به‌ بۆنه‌ی ساڵیادی رۆژنامه‌گه‌ری كوردی سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایان: پێویسته‌ بزاڤی رۆژنامه‌گه‌ری زیاتر له‌ ئامانجه‌كانی نزیك بێته‌وه‌


راگه‌یاندنی سه‌نته‌ر:
به‌ مه‌به‌ستی به‌رز راگرتنی رۆژی رۆژنامه‌گه‌ری كوردی‌و ده‌رچوونی یه‌كه‌مین رۆژنامه‌ به‌ زمانی شیرینی كوردی به‌ر له‌ 114 ساڵ، سه‌نته‌ری زانایان بۆ رۆشنبیری ئایینی مه‌راسیمێكی شایسته‌ی رێك خست‌و كۆمه‌ڵێك مامۆستایی ئایینی، كه‌ له‌ بواری نووسین‌و بڵاوكردنه‌وه‌ی بابه‌ت له‌ گۆڤارو رۆژنامه‌كان ده‌ستیان هه‌یه‌ خه‌ڵات كرد.

سه‌ره‌تای مه‌راسیمه‌كه‌ وه‌یسی سه‌عید وه‌یسی به‌رپرسی سه‌نته‌ر وێڕای به‌رزنرخاندنی ئه‌و یاده‌، كورته‌یه‌كی له‌ مێژووی بزاڤی رۆژنامه‌گه‌ری خسته‌ روو، دواتر باسی له‌ رۆڵی مامۆستایانی ئایینی كرد، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی له‌ بواری نووسین‌و كاری رۆژنامه‌گه‌ری كار ده‌كه‌ن‌و به‌رهه‌میان هه‌یه‌.

دواتر سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایان به‌رێز مامۆستا مه‌لا عه‌بدوڵڵا مه‌لا سه‌عید وته‌یه‌كی پێشكه‌ش كرد‌و تێیدا به‌ گرنگیه‌وه‌ رۆڵی مامۆستایانی ئایینی به‌رز نرخاند‌و گوتیشی: هه‌موومان ده‌زانین كه‌ ئیسلام گرنگی‌و بایه‌خی ته‌واوی به‌ بواری راگه‌یاندن‌و كاری بانگه‌وازی داوه‌، كه‌ ده‌توانین بڵێین وتاری هه‌ینی سه‌ره‌كیترین وێستگه‌ی راگه‌یاندنی ئیسلامیه‌، ئه‌وه‌ش روونه‌ كه‌ مامۆستایانی ئایینی هه‌میشه‌ چاكسازێكی كۆمه‌ڵایه‌تی بوونه‌، كه‌ جێگه‌ی خۆشحاڵیه‌ له‌گه‌ڵ یادكردنه‌وه‌ی رۆژی رۆژنامه‌گه‌ری كوردی زۆرێك له‌ مامۆستایانی ئایینی رۆڵیان به‌رچاوه‌و له‌ بواری رۆژنامه‌وانی‌و نووسین‌و بڵاوكردنه‌وه‌ی بابه‌ت جێ‌ په‌نجه‌یان دیاره‌.

له‌ به‌شێكی تری قسه‌كانی سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایان گوتی: پێویسته‌ وه‌ك چۆن له‌ رابردوو مامۆستایانی ئایینی له‌ ناو مزگه‌وت‌و ته‌دریس‌و ده‌عوه‌‌و رۆشنبیری فكری‌و مه‌عریفی‌و ئه‌ده‌بی رۆڵیان دیوه‌، به‌هه‌مان شێوه‌ ئێستا ئه‌ركه‌ درێژه‌پێده‌ری ئه‌و كاروانه‌ بن‌و به‌ زمان‌و نووسین‌و وتاره‌كانیان رۆڵی چاكسازی‌و به‌ره‌و پێشه‌وه‌بردنی بزاڤی راگه‌یاندن ببینن، گوتیشی پێویسته‌ مامۆستایانی ئایینی لایه‌نێكی هاوكار بن بۆ راگه‌یاندنی كوردی، چونكه‌ ئه‌وان به‌ پێی پێگه‌ی خۆیان به‌ژداریه‌كی كاریگه‌ریان هه‌یه‌ له‌و بواره‌وه‌.

هه‌روه‌ها گوتیشی: به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی پێویسته‌ له‌و قۆناغه‌دا كاری نووسین‌و بواری رۆژنامه‌گه‌ری كوردی زیاتر له‌ ئامانجه‌كانی نزیك بێته‌وه‌، كه‌ قوڵكردنه‌وه‌ی گیانی نه‌ته‌وه‌یی‌و به‌رز راگرتنی ئه‌خلاقی كورده‌واری‌و به‌رپرسانه‌ مامه‌ڵه‌كردنه‌ له‌گه‌ڵ حه‌ده‌س‌و پێشهاته‌كاندا.

له‌كۆتایی مه‌راسیمه‌كه‌شدا دیاری رێزلێنان له‌لایه‌ن سه‌نته‌ری زانایانه‌وه‌ به‌سه‌ر 15 مامۆستای ئایینی ده‌ڤه‌ره‌كه‌ دابه‌ش كرا، كه‌ له‌بواری نووسین‌و كاری رۆژنامه‌وانی رۆڵیان هه‌بووه‌.