سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایان به‌یاوه‌ری شاندی خولی رۆشنبیری زانایان سه‌ردانی شێخی ئه‌زهه‌رو وه‌زیری ئه‌وقافی میسڕ ده‌كه‌ن


ئه‌میر گه‌ردی/میسر:
رۆژی سێشه‌ممه‌ 8\5\2012 به‌ڕێز مامۆستا مه‌لا عه‌بدوڵڵا مه‌لا سه‌عید گرتكی سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان‌و، شاندی خولی رۆشنبیری زانایانی ئایینی هه‌رێم له‌ زانكۆی ئه‌زهه‌ری شه‌ریف، له‌ باره‌گای سه‌ره‌كی مه‌شیه‌خه‌ی ئه‌زهه‌ر، سه‌ردانی به‌ڕێز شێخی ئه‌زهه‌ر دكتۆر أحمد ئه‌لته‌ییب‌و، به‌ڕێز وه‌زیری ئه‌وقافی میسڕیان كردو، به‌گه‌رمیه‌وه‌ له‌ لایه‌ن به‌ڕێزیانه‌وه‌ پێشوازیان لێكرا.

ئه‌مه‌و له‌ دیدارێكدا، وێڕای به‌خێرهێنانی شاندی زانایانی هه‌رێم، شێخی ئه‌زهه‌ر خۆشحاڵی خۆی به‌ سه‌ردانی شانده‌كه‌ نیشانداو، هیوای خواست كه‌ سوود له‌ خولی رۆشنبیری ناوبراو ببینن، هه‌روه‌ها پشتیوانی‌و هه‌ماهه‌نگی خۆی بۆ زانایان دوپاتكرده‌وه‌و،هیوای سه‌ركه‌وتن‌و به‌رده‌وامی بۆ خواستن.

له‌ به‌رامبه‌ریشدا به‌ڕێز سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایان، به‌ناوی سه‌رجه‌م زانایانه‌وه‌، سوپاسی خۆی ئاراسته‌ی هه‌ریه‌ك له‌ مه‌شیه‌خه‌ی ئه‌زهه‌رو، دامه‌زراوه‌ی جیهانی بۆ ده‌رچووانی ئه‌زهه‌ر كردو، هیوای خواست كه‌ كارو هه‌ماهه‌نگی هاوشێوه‌ به‌رده‌وام بێت.