وەزارەتی ئەوقاف: هیچ مامۆستایەكی ئایینی دەستگیرنەكراوە


وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی حكومەتی هەرێمی كوردستان رەتیكردەوە بەهۆی رووداوەكانی دوێنێی شاری هەولێرەوە هیچ مامۆستایەكی ئاینی دەستگیركرابێ.

بارزان سەڵاح وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە"خەندان"ی راگەیاند: "ئەوانەی دوێنێ‌ لەشاری هەولێر خۆپیشاندانیانكرد مامۆستایانی ئاینی نەبوون و كەسانی گێرە شێوێن و منداڵ بوون".

وتیشی: "وەزارەتی ئەوقاف و ئەنجومەنی وەزیران پێشتر داواكاری زانایانی ئاینیان جێبەجێكردبوو، پاشان لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتیش داوایانكرد خۆپیشاندان نەكرێت، ئەوەی ئەو كارەی كرد كەسانێك بوون ئاژاوەگێر بوون دەستیان لەپشت بووە، ئەگینا كەسێك داواكاری هەبێ وبۆی جێبەجێ بكرێت ئیدی خۆپیشاندان مانای چیە؟".

وتەبێژەكەی وەزارەتی ئەوقاف ئەوەی رەتكردەوە كە هیچ مامۆستایەكی ئاینی دەستگیركرابێ بەهۆی رووداوەكانی دوێنێی شاری هەولێرەوەو ئاماژەی بۆ ئەوەكرد هیچ مامۆستایەكی ئاینی نەوتارخوێن نە پێشنوێژ كەسەربە بەرێوەبەرایەتییەكانی وەزارەتی ئەوقاف دەستگیرنەكراوە، بەڵام ئەگەری هەیە كەسانێك گیرابن نازناویان مەلابێ، ئەوەش بەپێی یاسا بە مامۆستای ئاینی ناژمێردرێت.

له‌ ماڵپه‌ری خه‌ندان وه‌رگیراوه‌