیسحاقی شیرازی فیقهی شافعی بخوێنه‌.

كه‌واته‌ ئێمه‌ پێویستمان به‌وه‌ هه‌یه‌ به‌و په‌ڕی رێزه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ بۆچوونی گه‌وره‌ زانایان و مه‌زهه‌به‌ فیقهیه‌كان بكه‌ین، به‌ڵام ناكرێ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ده‌رگای فه‌وزا بكه‌ینه‌وه‌، بۆیه‌ رێكخستنه‌وه‌ی دروشم و په‌رستشه‌كان له‌ ئێستادا هه‌وڵێكی پێویسته‌و به‌رپرسیارێتی هه‌موو لایه‌كمانه‌ كاری بۆ بكه‌ین و به‌ رێزگرتن له‌ یه‌كتری و قبوڵكردنی جیاوازییه‌كان و كاركردن له‌سه‌ر خاڵه‌ هاوبه‌شه‌كان كوردستان به‌ره‌و ئاقارێكی چاكتر ببه‌ین.