سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایان به‌یاوه‌ری زانایانی سنووری لقی سۆران سه‌ردانی فه‌رمانده‌ی سپیلكی له‌شكری كوردستان ده‌كات


راگه‌یاندنی لقی سۆران:
به‌ مه‌به‌ستی به‌رزنرخاندن‌و رێزگرتن له‌ رۆڵ‌و ماندووبون‌و خه‌باتی پێشمه‌رگه‌كانی كوردستان، به‌ تایبه‌ت له‌ پاراستن‌و به‌رقه‌راركردنی هێمنی و ئاساییشی سنووره‌كان، شاندێكی باڵای یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان، به‌ سه‌رۆكایه‌تی به‌ڕێز مامۆستا مه‌لا عبدالله مه‌لا سه‌عید گرتكی سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایان و، به‌یاوه‌ری به‌ڕێزان مامۆستا مه‌لا خالد مه‌له‌كی به‌رپرسی لقی سۆرانی یه‌كێتی زانایان‌و، ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌ زانایانی سنووری لقی سۆران‌و، به‌رێوه‌به‌ری ئه‌وقافی سۆران، سه‌ردانی فه‌رمانده‌ی سپیلكی له‌شكری كوردستانیان كردو، گه‌رمی له‌لایه‌ن به‌ڕێز (سه‌ید نایف) فه‌رمانده‌ی فه‌رمانده‌یی سپیلك و، جێگرو ئه‌ندامانی فه‌رمانده‌ پێشوازیان لێكرا.

ئه‌مه‌و له‌میانه‌ی دانیشتنێكدا، به‌ڕێز سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایان باسی له‌ رۆلی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان كرد له‌ پارێزگاری كردنیان له‌ خاكی پیرۆزی كوردستان، هه‌روه‌ك باسی له‌ هه‌ماهه‌نگی نێوان زانایانی ئایینی و هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان كرد‌و، هه‌ردوولا خۆشحاڵی خۆیان ده‌ربڕی بۆ ئه‌و سه‌ردانه‌و، ئومێدیان خواست هه‌موو لایه‌ك هاوكار بن بۆ سه‌رخستنی ده‌سكه‌وت‌و ئه‌زموونی هه‌رێمی كوردستان.