خودای گەورە دەفەرموێ: (یَـٰۤأَیُّهَا ٱلَّذِینَ ءَامَنُوا۟ كُتِبَ عَلَیۡكُمُ ٱلصِّیَامُ كَمَا كُتِبَ عَلَى ٱلَّذِینَ مِن قَبۡلِكُمۡ لَعَلَّكُمۡ تَتَّقُونَ)، (البقرة :١٨٣)، هەروەها خۆشەویستمان صلّى الله عليه وسلّم دەفەرموێ : (مَن صَامَ رَمَضانَ، إِيْمَانًا وَاحْتِسَابًا، غُفِرَ لَهُ مَا تَقَدَّمَ مِنْ ذَنْبِهِ)، (مسلم:٧٦٠). لەبەردەم مانگێکی زۆر مەزن و پیرۆزداین، کە مانگی ڕەمەزانە، کە هەلێکی ساڵانەیە بۆ موسڵمانان بۆ کەسێک بیهەوێ گۆڕانکاری لەژیانیدا بکات و ڕێبازی پیاوچاکان بگرێتەبەر ، کە ئەمە یەکێکە لە ئامانجەکانی ڕۆژوو. ڕۆژوو مرۆڤ بەرەو گۆڕانکاری و ڕاستکردنەوەی هەڵسوکەوت هەڵدەنێ، بە خۆ گرتنەوە لە گوناه و تاوان ، ئەمەش بەو گۆڕانکارييە دەبێت کە لەژیانی ڕۆژوەواندا ڕودەدات . یەکەم: ئاشتبونەوە لەگەڵ خەڵک و خوادا: ڕۆژوو باشترین ئامرازە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندی نێوانمان لەگەڵ خودا و لەگەڵ خەڵکیش . 1- پەیوەندیمان لەگەڵ خودای گەورەدا: ڕۆژوو پەیوەندیمان بەهێزدەکا لەگەڵ خودای گەورە ، هەروەها ئەو کەشە ڕۆحیەی کە لە ڕەمەزاندا هەیە هاوکارە بۆ گۆڕانکاری ، لەکاتێک کەشێکی لەبار دەڕەخسێ کە هاوکاریی موسڵمانە بۆ دەستپێکردن بەگۆڕانکاری و پەرەپێدانی خود و پەرەپێدانی پەیوەندی ئیلاهی کە بنەماو بنچینەی ژیانە و کڕۆکی ئیمانە ، ئەگەر ئەم پەیوەندییە ڕاست و دروست نەبێ ئەوا هەموو کردارەکانمان بێهودە دەردەچێ ، هەروەک خودای گەورە دەفەرموێ: (وَقَدِمۡنَاۤ إِلَىٰ مَا عَمِلُوا۟ مِنۡ عَمَلࣲ فَجَعَلۡنَـٰهُ هَبَاۤءࣰ مَّنثُورًا)، (الفرقان:٢٣)، بۆیە مرۆڤی ژیر هەموو توانایەکی دەخاتە گەڕ بۆ چاککردنەوەی پەیوەندی نێوان خۆی و خودای گەورە و گەڕانەوە بۆ ڕێنمونی خودا. لەکاتێک خودای گەورە هەموو نیعمەتێکی بەسەردا باراندوە ، هەروەک خودای گەورە دەفەرموێ : (یَـٰۤأَیُّهَا ٱلۡإِنسَـٰنُ مَا غَرَّكَ بِرَبِّكَ ٱلۡكَرِیمِ)، (الانفطار:٦). 2- پەیوەندی لەگەڵ خەڵکیدا: پەیوەندی لەگەڵ خەڵکیدا مەعدەن و ڕاستی ئیمانی مرۆڤەکان دەردەخا، چونکە جیاوازییەکی زۆر هەیە لە نێوان ئەوەی دەیڵێی و ئەوەی ئەنجامیدەدەی، لەوەی بەرژەوەندییەکانمان چ دەخوازن و نەفسمان چیدەوێ، پێویستە لەسەر مرۆڤی موسڵمان ئەم مانگە بکاتە مانگی ئاشتەوایی لەگەڵ خەڵکیدا، خۆی لە هەڵەکانی خەڵکی بە مەزنتر بزانێ و لێبوردە بێ و خۆ بەزل نەزانێ، هەروەک پێغەمبەرمان صلّى الله عليه وسلّم دەفەرموێ : (ما نَقَصَتْ صَدَقةٌ مِن مالٍ، وما زادَ اللَّهُ عَبْدًا بعَفْوٍ إلَّا عِزًّا، وما تَواضَعَ أحَدٌ للَّهِ إلَّا رَفَعَهُ اللَّهُ)، (مسلم:٢٥٨٨)، وە پێویستە دروشمی مرۆڤی موسڵمانی ڕۆژوەوان بریتیبێ لە : (اللَّهُمَّ إِنِّي صَائِمٌ). دووەم: گۆڕانکاری لە ناخدا: گۆڕانکاری بەرزترین و جوانترین داواکاری و باشترین ڕێگایە ، هەموان حەزیان بە گۆڕانکارییە بەڵام چۆن گۆڕانکاری بکەین ؟. خۆشەویستمان صلّى الله عليه وسلّم ئاگادارمان دەکاتەوە و دەفەرموێ : (مَن لَمْ يَدَعْ قَوْلَ الزُّورِ والعَمَلَ به والجَهْلَ، فليسَ لِلَّهِ حاجَةٌ أنْ يَدَعَ طَعامَهُ وشَرابَهُ)، (البخاري:٦٠٥٧)، ئەوەی لەم فەرمودەیەدا هاتوە ئەو ڕۆژوەی کە خودا وەریدەگرێ بریتیە لە ڕۆژوویەک کە خاوەنەکەی قەدەغە بکا لە ئازاردانی خەڵکی و زوڵم و خواردنی ماف و ماڵی خەڵکی و درۆ و دووزمانی و بوختان کردن . یەکەم: گۆڕانکاریکردن لە چۆنیەتی مامەڵە کردنمان لەگەڵ خانەوادە و خزم و خەڵکی بە گشتی بە ئاراستەیەکی باشتر. دووەم: نزیکبونەوەمان لە خودا، لە ڕێگای : 1- چاکەکاری لەگەڵ خەڵکیدا، وە دەرکردنی زەکات و سەدەقە و دابەشکردنیان بەسەر هەژار و کەسی شیاو. 2- بەرزنەکردنی نرخی کاڵاو کەلوپەل و خۆراک و پێداویستییەکانی خەڵکی ، بەڵکو دابەزاندنی نرخەکان و ڕازیبوون بە قازانجێکی کەم . 3- قۆستنەوەی کەشی ڕەمەزان بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە خێزانی و کۆمەڵایەتیەکان. |