مه‌لا عه‌بدولخالیقی روناكی له‌گه‌ڵ داخستنی گۆڤاری چرپه‌دا نییه‌


گۆڤاری چرپه‌، ئه‌و گۆڤاره‌ی، كه‌ ناره‌زاییه‌كانی لێكه‌وته‌وه‌، هه‌ندێك له‌ مامۆستایاانی ئایینی‌و هاووڵاتیان رای جیاوازیان له‌سه‌ری هه‌یه‌ به‌و پێیه‌ی ستافی گۆڤاره‌كه‌ نیازی خراپیان نه‌بووبێت.

گۆڤاره‌كه‌ رۆژی یه‌كشه‌مه‌ له‌ دانیشتنێكی چه‌ند لایه‌نه‌ی نێوان لیژنه‌كانی (ئه‌وقاف‌و یاسایی‌و مافی مرۆڤ) له‌ په‌رله‌مانی كوردستان‌و وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف‌و یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان‌و سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسان لقی هه‌ولێر، دوای ئه‌وه‌ كۆمه‌ڵێك بریاری تایبه‌ت به‌و بواره‌ ده‌رچوون، گۆڤاره‌كه‌ له‌لایه‌ن ستافی گۆڤاره‌كه‌وه‌ و له‌سه‌ر داوای لایه‌نه‌كانی كۆبوونه‌وه‌كه‌ به‌ یه‌كجاری داخرا.

به‌ڵام مامۆستا مه‌لا عه‌بدولخالیقی روناكی له‌ دیمانه‌یه‌كی ژماره‌ (92)ی رۆژنامه‌ی باس، كه‌ له‌ رۆژی 08/5/2012) ده‌رچووه‌ رایه‌گه‌یه‌نێت: ئه‌و له‌گه‌ڵ داخستنی گۆڤاره‌كه‌دا نییه‌.

ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی مامۆستای ناوبراو دوای ئه‌وه‌ دێت، كه‌ له‌گه‌ڵ چه‌ند مامۆستایه‌ك سه‌ردانی سه‌رۆكی حكومه‌تیان كرد‌و، یه‌ك له‌ داواكانیان داخستنی گۆڤاره‌كه‌ بوو، هه‌رچه‌نده‌ پێشتر گۆڤاره‌كه‌ داخرا بوو، به‌ڵام سه‌رۆكی حكومه‌تیش ته‌ئكیدی له‌سه‌ر هه‌مان شت كرده‌وه‌، ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ قسه‌كانی مامۆستا مه‌لا عه‌بدولخالیقی رووناكین ده‌رباره‌ی گۆڤاره‌كه‌، كه‌ گۆڤاره‌كه‌ نووسیه‌تی:

(مه‌لا عه‌بدولخالیقی روناكی بۆ (باس) جه‌ختی له‌سه‌ر هه‌ڵوێسته‌كانیان له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و جۆره‌ نووسینانه‌ كرده‌وه‌‌و، ئاماژه‌ی به‌وه‌دا له‌ ستافی گۆڤاری (چرپه‌) خۆش بوون، چونكه‌ هاتوونه‌ته‌ لایان‌و نیازی دڵی خۆیان روون كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ مه‌به‌ستیان ئه‌وه‌ نه‌بووه‌ كه‌ بابه‌تی ئه‌و گه‌نجه‌ زه‌ق بكه‌نه‌وه‌، هه‌روه‌ها داوای لێبووردن‌و ته‌وبه‌یان كردووه‌‌و ئه‌وانیش قبوڵیان كردووه‌.
گوتیشی: ئێمه‌ له‌ه‌ڵ داخستنی گۆڤاری چرپه‌دا نین‌و نامانه‌وێت ئازادیه‌كان له‌ كوردستان به‌رته‌سك بكرێنه‌وه‌، به‌ڵكو له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌داین كه‌ سنوورێك بۆ بیچرێزیكردن له‌ به‌رامبه‌ر به‌ ئایین‌و خودا له‌ كوردستان هه‌بێت‌و چیتر خه‌ڵكانێك ده‌ست بۆ پیرۆزییه‌كانی خه‌ڵك نه‌به‌ن.