كفری : به‌به‌شداری ناوچه‌ی كفری سه‌ربه‌لقی گه‌رمیان چه‌ند چالاكی یه‌ك بۆ یادی ئه‌نفال به‌رێوه‌ ئه‌برێت

دانا مه‌لا حه‌مه‌ئه‌مین – گه‌رمیان :

سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مرۆ دووشه‌ممه‌ به‌رواری 16/4/2012 و له‌درێژه‌ی چالاكی یه‌كانی تایبه‌ت به‌ بیست و چوارهه‌مین ساڵیادی پرۆسه‌ی ئه‌نفال له‌ قه‌زای كفری كۆمه‌ڵه‌ی داكۆكیكار له‌ مافی قوربانیان و كه‌س و كاری ئه‌نفالكراوانی گه‌رمیان له‌هۆڵی بۆنه‌كان له‌شاری كفری مه‌راسیمێكیان رێكخست.

له‌ومه‌راسیمه‌دا كه‌ به‌رپرسانی حیزبی و حكومی و رێكخراوه‌یی و زانایانی ئاینی و كه‌س و كاری قوربانیان ئاماده‌ی بوون سه‌ره‌تای مه‌راسیمه‌كه‌ به‌خوێندنه‌وه‌ی چه‌ند ئایه‌تێك له‌قورئانی پیرۆز ده‌ستی پێكرد له‌لایه‌ن مامۆستا مه‌لا ته‌ها عبدولره‌حیمه‌وه‌ خوێنرایه‌وه‌ پاشان ووتاری یه‌كێتی زانایان له‌لایه‌ن مامۆستا مه‌لا تارق هه‌مه‌وه‌ندی به‌رپرسی ناوچه‌ی كفری سه‌ربه‌لقی گه‌رمیانی یه‌كێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان پێشكه‌ش كرا ،به‌رێزیان له‌ ووته‌كه‌یاندا تیشكی خسته‌ سه‌ر چه‌ند خاڵێكی سه‌ره‌كی له‌وانه‌ گه‌وره‌یی تاوانی ئه‌نفال ده‌رهه‌ق به‌ئیسلام و میلله‌تی كورد پاشان ئه‌وبه‌رپرسه‌ی یه‌كێتی زانایان ئه‌م یاده‌ی به‌ فرسه‌تێك بۆ یه‌كخستنه‌وه‌ی نێو ماڵی كورد زانی و ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ پێویسته‌ له‌سه‌ر شانی میلله‌ته‌كه‌مان یه‌ك ئامانج و یه‌ك هه‌ڵوێست و یه‌ك ئیراده‌ كار له‌سه‌ر تاوانی به‌ناوئه‌نفال بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر دوژمنان و نه‌یارانی میلله‌ته‌كه‌مان به‌هێز و به‌ئیراده‌ بین چونكه‌ هێشتا مه‌ترسیه‌كان بۆسه‌ر میلله‌ته‌كه‌مان به‌ته‌واوه‌تی نه‌رواوه‌ته‌وه‌ پاشان به‌رپرسی ناوچه‌ی یه‌كێتی زانایان له‌ووتاره‌كه‌یدا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ نابێت ئه‌م تاوانه‌ درندانه‌ی به‌عس كار بكاته‌ سه‌ر دینداری تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی و پێویسته‌ ئه‌م جۆره‌ مه‌رگه‌سات و سته‌مانه‌ زیاتر خۆراگرمان كات و پاڵنه‌رمان بێت بۆ پابه‌ند بوونمان به‌ئاینی پیرۆزی ئیسلامه‌وه‌ ...

ئه‌مه‌و هه‌رله‌و مه‌راسیمه‌دا چه‌ندین ووتارو چالاكی جۆراوجۆری ووتارو هونه‌رو شیعر خوێندنه‌وه‌ پێشكه‌ش كرا

شایانی باسه‌ شاندی ناوچه‌ی كفری یه‌كێتی زانایان پێكهاتبوو له‌به‌رێزان مامۆستا مه‌لا تارق هه‌مه‌وه‌ندی به‌رپرسی ناوچه‌و مامۆستا مه‌لا سه‌ركه‌وت عه‌لی كارگێری ناوچه‌و مامۆستا مه‌لا ته‌ها عبدالرحیم ئه‌ندامی ناوچه‌