یاسای باری کەسی و مافی "کریستیانەکان" لە تێڕوانینی ئایینی ئیسلامدا

 

رۆژی 27ی5ی2024 لە شاری هەولێر سەرۆکی هەرێم بەرێز نێچیرڤان بارزانی لەمیانی وتارێکیدا لە (کۆنگرەی یاسای باری كەسى بۆ كرستیيانان له‌ عێراقدا) رووی لە یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان کردو وتی:  "داوا لە یەکێتيی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان و هەموو زانایان و پیاوانی ئایینيی به‌ڕێز لە هەرێمی کوردستان و عێراق بەگشتی دەکەم، هاوکار بن لە چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی بەهۆی نادروستيی لێکدانەوەو جێبەجێکردنی یاساکان لە ڕوانگەی ئایینی ئیسلامەوە، ڕووبەڕووی مەسیحییەكان دەبنەوە، یەكێک لە بنەما دیارەکانی ئایینی ئیسلام ئەوەیە: بە زۆر ئايين بەسەر کەسانی دیکە نەسەپێنرێت. دڵنیام ئێوە هاوکارێکی زۆر باش دەبن، چونکە ئێوەی پیاوانی به‌ڕێزى ئایینی ئیسلام، هاوکارو پارێزەری بەهێزن بۆ پێکەوەژیانی ئاشتیيانە لە هەرێمی کوردستان و لە عێراق. لێرەدا دەمەوێ سوپاسی یەكێتيی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان بکەم کە لە هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسیی عێراق لە هەرێمی کوردستان و له‌ پرسی میراتدا هاوکار بوون".

لە راستیدا ئەم پرسە لە هەرێمی کوردستان پێویستی بە خستنەڕووی روانگەو هەڵوێستی ئیسلام هەیە، بۆ ئەوەی روون بێتەوە لە وڵاتێکی فرە ئایین و نەتەوە؛ چۆن یاساکان رێکدەخرێت و بەکام پێوەر بنەماکانی دادەڕێژرێن؟ ئەگەرچی زانایانی ئایینی درێغیان نەکردووەو هەوڵی زۆریان داوە بۆ ئەوەی تێگەیشتنی دروستی ئایینی لەمەڕ ماف و تایبەتمەندی پێکهاتەکان بۆ خەڵک شیبکەنەوەو قەناعەت بۆ رای گشتی دروست بکەن، بەوەی یەکێ لە مەبەستەکانی شەریعەتی ئیسلام پاراستنی زەروریاتەکانی وەک ئایین و ژیان و وەچەو ناموس و عەقڵ و سامانە، کە دواجار سەلامەتی ئەوانە فاکتەری دەستەبەری ماف و کەرامەتی هەر تاکێک لەناو کۆمەڵگەدا.

باشترین سەرچاوەو بنەما بۆ تێگەیشتن لەم پرسە گەڕانەوەیە بۆ دەستووری مەدینە، كاتێک پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) دوای کۆچکردنی لە مەککەوە بەرەو مەدینە، یەکێ لەو هەنگاوە سەرەکی و گەورانەی کاری لەسەر کرد، دانان و نووسینەوەی دەستوور بوو، بۆ ئەوەی ببێتە پەیماننامەیەک بۆ رێکخستنی کاروباری هاوڵاتیان و پاراستنی مافی پێکهاتەکان و سەقامگیری و ئاشتی لە کۆمەڵگە، لێرەوە تێدەگەین ئەم دەستوورە چۆن رەچاوی تایبەتمەندی پێکهاتەکانی کردووەو مافی داوەتە هەموویان هاوشێوەی ئەو مافانەی موسڵمانان هەیانە، لەهەمان کات ئەو دەستوورە ئاماژەیە بەوەی ئایینی پیرۆزی ئیسلام رێگر نیە بۆ دانانی دەستوورو یاسا بۆ هەر وڵات و هەرێمێک، بەو پێیەی هاوکارو پاڵپشت دەبێت لە رێکخستنی کاروباری ژیان و شێوەی حوکم و مافی هاوڵاتی، کە ئەمە خواست و ئامانجی شەریعەتە لە پێناو خزمەتی شارستانیەت و مرۆڤایەتی.

وەسیقەی مەدینە بەپێی بۆچوونی شەرعزان و شارەزایانی مێژوو یەکێکە لە شانازییە دیارەکانی شارستانیەتی ئیسلامی، کە ئامانجی سەرەکی رێکخستنی پەیوەندی نێوان تائیفەو پێکهاتەکانی مەدینە بوو، لە سەر بنەمای ئازادی بیروباوەڕو مومارەسەی دروشمی ئایینی و بەرجەستەکردنی یەکسانی و دادپەروەری و دیارکردنی ئەرک و مافی هاوڵاتی، کە دوای چواردە سەدە ئێستاشی لەگەڵ بێت ئەم پەیماننامەیە بە زیندوویی ماوەتەوەو، بۆتە بنەماو سەرچاوەیەکی گەورەی نووسینەوەی رێککەوتن و دەستووری وڵاتان و بناغەی مافی هاوڵاتیبوون لە جیهای ئیسلامی، چونکە تایبەتمەندی هەرە گرنگی دەستووری مەدینە لەوەدایە (هاوڵاتی) چەق و پێوەرو (پێکەوەژیان)یش ئامانجێکی روونی داڕشتن و ناوەرۆکەکەی بووە، واتە تەنها بۆ لایەنێک یان فیئەیەکی دیاریکراو نەنووسراوەتەوە، بەڵکو لە پێناو هەموو دانیشتوان داڕێژراوە، بە جیاوازی بیروباوەڕو بۆچوون و تائیفەو ئایینەوە.

پاڵپشت بە بڕگەکانی ئەم پەیاماننامەیەو روانین لە واتای گشتی و فراوانی بنچینە شەرعیەکانی ئایینی ئیسلام، دەبینین لەسێ لاوە چوارچێوەی هێڵە گشتییەکانی پەیوەندی نێوان موسڵمان  و ناموسڵمان خۆی لە چەند بنەمایەک دەبینێتەوە:

یەکەم: پەیڕەوکردنی بنەمای دادپەروەری و رەچاوکردنی مافی هاوڵاتیبوون و مرۆڤبوون؛ خوای گەورە دەفەرموێ: (لَا يَنْهَاكُمُ اللَّهُ عَنِ الَّذِينَ لَمْ يُقَاتِلُوكُمْ فِي الدِّينِ وَلَمْ يُخْرِجُوكُمْ مِنْ دِيَارِكُمْ أَنْ تَبَرُّوهُمْ وَتُقْسِطُوا إِلَيْهِمْ إِنَّ اللَّهَ يُحِبُّ الْمُقْسِطِينَ) الممتحنة:8. بەپێی ئەم ئایەتە مامەڵە و پەیوەندی نێوان موسڵمانان بە نا موسڵمانانەوە پەیوەستە بە بەجێبەجێکردنی بنەمای گرنگی "دادەپەروەری" واتە: پێدانی ماف بە هەموو خاوەن مافێک (إعطاء كل ذي حق حقه)، هەرچەندە کۆمەڵگە فرە پێکهاتەو ئایین بێت، پێویستە لەسەر موسڵمانان پەیوەندی خۆیان لەسەر ئەم بنەمایە دابمەزرێنن، کەواتە مادام لەرووی شەرعی و ئینسانی و لێکەوتەی دادپەروەری ئەرکە لە کاتی پێویست مرۆڤ بەهانای دۆست و دراوسێی بچێت، هەروەها کۆمەڵگەی موسڵمان لەسەری پێویستە لە کاتی تەنگانە بەهانای لێقەوماوان بچێت بێ جیاوازی ئایین و نەتەوەو رەنگ و رەگەز، بەهەمان شێوە ئەرکیشە بۆ چەسپاندنی دادپەروەری ماف بە ناموسڵمان بدات یاسای خۆی هەبێت بۆ رایکردن و مامەڵەی رێکخستنی کاروبارە خێزانی و کۆمەڵایەتیەکان لەناو کۆمەڵگە، چونکە ئەمە هەنگاوێکە زەمینەی چاک رەفتاری -الإحسان- خۆش دەکات.

دووەم: داننان بەوەی زۆرکردن لە ئایین نیە؛ ئەمەش بنەمایەکی گرنگەو قورئانی پیرۆز جەختی لێ کردۆتەوە، خوای گەورە دەفەرموێ: (لَا إِكْرَاهَ فِي الدِّينِ) البقرە:256. واتە: به‌هيچ جۆريك زۆر كردن نيه‌ له‌ وه‌رگرتنى بيروباوه‌رِى ئاينى ئيسلام - دينداريى به‌زۆر نابێت بكرێت ‏و دين به‌زۆر نادرێت به‌سه‌ر كه‌سدا- ئەمە ئاماژەیە بەوەی هەر کەس ئایینی خۆی پارێزراو بێت، کەس مافی بە زۆر سەپاندنی ئایین بەسەر کەسێک و داڕنینی ئایین لە سەر کەسێکی تری نیە. ئیمامی تەبەری دەڵێت: ئەم ئایەتە لەبارەی ئەوانەوە هاتۆتە خوارەوە کە دەیانویست بە زۆر ئایینی ئیسلام بەسەر منداڵی جوو بسەپێنن. کەواتە ئایینی ئیسلام کە رێگە نادات بە زۆر ئایین وەک بیرو باوەڕ بەسەر نا موسڵمانان بسەپێت، ئەی چۆن دەکرێ یاسای باری کەسی موسڵمانان بە زۆر فەرز بکات بە سەر کەسانی ناموسڵمان، یان چۆن رێگە دەگرێت لەوەی پەیڕەوی ئایینیە ئاسمانیەکانی تر یاسای تایبەت بە خۆیان هەبێت لە رێکخستنەوەی بواری کەسی و کاروبارە خێزانیەکانەوە، بە واتایەکی تر لەبەر ئەوەی ئایینی ئیسلام بە زۆر سەپاندنی لەرووی دینیەوە قەبوڵ نیە، بە دڵنیاییەوە هەموو جۆرە بە زۆر سەپاندنێکی کاروبارەکانی کۆمەڵایەتیش رەت دەکاتەوە.

سێیەم: هەمووان لە ئەرک و ماف یەکسانن- (لهم ما لنا وعلیهم ما علینا)؛ یەکێ لەو رێساو چوارچێوە گرنگانەی لە فەرمودەو فیقهی ئیسلامی و پەیمانی مەدینە زۆر تەئکیدی لێ کراوەتەوە، ئەو یاسا گرنگە بەرکارە ئایینیەیە، کە بەدرێژایی مێژووی موسڵمانان دان بە بوونی یەکسانی نێوان هەموو پێکهاتەکان دادەنێت، واتە لەرووی ماف و تایبەتمەندیی و ئەرک و ئازادییەوە هەرچیەک بۆ موسڵمانان پێویست بێت، بەهەمان شێوە بۆ ئەهلی کیتاب ئەرک و مافەو پێویستە هەیان بێت. ئەمە ئاماژەیە بەوەی موسڵمان و ناموسڵمان لە هەموو ماف و ئیمتیازێک یەکسانن، جگە لەو ئەرک و مافانەی پەیوەستن بە خودی دینەوە، ئەمەش وەک ئایین و بیرو باوەڕ شتێکی ئاساییە، چونکە ناکرێ تۆ شتێک لەسەر کەسێک فەرز بکەیت، کە کاتێکدا بڕوای پێ نەبێت، بەڵام رێزگرتن لە عەقیدەو بۆچوونی بەرامبەر هەرچەند پەسندیش نەبێت یان جیاواز بێت خواستێکی ئایینیە، چونکە قبوڵکردنی بەرامبەرو پێکەوەژیانی ئاشتیانە بنەمایەکی گرنگی قورئانیەو پێویستە بەر لە هەر کەس موسڵمان پێوەی پابەند بێت.

سەرەڕای لێبوردەیی و میانڕەوی و رێنماییەکانی ئیسلام لە بایەخپێدانی هەڵسوکەوت و مامەڵەکردن لە گەڵ پەیڕەوانی ئایینەکانی ترەوە، چونکە بەدەر لە جیاوازی ئایین هەمووان لە مرۆڤبووندا برای یەکترین، وە هەر هەنگاوێک ببێتە هۆی پاراستنی ئەو برایەتی و تەباییە ئیسلام پێشوازی لێ دەکات و بگرە بە کارێکی مرۆیی گەورەشی دەزانێت، ئەمە لە چەند وێستگەیەکی ژیانی موسڵمانانیش بە کردەیی پەیڕەو کراوە، وەک لەسەرچاوە مێژووییەکان هاتووە کاتی خۆی سەلاحەدینی ئەیوبی فەتحی قودسی کردو بنکەی دەستەڵات و رێکخستنەوەی کاروبارەکانی خەڵکی دامەزراند، وەک یەکێ لە فاکتەرکانی سەقامگیری کۆمەڵایەتی رەچاوی تایبەتمەندی پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی کرد، چونکە ئەو کات تەنها موسڵمان لە قودس نەبوون، بەڵکو مەسیحی و جووشی تێدا دەژیان، بۆیە قازی و دادوەری تایبەتی بۆ دەستنیشان کردن بۆ ئەوەی بتوانن بە پێی رێنمایی خۆیان کارەکانیان راپەڕێنن.

فیقهی ئیسلامی وەک تێگەیشتنی گەورە زانایان و هەڵکردن لەگەڵ پێشهات و بابەتە هاوچەرخەکان بە دیوێکی فراوان لە قەزیەکە دەڕوانێت، فوقەهای ئیسلام تەنها لە گۆشە نیگای یەکسانی لە بەرامبەر ماف و هەندێ ئەرکدا سەیری بابەتەکە ناکەن، بەڵکو سەرەڕای بابەتی –یەکسانی- مافی راستەوخۆی بەکارهێنانی هەندێ شت کە قەدەغەیە لە ئیسلامدا داوەتە نا موسڵمانان بۆ خۆیان بەکاری بێنن، چونکە ئایینی ئەوان رێی پێداون ئەم کارە بکەن، بۆ نمونە: خواردنەوەی ئارەق و بەخێوکردن و راگرتن و بەکارهێنانی بەراز لە شەریعەتی ئیسلام رێگە پێدراو نیە، بەڵام بۆ نا موسڵمانان بەپێی ئایینی خۆیان رێگەیان پێدراوە، ئیدی ئەگەر کەسێک بەراز یان ئارەقی کەسێکی غەیرە موسڵمانی زایەع کردو زیانی پێگەیاندن، ئەوە دەبێ بە پێی خەملاندنی زیانەکە غەرامە بکرێت، وەک لە سەرچاوەکان هاتووە: "ويضمن المسلم قيمة خمره وخنزيره إذ أتلفه".

لەم سۆنگەوە تێدەگەین، کە شەریعەتی ئیسلام ستراتیژو بنەماو وێنایەکی نمونەیی لە پەیوەندی نێوان موسڵمان و نا موسڵمان دیاریکردووە، کە دەستەبەری تەواوی مافەکانی خەڵکی نا موسڵمانان دەکات و ئاستی پەیوەندی نێوانیان لەرووی مرۆڤایەتی و کۆمەڵایەتی و ئابووری لەسەر بنەمای هاوڵاتیبوون و پێکەوەژیان لەبەر چاو دەگرێت، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە، کە بنەماو رێسا فیقهییەکان هیچ رێگرییەکیان نیە لەوەی کریستیانەکان بەپێی رێنمایی ئایینی خۆیان بۆ رێکخستن و رایکردنی کاروباری کەسی یاسای تایبەت بە خۆیان هەبێت، چونکە ئەگەر قەناعەت بە فرەیی و ئازادی و مافی مرۆڤ و پێکەوەژیان بەشێکی ئایینی ئیسلام بێت، ناکرێ رێگە بەوە نەدرێت پەیڕەوانی ئاینێکی تر یاسای تایبەت بە خۆیان نەبێت.

*ئەندامی مەکتەبی تەنفیزی و بەرپرسی راگەیاندنی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان.