شاندێكی باڵای ئه‌نجومه‌نی زانایانی ئه‌نباڕ سه‌ردانی مه‌كته‌بی ته‌نفیزی ده‌كات


رۆژی سێشه‌ممه‌ 17/4/2012 شاندێكی باڵای ئه‌نجومه‌نی زانایانی ئه‌نباڕ، به‌ سه‌رۆكایه‌تی به‌ڕێز شێخ عبدالله حسین ئه‌لكوبه‌یسی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی ناوبراو، له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌ زانایانی شاره‌كه‌، سه‌ردانی مه‌كته‌بی ته‌نفیزی یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستانیان كردو، له‌لایه‌ن به‌ڕێزان مامۆستا مه‌لا عبدالله مه‌لا سه‌عید گرتكی سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایان‌و، ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی ته‌نفیزی به‌گه‌رمی پێشوازیان لێكرا.

ئه‌مه‌و له‌ دانیشتنێكدا، وێڕای به‌خێرهێنانی شاندی میوان، له‌وته‌یه‌كدا به‌ڕێز سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایان پوخته‌یه‌ك له‌ باسی مێژووی دامه‌زراندن‌و، كاری رێكخراوه‌یی‌و، كارو چاڵاكیه‌كان‌و، په‌یامی یه‌كێتی زانایان خسته‌ڕوو، دواتر له‌ به‌شێكی دیكه‌ی وته‌كانیدا جه‌ختی له‌گرنگی بوونی په‌یوه‌ندی‌و، هه‌ماهه‌نگی‌و، پێویستی سه‌ردانی هاوشێوه‌ی نێوان ده‌زگاو رێكخراوه‌كانی زانایان كرده‌وه‌.

له‌ به‌رامبه‌ردا شاندی ئه‌نجومه‌نی زانایانی ئه‌نباڕ، سوپاسی سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایانیان كردو، پێداگریان له‌سه‌ر پته‌وتركردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوانیان كرده‌وه‌، خۆشحاڵی خۆیان نیشاندا به‌ پێشكه‌وتن‌و هه‌وڵ‌و كاروچاڵاكیه‌كانی یه‌كێتی زانایان‌و، هیوای سه‌ركه‌وتن‌و به‌رده‌وامیان خواست.

شایانی باسكردنه‌ هه‌ر یه‌ك مامۆستا مه‌لا عومه‌ر سوێری‌و مه‌لا جه‌عفه‌ر گوانی ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی ته‌نفیزی یه‌كێتی زانایان ئاماده‌ی دانیشتنه‌كه‌ بوون.