لیژنه‌ی ئه‌وقاف پرۆژه‌یاسایه‌ك بۆ پاراستنی پیرۆزییه‌ ئاینییه‌كان پێشكه‌شی په‌رله‌مان ده‌كات

ئه‌مرۆ (9/5/2012) لیژنه‌ی‌ ئه‌وقاف وكاروباری ئایینی په‌رله‌مانی‌ كوردستان، پرۆژه‌ یاساییه‌ك بۆ پاراستنی‌ پیرۆزییه‌ ئاینیه‌كان ئاماده‌ ده‌كات و ره‌وانه‌ی‌ په‌رله‌مانی كوردستان ده‌كات.

سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئه‌وقاف وكاروباری ئایینی د.به‌شیر خه‌لیل به‌ كۆمه‌ڵ نیوزی رایگه‌یاند: كۆبوونه‌وه‌ی‌ ئه‌مرۆی لیژنه‌ی ئه‌وقاف وكاروباری ئایینی په‌رله‌مانی كوردستان خۆی له‌ 3 ته‌وه‌ر ده‌بینیه‌وه‌, له‌ته‌وه‌ری یه‌كه‌میان به‌دواداچوون بۆ داواكاریه‌كانی جه‌ماوه‌رو خۆپیشسانده‌رانی شاری هه‌ولێر كرا, دواتر ده‌ستگیركردنی مامۆستایانی ئایینی ئیدانه‌كرا, به‌تایبه‌تی د.محمد فه‌قێ, داواشمان كردووه‌ به‌ جددی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سانه‌ بكه‌ن كه‌ ئه‌و جۆره‌ كاره‌ سوكایه‌تی و لێدان و گرتنانه‌ به‌رامبه‌ر به‌ مامۆستایانی ئایینی ده‌كه‌ن. وتیشی: داوامان له‌ حكومه‌ت كردووه‌ به‌بێ به‌ڵگه‌و به‌هه‌ڕه‌مه‌كی هسچ كه‌سێك ده‌ستگیرنه‌كه‌ن.

سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئه‌وقاف وكاروباری ئایینی راشیگه‌یاند پاشان له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆكرا ده‌رباره‌ی ئاماده‌كردنی پرۆژه‌ یاسایه‌ك به‌ناوی “یاسای پاراستنی پیرۆزی ئایینیه‌كان” و گه‌ڵاڵه‌كردنی ئه‌و پرۆژه‌یه‌ به‌ مه‌به‌ستی دانانی سنورێك بۆ “سوكایه‌تیكردن وبێرێزی” به‌رامبه‌ر به‌پیرۆزی گشت ئایینه‌كان. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ گفتوگۆیه‌كی تێروته‌سه‌ڵه‌لی له‌باره‌وه‌ كراو ده‌نگی یاسایی په‌رله‌مانی به‌ ده‌ستهێناو ره‌وانه‌ی‌ په‌رله‌مانیش كراو هیوادارم په‌رله‌مان به‌زووترین كات بیخاته‌ به‌رنامه‌ی‌ كاریه‌وه‌.

ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شدا ئه‌و پرۆژه‌ یاسایه‌ له‌ 8 برگه‌ پێكدێت , له‌ گرنگترین بڕَگه‌كانی رێگریكردنه‌ به‌ سوكایه‌تیكردن به‌ خواو پێغه‌مبه‌ران و پیرۆزیه‌كانی خه‌ڵك له‌لایان هه‌ر كه‌س و لایه‌نێك.

د. بشیر خه‌لیل حه‌داد, وتیشی: دواتر له‌ په‌رله‌مان سزای ئه‌نجامده‌ر به‌ ماوه‌ی‌ ساڵی و بڕی غه‌رامه‌كردن به‌ پاره‌ دیاریده‌كرێت.