شاندی باڵای ئه‌نجومه‌نی زانایانی ئه‌نباڕ سه‌ردانی لقی سلێمانی یه‌كێتی زانایان ده‌كات

ڕاگه‌یاندنی لق/ ملا محمد كه‌ڵكه‌سماقی
ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ به‌رواری 15/4/2012 به‌مه‌به‌ستی دروستكردنی پردی په‌یوه‌ندی و به‌هێزتركردنی هه‌ماهه‌نگی نێوان زانایان، شاندێكی باڵای ئه‌نجومه‌نی زانایانی ئه‌نباڕ، به‌ سه‌رۆكایه‌تی به‌ڕێز شێخ عبدالله حسین ئه‌لكوبه‌یسی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی ناوبراو، له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌ زانایانی شاره‌كه‌‌و، وه‌قفی سوننی شاره‌كانی رومادی و فه‌لوجه‌ سه‌ردانی لقی سلێمانی یه‌كێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستانیان كردو، له‌لایه‌ن به‌ڕێزان مامۆستا مه‌لا نجم الدین قادر به‌رپرسی لق ، مامۆستا مه‌لا مسته‌فا صابیر و، مامۆستا مه‌لا كریم عبدالله و، مامۆستا مه‌لا سعید همزه‌ به‌رپرسی ناوچه‌ی یه‌ك و، مامۆستا مه‌لا اسماعیل گه‌ڵاڵی به‌رپرسی ناوچه‌ی چوار به‌ گه‌رمی پێشوازیان لێكرا.

ئه‌مه‌و له‌ دانیشتنێكدا، به‌ڕێز به‌رپرسی لق وته‌یه‌كی پێشكه‌شكردو، تیایدا ویڕای به‌خێرهێنان، خۆشحاڵی خۆی و ستافی لقی ڕاگه‌یاند به‌ سه‌ردانه‌كه‌ی به‌ڕێزیان و، هیوای سه‌ركه‌وتن و په‌یوه‌ندی به‌رده‌وامی خواست.

له‌ به‌رامبه‌ریشدا شاندی میوان دوای سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ پێشوازی گه‌رمی زانایانی لقی سلێمانی، ئاماژه‌یان كرد به‌ ڕۆڵ و تێكۆشانی زانایانی كورد له‌ كۆن وله‌ تازه‌دا، هه‌ر له‌ سه‌رده‌می (صلاح الدین)ی ئه‌یوبیه‌وه‌ كه‌ فه‌تحی قودسی كرد، تاده‌گاته‌ ئه‌مڕۆ، كه‌ ڕۆڵێكی به‌رچاویان هه‌بووه‌ له‌گه‌شه‌ندنی ئایینی پیرۆزی ئیسلام‌و، پێگه‌یاندنی زانایانی به‌ناوبانگ وه‌ك مامۆستا (عبدالكریم)ی موده‌ڕیس‌و، چه‌ندان كه‌ڵه‌پیاو.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ وته‌كانیاندا ئاماژه‌یان به‌و زوڵًم وسته‌مانه‌ی ڕژێمی به‌عس كرد به‌رامبه‌ر به‌ گه‌لی كورد، وه‌ك: جینۆسایدی به‌ناو ئه‌نفال و، كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ و بالیسان و شوێنه‌كانی تری
كوردستان و، پاكتاوی ڕه‌گه‌زی و، ڕوخاندنی گوندوشارۆچكه‌كانی‌و، هاوخه‌می خۆیان ده‌ربڕی به‌رامبه‌ر به‌و كاره‌ساتانه‌ی كه‌ به‌سه‌ر گه‌لی كورد هاتووه‌.

دواتر شانده‌كه‌ به‌ یاوه‌ری زانایانی لق سه‌ردانی مۆنۆمێنتی شه‌هیدانی كیمیایی بارانی هه‌ڵه‌بجه‌یان كردو، به‌ بینینی وێنه‌و فیلمه‌
دێكومنتیه‌كانی كاره‌ساته‌كه‌ فرمێسك‌و گریان دایگرتن‌و، خه‌مباری خۆیان دوپاتكرده‌وه‌و، هیوایان خواست كه‌ كۆتایی نه‌هامه‌تی بێت بۆ سه‌ر گه‌لی كوردی موسوڵمان.